لە باشوورەوە بۆ ڕۆژئاوا؛ گۆڕانی سەنتەری هێز لە كوردستان

د. كامەران مەنتك

3 ڕۆژ لەمەوپێش



د. كامەران مەنتك

(تێبینی: ئەم بابەتە زنجیرە وتارێكە دەربارەی گۆڕانی سەنتەری هاوسەنگی هێز لە كوردستان و خوێندنەوەیەكە بۆ ئەو گۆرانكارییانەی لە ناوچەكە روودەدەن، پێویستە بە شێنەیی بیخوێنیتەوە و لە بڕیاردان پەلەنەكەی، تا زنجیرەكە تەواو دەبێت، ئەگەر هەر سەرنجیك و پێشنیارێكت هەبێت، بەسوپاسەوە وەردەگیرێت)

بەشی یەكەم

گۆڕانكارییەكان لە هاوسەنگی هێزی جیهانی لە قۆناغێكی زۆر هەستیار و مەترسیداردایە، ئەو شەڕە راگەیاندنەی دەكرێت، بۆتە هۆی ئەوەی زۆرینەی خوێندنەوەكان بۆ ئەو دۆخە نوێیە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە ناتەندروستانە بێت، كە وەك بەشێك لە شەڕ و فریودان و بەلاڕێدابردنی خەڵك بەكاردەهێنرێت، ئەمە وایكردووە جۆرە فەوزایەك دروست بێت، گەڕەولاژەیەكی سیاسی و هزری وا بێتە بەرهەم، كاریگەرییەكی ترسناكی لەسەر شێوازی بیرركردنەوە و پڕۆسەی بڕیاردان هەبێت، ئەوەی وایكردووە ئەو دۆخە زیاتر ئاڵۆزبێت، ئەو سوپا لە دەستەبژێرە ساختەیەیە، كە وەكو فابریكەیەكی ژەنگاوی رۆژانە هەواڵ و شیكردنەوەی ناڕاست بڵاو دەكەنەوە و زیاتر سەر لە خەڵك دەشێوێنن و راستییەكان دیزە بەدەرخوونە دەكەن، بەڵام جارێكی تر، وەك هەموو نووسینەكانی تر جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە ئەگەر بمانەوێت لەو گۆڕانكارییانە تێبگەین و پێگەی كوردستان لە دوو توێی ئەو ململانێ جیهانی و هەرێمییەدا دەست نیشان بكەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جیوستراتیژیا و خودی ئەو جوڵانەوانەی لەلایەن كەسایەتییە واتاییە نێودەوڵەتییەكانەوە، واتە ئەو یاریزانانەی لەسەر تەختەی جیهانی و هەرێمیدا كاردەكەن، نەك ئەو لێدوان و بەیاننامە و شیكردنەوانەی دەكرێن و بڵاو دەكرێنەوە، ئەمە یارمەتیمان دەدات زیاتر و واقعیانەتر لە رووداوەكان تێبگەین و هەڵوەستەیان لەسەر بكەین.

لەو روانگەیەوە، ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای كوردستان بكەین، ئەو دیمەنە جیۆستراتیژییەمان دەكەوێتە بەرچاو، کە گۆڕانکارییەکان لە دووبەشی باشوور چڕ بۆتەوە, باشوورى ناوەڕاست, واتە هەرێمى کوردستان و باشوورى رۆژئاوا, واتە رۆژئاواى کوردستان, لە باشوورەوە، مەبەستم لە باشووری جوگرافیای كوردستانی گەورەیە، كە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە، تاوەكو دەگاتە سەر كەنداو، بەشێوەیەكی فەرمی و دانپیانراو لەژێر چەتری سێ دەوڵەتی جیاوازدا دەژی، رۆژهەڵات لەژێر دەستی ئێراندایە، باشووری ناوەڕاست لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراق و باشووری رۆژئاواش لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادایە. بەشی باشووری رۆژهەڵات، وەكو هەموو قۆناغە چارەنووس ئامێزە گەورەكانی سەدەی بیستەم، لاتەریك كراوە، بۆ نمونە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەمدا، لەبەرئەوەی ئێران بەشێوەیەكی فەرمی نەچووە ناو جەنگەوە، ئەگەرچی بووە گۆڕەپانی سەرەكی جەنگ، بەتایبەتی لە جەنگی یەكەمدا، بۆیە لە ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكاندا باسی ئەو پارچەیە ناكرێت، بۆ نمونە لە پەیماننامەی سیڤەرو لۆزاندا  بەهیچ شێوەیەك باسی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكراوە، لە جەنگی دووەمدا ئەگەرچی تا رادەیەك قەوارەیەكی سیاسی لە مهاباد دروست بوو، بەڵام لە ساڵێك زیاتر نەیتوانی بژی و نەخشەی سیاسی دوای جەنگی یەكەم جارێكی تر خۆی فەرزكردەوە و مەسەلەی سەروەری بۆ دەوڵەتان گەڕایەوە ناو فەرهەنگی سیاسی و ئەو دەوڵەتە ناوەندیانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكرا جارێكی تر بەهێز كرانەوە.

هەرچی هەرێمی كوردستانە، لەدوای جەنگی یەكەمەوە خراوەتەوە نێو هاوسەنگییەكی هێزی زۆر ئاڵۆزەوە و بەردەوام بەسەنتەر كراوە بۆ ئەو بزووتنەوە رزگاریخوازییە ساختەیەی، كە لەو بەشەدا گوزەراوە، بۆیە تا بەكۆتا هاتنی شەڕی ساردیش، ئەو بەشە سەقامگیرییەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی و هەمیشە وەك ناوچەیەكی تامپۆنی لەلایەن، هەردوو جەمسەری سیستەمی جیهانییەوە بەكاردەهات، لەهەموو حالەتەكاندا باشوور بووە ئەو بنكەیەی، كە ئیدارەی بزووتنەوەی كورد بكات، وەك لە مێژووی مەدرەسی و باوى كورد نووسراوە، لەبەرئەوەی وەك دواتر دەركەوت، ئەو بەشە نەك سەركردایەتی بزووتنەوەی كوردی نەكرد، بەڵكو بووە ئامڕازێك بۆ لێدانی خەونی کورد لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان. هەرچی رۆئاوای كوردستانە، لەدوای جەنگی یەكەمەوە لە چوارچێوەی سوریادا نەك هەر سەركوت و تیرۆر كرا، بگرە مافی مرۆڤبوون و هاوڵاتیبوونیشی پێ رەوا نەدەبینرا، تاوەكو ساڵی (2011) كاتێك ئەو جوڵانەوەیەی پێی دەگوترا بەهاری عەرەبی گەیشتە سوریا و دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد رەخسا، لەو بەشەدا کورد لەماوەی سێ ساڵدا (2011-2014)توانی هێزەكانی خۆی زۆر بە باشی ڕێكبخاتەوە و هەوڵی بەیەكەوە گریدانەوەی ناوچە پچراوەكانی بەو بەشەوە بدات و جۆرێك لە حوكمی خۆجێیی دابمەزرێنێت، كە نمونەیەكی نوێ بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خستنەڕووی چارەسەری هزری كوردی بوو بۆ كێشەی كورد نەك هەر لەو وڵاتە، بەڵكو بۆ بەشەكانی تری كوردستانیش!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار