کۆبوونەوەکەی مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی بەرهەمی هەوڵ و پلان و تێکۆشانی کێیە؟

تاریق فاتیح

5 مانگ لەمەوپێش



لە سەرەتای گۆڕانکارییەکانی سووریا لاهور شێخ جەنگی لە بەیاننامەیەکدا مەرترسی قۆناغی ئێستای خستەروو و داوای یەکگرتوویی نێو ماڵی کوردی دەکرد.

کۆمەک و هاوکاریی سەربازی ئێستا بۆ رۆژئاوای کوردستان درێژکراوەی ئەو هاوکاریەیە کە لەشەڕی داعشدا بە پلان و بەرنامەی لاهور شێخ جەنگی بۆ کوردانی رۆژئاوا دەستەبەرکرا.

تاریق فاتیح

کۆبوونەوەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەزڵوم عەبدی فەرماندی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بۆ قۆناغ و هەلومەرجی ئێستای کوردستان و ناوچەکە گرنگی و بایەخی زۆری هەیە و وەڵامدانەوەیەکە  بە داواکاری و داخوازییەکان بۆ یەکگرتوویی و رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد لەبەرامبەر پێشهات و گۆڕانکاری و  مەترسییە دەرەکیەکان؛ کە بوونەتە هەڕەشەی جدی نەک بە تەنها بۆ سەر خاکی کوردستان بەڵکو بۆ سەر مان و نەمانی میللەتی کورد و پرسە ڕەواکەی.

ئەو دیدارەی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی کە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت لە یەکخستنەوەی هەڵوێستەکان لەسەر داخوازییەکان و زۆر کەسیش دەڵێن بە فشاری ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا هاتووەتەوە بەرهەم و لەسەر داوای لاهور شێخ جەنگی بووە لەو وڵاتانە، کە لە میانی سەردان و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار بە تایبەت لە ئەمریکا و بەریتانیا، کاری جدی بۆ ئەو پرسە ئەنجام داوە.

هەنگاو و داخوازی و پلانەکانی لاهور شێخ جەنگی بۆ یەکگرتوویی نێو ماڵی کورد لە بەرامبەر مەترسییە دەرەکییەکان، مێژویەکی دوور و درێژی هەیە، تەنانەت پێش وەرگرتنی پۆستی هاوسەرۆکی لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەتایبەت لە شەڕی داعش و بەرگری لە شاری هەولێر و دواتر بە بەشداری کاریگەری گەریلا و هێزی دژەتیرۆر لە بەرگریکردن لە شارۆچکەی مەخمور و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش.

سەرباری هەوڵەکانی لاهور شێخ جەنگی لە ناردنی چەک و تەقەمەنی و هاوکاری سەربازی بۆ رۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، لە قایلکردنی هاوپەیمانان و دابینکردنی هاوکارییەوە تا دەگات بە رەوانەکردنی یەکەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شاری کۆبانی و هاوکاریکردنی شەڕڤانان لە بەرگری لەو شارەدا دەگرێتەوە؛ کە دواتر بووە سمبولی خەبات و تێکۆشان و ناو و ناوبانگی سەرتاسەری جیهانی گرتەوە.

دەرحەق بە هاوکارییەکانیش بۆ رۆژئاوای کوردستان، مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێدا بە روونی ئاماژە بە رۆڵی بەرچاوی لاهور شێخ جەنگی دەدات و دەڵێت لەبەرامبەر هاوکاریەکانی سوپاسی شێخ لاهورمان کردووە.

لە سەرەتای گۆڕانکاریەکانی سووریاش، لاهور شێخ جەنگی لە بەیاننامەیەکی دورودرێژدا نەخشەرێگای قۆناغی نوێی خستەروو داوای یەکگرتوویی نێوماڵی کوردی دەکرد و پلانی پاراستنی دەستکەوتەکانی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان دارشتبوو.

کۆی بەرنامە و پلانەکانیش لە رابردودا، هۆکاربوون بۆ دژایەتی توندی لاهور شێخ جەنگی لەلایەن ئەنقەرە و تارانەوە، بە تایبەت لە دیزاینکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، وەک هەوڵێک بۆ سنوردارکردنی پێگەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر ڕەوتی روداوەکان، بەڵام وەک لە واقیعدا دیارە هەوڵ و هەڵوێست و بەرگری لە نیشتمان بە ژمارەی کورسی ناپێورێت؛ بەڵکو هەوڵدان بۆ گۆڕینی رەورەوەی مێژوو و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و یەکگرتویی لەبەرامبەر مەترسییە دەرەکییەکاندا سەنگی مەحەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار