ئۆبامایزم مرد … ترەمپیزم ژیا

محمد خۆشناو

3 ڕۆژ لەمەوپێش



محمد خۆشناو

ئەوە زیاتر لە پانزە ساڵ دەبێت دیاردەی باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ و ئەم چەند ساڵەش « ئیلیۆن ماسک - ماسکیزم »  کە خۆی لە پتەوکردنی « فاشیزمی تەکنۆلۆژیایی»دا دەبینێتەوە؛ بۆتە جێگەی مشتەومڕ و هزر و بۆچون و ئاراستەکانیان جێگەی گفتوگۆ و ناکۆکی و کێشەی تووند بووە. «ئۆباما» و «ترەمپ» دوو ڕوئیای دژ بەیەکیان سەبارەت بە وڵاتەیەکگرتووەکان و جیهان هەیە، ئۆباما، ترەمپ بەوە دەبینێت کە هاودژی ئەوشتانەیە کە ئەمەریکای ڕاستەقینە لەسەری وەستاوە، بەڵام ترەمپ بە بۆچوونی ڕەگەزپەرستیی دەڵێت: ئۆباما لەسەر خاکی ئەمەریکا لەدایک نەبووە و گومان هەیە کە ئەو مەسیحی بێت و ناوە تەواوەکەی باراک حسین ئۆبامایە، جگەلەوەش هەردووکیان دیدگای سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری-یان جیاوازە، ئۆباما پێی وایە کە کۆمەڵگەی ئەمەریکی دابەش نەبووە و ئەوەی وادەڵێت تووشی وەهم بووە، ترەمپ بە پێچەوانەوە،  کاتەکەی خۆی بۆ ئەو هزرە تۆباویانە بەسەرنەبرد و ئەو وەهمەشی نیە کە دابەشبوون هەیە، بەڵکو هەوڵی زیادکردنی دابەشبوون دەدات و هەمیشە قسەی بە نەیارەکانی خۆی بە «ئەوان» دەکرد. ئۆباما دەیگووت «ئێمە» واتە پاڵپشتیکار و ئۆپۆزۆسیۆن، «ئەوان»ی ترمپ واتە زۆرن ئەوانەی دژایەتی دەکەن، نەیارە دیموکراسیەکان، نوخبەی فکری و سیاسی، ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری، کۆچبەران و ئیسلامی تووندڕەو و چین و هی تریش، ئۆباما بڕوای وایە کە هێز لەسەر یەکگرتن وەستاوە، بەڵام ترەمپ هێز لەمیانی دابەشبووندا دەبینێت، لە سیاسەتی دەرەوەدا ترمپ نزیکە لە واقع، بەڵام ئۆباما زیاتر خەون و خەیاڵ، ئۆباما بڕوای بە بەکارهێنانی هێزی نەرم لەجیاتی عەزەڵات هەبوو، ئەوەبوو شۆڕشی «بەهاری عەرەبی» لەڕێگەی ئیخوان موسلیمینەوە هەڵگیرساند و پشتگیری ئێران-ی کرد وەک یاریکەرێکی ئیقلیمی و عێراق-ی تەسلیم کرد و چاوپۆشیشی لەوەکرد کە هەژموونی بەسەر غەززە و لوبنان و سوریا و یەمەن دا هەبێت، بە ئامانجی چارەسەرکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، بەڵام هەموو بینیمان ناوچەکەی تووشی چ کارەساتێک و بوومەلەرزە و ماڵوێرانی کرد ، بەڵام کە ترەمپ هاتە دەسەڵات، ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی هەڵوەشاندەوە و بڕواشناکەم  ئەمجارە لێگەڕێت کێشەی ئەتۆمی ئێران و جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا ئەوها بمینێت، ئۆباما بڕوای بە هزری لیبڕال و ژیانی نوێ و کۆمەڵگەی ئازاد و پیرۆزکردنی بازاڕ بوو، بەڵام ترەمپ دروشمی «یەکەم ئەمەریکا» و «گەڕاندنەوی مەزنایەتی ئەمەریکا» و سەفەقات و  پۆپۆلیستیەکەی کە توانای سەرنجی هەوادارانی هەتا لەدەرەوەی پارتی کۆماری ڕاکێشێت و جگە لەوەش ترەمپ کەسێک بوو کە توانی نزیک بکەوێتەوە لە چینی کرێکار و زمانی شەقام و زاڵیان بکات بەسەر نوخبەی لیبڕالی گۆشەگیردا لە بزاڤی جەماوەرییدا، ترمپ توانی لووتبەرزی ئۆباما بەسەر ئەوانەی تر بۆ پڕۆژەی تێکدانی وڵاتان ڕابگرێت و ئیعلانی مردنی کۆترۆڵبوونی لیبڕالیەتی ئەمەریکی بەسەر ژیان و کۆمەڵگە و دەوڵەتدا کرد و توانی فەشەلی سیاسیە تەقلیدیەکانی ئەمەریکا بچەسپێنێت و خۆی وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی نەک سیاسی پێشان بدات؛ بەو پێیەی کە سیاسیەکان ئەو کەسانەن کە زۆرترین بێزارکەرن بۆ هاوڵاتی ئەوانەی نەیانتوانی باش ئیدارەی حوکم بکەن، ترەمپیزم لە بنچینەدا لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا بوونی هەبووە و لە سیاسەتیشدا ڕەنگی داوەتەوە و دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ کە «ترامپۆفۆبیا-ترس لە ترەمپ»ی لەگەڵ خۆی هێناوە و ئۆبامایزم-یش دەبێتە ڕابردوو .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار