فوئاد حسێن: عێراق هەوڵدەدات میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەچەک داماڵیت
دوێنێ
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان، لە گفتوگۆدایە بۆ داماڵینیان لە چەک و تێکەڵکردنیان بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق لە دوای گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، لەوانە لاوازبوونی حزبوڵای لوبنان و حەماس کە دوو گرووپی گەورەن کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات و هەروەها وەک ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا.
بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بەڕێوبەڕایەتی داهاتووی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەڵێنیان داوە کە گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی توندتر دەبنەوە.
بە سەرنجدان بە پەیوەندییە نزیکەکانی میلیشیا شیعەکانی عێراق لەگەڵ حکومەتی ئێران و گۆڕانکارییە بەربڵاوەکانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، بەشێک لە بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لە سەقامگیری سیاسی لەو وڵاتە.
بەڵام فوئاد حسێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ لەندەن ڕایگەیاند باوەڕی بەوە نییە کە زریانی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ڕوو لە عێراق بکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە دوو سێ ساڵ لەمەوبەر باسکردنی چەکداماڵینی گروپە میلیشیاکان لەو وڵاتە "مەحاڵ" بوو، بەڵام لە ئێستادا بوونی گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ئەو وڵاتە "قبووڵ ناکرێت".
فوئاد حسێن، بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان و گرووپەکان دەستیان بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپە میلیشیاکان کردووە لەسەر ئەم پرسە، هیوای خواست ئەو گرووپانە چەکەکانیان دابنێن و بچنە ناو هێزە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندییەوە.
ئەم لێدوانە وەڵامێکە لە بەغداوە بۆ قسەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە لە دیدارێکی لەگەڵ محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند ڕۆژ پێش ئێستا داوای بەهێزکردنی گرووپی میلیشیای شیعەی حەشدی شەعبی کرد.
خامنەیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی وتبوو "حەشدی شەعبی یەکێکە لەو پێکهاتە گرنگانەی دەسەڵات لە عێراقدا کە دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزتر بکرێت".
حەشدی شەعبی یەکێک لەو گروپانەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەیوەندی بەغدا لەگەڵ واشنتن لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا وتی "هیوادارام پەیوەندییە باشەکانی ئێستا بەردەوام بن"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد هێشتا زووە پێشبینی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بەرامبەر عێراق یان حکومەتی ئێران بکرێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەو وڵاتە وەک ناوبژیوانێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ئێران و عەرەبستان، وتی "وڵاتەکەی ئامادەیە ڕۆڵێکی هاوشێوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتن بگێڕێت."