کورد و ئەمازیغ، هاوسۆزیی و هاوخەباتیی؛ (دڵخۆشبوونەکەی "ڕیم بوقەمەرە"وەک نموونە)

ئازاد شکور

2 ڕۆژ لەمەوپێش



ئازاد شکور

 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕیم بوقەمەرە پێشکەشکاری دیاری کەناڵی ئاسمانی ئەلعەرەبییە لەکاتی پێشکەشکردنی بەرنامەیەکیدا و دوای ئەوەی یەکێک لە میوانەکانی باس لە چوونی "مەزڵوم کۆبانی" دەکات بۆ نێو کۆشکی سپی بەهۆی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترمپەوە وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بە پێکەنین و شۆکێکەوە کە خۆشحاڵی زۆری پێوە دیارە پرسیاری دروستبوونی زانیارییەکە لە میوانەکانی دەکات، پرسیارە جەوهەریەکەش ئەوەیە ئایا هۆکاری پشت ئەو دڵخۆشییە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە پێوستمان بە زانینی ڕەچەڵەکی ئەم خاتوونە پێشکەشکارە هەیە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو دڵخۆشییەوە هەیە، بوقەمەرە بە ڕەچەڵەک سەر بە نەتەوەوەی ئەمازیغیەکانە و خەڵکی تونسە.

ئەمازیغیەکان کێن و پەیوەندیان بەکوردەوە چییە؟

ئەمازیغیەکان بە یەکێک لەکۆنترین نەتەوەکانی ئەفریقا دادەنرێن، خاوەنی کلتور و فەرهەنگ و زمانی تایبەت بەخۆیانن و نەتەوەیەکی سەربەخۆن. مێژووی ئەم گەلە مێژووی بەرخۆدان و قارەمانێتیە و تەژییە لە ئازایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرداری. جارێک بەرامبەر بە داگیرکاری فەرەنسی و جارێکی تر بەرامبەر ستەمی عەرەبەکان، بۆ نموونە: لە ساڵانی ژێردەستەیی جەزائیرییەکاندا، هەرچەندە ئەمازیغیەکان هاوشانی عەرەبەکان، لە جەزائیر دژی داگیرکاری فەرەنسیەکان جەنگان و توانیان کۆتایی بە دەسەڵاتی داگیرکارە فەرەنسیەکان بهێنن و لە وڵات دەریان بپەڕێنن، بەڵام ئەم بەرهەڵستکاریەی ئەمازیغیەکان نەک نەبووە هۆی بەدەستهێنانی مافەکانیان، بەڵکو ڕوبەڕوی سیاسەتێکی شۆفینیانەی  بەعەرەب کردن بوونەوە و هەڕەشەی لێسەندنەوەی ناسنامەیان لێکرا.

 ئەمازیغیەکان لە دوای فەتحی ئیسلام لەسەدەی 8ی زاینی موسڵمان بوون، تارق بن زیاد و عەباسی کوڕی فرناس و ابن بەتوتە، دیارترین کەسایەتیە مێژووییەکانی ئەم گەلە دێرینەن، هەر لە کۆنەوە ئەم گەلە کێشەی زمان و نەتەوەیان لەگەڵ عەرەبەکاندا هەبوو، بۆ نموونە: دوای سەربەخۆ بوونی جەزائیر، حکومەتی جەزائیر دانی نەنا بە ڕەگەز و زمانی ئەمازیغیەکاندا و بە زۆر شێواز دەیچەوساندنەوە، ئەمەش ببووە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتی ئەمازیغیەکان و دەنگ هەڵبڕینیان دژی ئەو چەوساندنەوەیە و بەرگری کردن لە خۆیان وەک گەلێکی ڕەسەنی ئەفریقا، ئەوان چەوساندنەوەکەیان وەک بەشێک لەسڕینەوەی کلتور و زمانیان لێکدەدایەوە.

 دوای کێشمەکێشم و بەرهەڵستییەکی  زۆر هەریەک لەوڵاتانی مەغریب و جەزائیر دانیان بەزمان و شوناسی ئەمازیغیەکان  نا و دۆزی ئەمازیغیەکان لە دۆزێکی ناوچەییەوە گۆڕدرا بۆ دۆزێکی جیهانی، تەنانەت لە هەندێک قۆناغدا  وەک کارتێکی فشار بەدەست وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆ دژایەتی وڵاتانی ئەفریقی بەکاردەهێنرا و پاڵپشتی دەرەکی دەیپاراستن. ئەمازیغیەکان لە ڕووی کلتوور و داب و نەریتەوە تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی کوردن و ئەوانیش هاوشێوەی کورد دابەشی سەر چەند وڵاتێکی دراوسێ کراون، کە بریتین لە: (تونس و جەزائیر و مەغریب و نەیچیر و بۆرکینا فاسۆ) هاوشێوەی کوردیش وڵاتانی ئەفریقی و عەرەبی نکوڵی له بونیان دەکات، زۆر تێکەڵاویان لەگەڵ کورددا هەیە، بە خۆیانیان دەزانن و کوردیان خۆش دەوێت و هاوسۆزن لەگەڵ کورددا، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ بەریەککەوتنی هەردوولایان بە یەک دوژمنی هاوبەش دەگەڕێتەوە یان ئەوانیش وەکو کوردان میلەتێکی ژێردەستەن، هەروەها هاوبەشبوونی دۆزەکانیان، کە هەردووکیان کێشەی زمان و بوونیان هەیە. بۆیە دەتوانیین بڵێین ئەمانە فاکتەری پشت دڵخۆش بوونەکەی ڕیم بوقەمەرە بوون، وەک هاتنە پێشەوەی دەرفەتێک کە ڕووی لە کوردان کردووە، بۆ دەسڕاگەیشتنیان بە مافە ڕەواکانی خۆیان و سەلماندنی بوونی کوردان کە سەدەها ساڵە بێ شوناسن و وەک بوونێکی نکۆڵی لێکراو لێیان دەڕوانرێت، ئەم دڵخۆشبوونە ئاماژەیەکی ڕوونیشە بۆ ئەو هەستە هاوبەشەی لە نێوان قوربانییەکانی ئەم جیهانە نادادپەروەرەدا هەیە، وەک چۆن ستەمکارەکانی ئەم جیهانە لە زۆر ساتدا دەگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر و دڵیان بۆ یەکتر لێ ئەدات، ئاوهایش قوربانیەکان پێویستیان بەوەیە هاوسۆزی و پشتگیری یەکتری لە نێوانیاندا هەبێت، تا ئەو ڕادەی سەرکەوتنی هەر قوربانیەکی تر بە سەرکەوتنی خۆیان بزانن و خۆیانی تێدا ببیننەوە و لە شکست و ئازارەکانیشیاندا هاوغەم و پشتیوان و پاڵپشتکاری یەکتر بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار