هیوای هه‌ره‌ باڵا: یه‌كڕیزی و پێشكه‌وتنی كورده‌

دكتۆر صه‌باحی غالیب

3 ڕۆژ لەمەوپێش



دكتۆر صه‌باحی غالیب

     بانگهێشت و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ جه‌نابی كاك مه‌زڵوم عه‌بدی، بۆ هه‌موو كوردێكی دڵسۆز له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن، كارێكی هه‌تا بڵێی مژده‌به‌خش و به‌رچاوڕوونییه. ئه‌مه‌ به‌رهه‌می لێكدانه‌وه‌ و نه‌خشه و په‌رۆشییه‌ بۆ دواڕۆژێكی گه‌شتر له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان. له‌ مێژووی قۆناغه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیماندا، له‌ ناته‌بایی و په‌رته‌وازه‌یی سه‌ردارانی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ گشتی و هه‌ر پارچه‌یه‌كیش به‌ تایبه‌تی، باجی گه‌لێك گه‌وره‌مان داوه‌، بێ گومان، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی نه‌گه‌یشتن به‌ ئامانج و تێكشكانی بزووتنه‌وه‌ سیاسی و چه‌كدارییه‌كانی كورد، نه‌بوونی یه‌كده‌سته‌یی و هاوكاری و پشتیوانی ناوخۆ بووه‌، نه‌بوونی پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن و قه‌بوڵنه‌كردنی نێوان سه‌ردارانمان بووه‌.

     حه‌قیقه‌تێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، گه‌لێك قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ست و زۆرێك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی كورد چ له‌ به‌غدا یا له‌ هه‌ولێر وه‌ك نه‌ریت و باویان لێكردووه‌ كه‌ به‌رده‌وام هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب، ئه‌م كه‌سایه‌تی و ئه‌و كه‌سایه‌تی، خه‌ریكی بنكۆڵكردنی هه‌موو جوانییه‌كی ناو خه‌ڵكن، بێ به‌ڵگه‌ و بێ ڕاستی هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی به ‌ڕه‌خنەگرتنی توندڕه‌وانه‌ و ڕوخان له‌ دژی یه‌كگرتوویی هه‌موو شتێكی كورد و حكومه‌تی هه‌رێم بن، زۆر نووسینی له‌سه‌ر دڵ قورس هه‌ن، بێ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی سیاسی و تێگه‌یشتن له‌ هاوكێشه‌كان، به‌رده‌وام دووباره‌ و دووباره‌ ده‌بنه‌وه، به‌ ڕه‌شبینی و بۆ به‌ تاریكی ڕوانین و خه‌ڵك خستنه‌ سه‌ر ڕق و توڕه‌یی، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نووسه‌ره‌كان خۆشیان نییه‌، به‌ قازانجی خه‌ڵكیش ناگه‌ڕێته‌وه، هه‌موو خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێك به‌رده‌وام ده‌بێ بزانێ كه‌ كاری نووسین و هزر و ڕاگه‌یاندن و چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌رییه‌كان، هه‌ڵنانی شته‌ جوانه‌كان و لایه‌نه‌ دڵخۆشكه‌ره‌كانه‌، حه‌تمه‌ن ڕه‌خنه‌ و گله‌ییش خۆی له‌ خۆیدا به‌شێكه‌ له‌ بنیادنان و ‌‌هه‌نگاونان بۆ پێشه‌وه‌ نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه، به‌ڵام مخابن، له‌ناو زۆرینه‌ی نووسه‌رانی وتار و میدیاكاراندا، شتێك به‌ ناوی هێڵی سوور نه‌ماوه‌، هه‌موو په‌رژینێكیش‌ شكاوه‌.

     ئه‌وه‌ی ده‌مێكه‌ ده‌وترێ و ده‌وترێته‌وه‌، كاركردنه‌ له‌سه‌ر ترازاندن، یه‌كدی دزین، ناڕاستی دروستكردن، به‌گژداچوونه‌وه‌ی یه‌ك ده‌نگی. چه‌ندان مانگه‌ ده‌یان كه‌س به‌ناوی چاودێری سیاسی، شاره‌زا و لێزان، ئابوریی زان، ڕۆژنامه‌نووس و لێكۆڵه‌ره‌وه‌، ئه‌ندام په‌رله‌مانی پێشووتر و ئێستا، سه‌باره‌ت به‌ مافی مووچه‌ و بوجه‌، به‌ گشتی هه‌موو هه‌وڵێكیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بشكێنن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ستایشی به‌غدا و ده‌زگاكانی بكه‌ن، تێكڕا عێڕاق به‌ حه‌قدار و هه‌رێم به‌ ناحه‌ق بزانن، تا خواڕاسان دوو ئه‌ندام په‌رله‌مان (هه‌ر دوو خاتوو سروه‌ عه‌بدولواحید و نه‌رمین مه‌عروف) په‌رده‌یان له‌سه‌ر مه‌غدوریه‌تی هه‌رێم و كه‌م ناردنی موچه‌یان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ ڕاگه‌یاند، له‌ كاتێكدا، موچه‌ به‌شێكه‌ له‌ به‌شه‌ بوجه‌ی گشتی هه‌رێم كه‌ به‌ له‌ سه‌دا دوانزده‌ و نیو قه‌بڵێنرا و قه‌بوڵكراوه، به‌ڵام حكومه‌تی به‌غدا ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو ناگرێ‌.

     بابه‌تێكی دیكه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و ئه‌م ته‌له‌فزیۆن و  ئه‌و به‌رنامه‌ كه‌سییانه‌، زۆریان له‌سه‌ر وت و گه‌لێكیان له‌سه‌ر نووسی و زۆرتریان لێكدایه‌وه‌، به‌ زۆر ده‌رخستنی ناكۆكی و بێ په‌رۆشی به‌رپرسیارانی هه‌رێم بوو‌ به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی به‌شه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی دیكه‌ی نیشتمان یا ڕۆژئاوای كوردستان، ئێستا به‌ میوانداری و سه‌ربه‌یه‌كه‌وه‌نانی سه‌ردارانی ئه‌م دوو به‌شه‌ی كوردستان، چاوی ڕه‌شی خۆزگه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌یان له‌سه‌ر ناته‌بایی و دوژمنایه‌تی ئه‌م دیو و ئه‌و دیو بوو، كاڵ بوونه‌وه‌.

     مێژوو، بیر و ڕووداوه‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ و به‌یانییه‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌، مرۆڤ بزوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ و سه‌ره‌كی مێژووه‌، مێژووی دوێنێ بۆ په‌ند وه‌رگرتن و فێربوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌مڕۆدا سه‌رمایه‌گوزاری پێبكرێ بۆ دامه‌زرانی سبه‌ینێیه‌كی گه‌شتر و پێشكه‌وتووتر، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا بۆ خه‌ڵكی كورد زۆر گرنگه، خۆئاماده‌كردن و ته‌گبیركردن و یه‌ك ڕێزی و پێكه‌وه‌ كاركردنی سه‌ردارانی كورده‌ له‌ هه‌ر به‌شێك و له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا، ئه‌مڕۆ هه‌رێم و ڕۆژئاوا دوو قیبله‌گای هه‌موو كوردێكه‌، چوار ڕۆژی دیكه‌ش نۆره‌ی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتیش دێ و هه‌ر ده‌بێ و هه‌ر ده‌بێ نانمان به‌ ڕۆن بگا.‌

      وه‌ك كوردێك ته‌واوی هیوام بۆ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ردارانی كورد بتوانن به‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌ سیاسی و حیزبی و تایبه‌تییه‌كانیاندا زاڵ بن، له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ پێكه‌وه‌ بتوانن نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی یه‌كێتی كورد و یه‌كێتی چاره‌نووس دیاریی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بگه‌ینه‌ ئامانجی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ش به‌ ئه‌هلی ئیراده‌ و هیممه‌تی دابڕاو بۆ دۆزی كورد به‌دی دێن، به‌و شێوه‌یه‌، قه‌دری نیشتمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و پێناسه‌ی كه‌سێتی مرۆڤی كورد به‌ مه‌زنی ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌.

 

                                                     

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار