تەواوی فەرمانگەكانی مەركەزیی لە رۆژئاوای كوردستان پەكیان كەوتووە

سەرتیپ جەوهەر

2 ڕۆژ لەمەوپێش



موچەی فەرمانبەرێكی دیمەشق كەمتر لە 25 دۆلارە، هەر سەربازێكیش كەمتر لە 10 دۆلار

هەر خێزانێكی سوریا مانگانە لایەنیكەم زیاتر لە 150 دۆلاری پێویستە، كەچی هەیە 25 دۆلار موچەكەیەتی

 

سەرتیپ جەوهەر

تا ئێستا دۆخی رۆژئاوای كوردستان روون نییە. هیچ گفتوگۆیەك لە نێوان رێڤەبەری خۆسەر و دیمەشقدا نییە و دووری نێوانیان زۆر زیاترە لەوەی باسی لێوەدەكرێت. پێدەچێت ئەم دۆخەی ئێستا درێژە بكێشێت و بەمزوانە چارەنوسی ئەو ناوچەیە یەكلایی نەبێتەوە.

لەدوای رووخانی رژێمەكەی ئەسەد زۆربەی جومگەكانی حوكمڕانیی لە سوریا پەكیان كەوتووە. خزمەتگوزارییەكان لە خراپترین دۆخدان. محەمەد جۆلانیی حاكمی نوێی دیمەشق، هەموو پەیوەندییەكی لەگەڵ تەواوی جومگەكانی حوكمڕانیی و فەرمانگەكانی دەوڵەت لە رۆژئاوای كوردستان پچڕاندووە. واتە هیچ دامودەزگایەكی دەوڵەت لە رۆژئاوای كوردستان كارناكات و ئەمەش بۆشایی و كاریگەرییەكی گەورەی جێهێشتووە، بەڵام فەرمانگەكانی رێڤەبەری كاری خۆیان دەكەن.

دەوام و كاركردن لە هەموو خوێندنگا و فەرمانگەكانی تەندروستیی و تەواوی فەرمانگەكانی دیكە وەستاوە و هیچ بەرچاوڕوونیەك نییە لەبارەیانەوە، بەڵام فەرمانگە و یەكە ئیدارییەكانی سەر بە رێڤەبەری خۆسەر كە جیاوازە لەفەرمانگەكانی دەوڵەتی مەركەزیی كاردەكەن. واتە خوێندنگا و نەخۆشخانە و یەكە ئیدارییەكانی سەر بە رێڤەبەری دەوامی خۆیان دەكەن.

دۆخی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان كەمێك ئاڵۆزە، چونكە دوو ئیدارە و دوو ناوەندی ئیداریی هەیە. یەكێكیان یەكە ئیدارییەكانی دەوڵەتی پێدەگوترێت كە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بەدیمەشقن و موچە و پێداویستی كاركردنیان لەوێ بۆ دابین دەكرێت، ئەویدیكەیان یەكە ئیدارییەكانی سەربە رێڤەبەری خۆسەرە كە موچە و پێداویستیەكانیان لەلایەن رێڤەبەری خۆسەر دابیندەكرێت.

لەوێ‌ دوو دادگاو دوو پەروەردەو دوو فەرمانگەی تەندروستیی و دوو شارەوانیی  هەیە. یەكێكیان سەر بە رێڤەبەری خۆسەرە و ئەویدیكەشیان سەر بەحكومەتی ناوەندە. هەریەكەیان موچە و شێوەی ئیشكردنیان تەواو جیاوازە.

بەپێی لێدوانی رەسمیی نزیكەی یەك ملیۆن و 300 هەزار فەرمانبەر لە سوریا هەیە كە دەكاتە 30% هێزی كاری ئەو وڵاتە. لەو ژمارەیە روون نییە چەند فەرمانبەری حكومەتی ناوەند لە رۆژهەڵاتی فورات و ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیمەكرات هەیە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوان كە لەنێوان 4.5 بۆ 4.8 ملیۆن كەس دەبێت؛ دەردەكەوێت نزیكەی 250 هەزار فەرمانبەری حكومەتی ناوەند لە رۆژئاوای كوردستان هەیە.

لە بەرامبەر ئەو ژمارەیەی فەرمانبەرانی حكومەتی ناوەند، ئێستا نزیكەی 135 هەزار كارمەند و كرێكاری رێڤەبەری خۆسەر هەیە، ئەمە جگە لەهێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە ئەمنیەكانی دیكە كە كۆی ئەو هێزانە بەپێی سەرچاوەی ناڕەسمیی دەگاتە نزیكەی 150 هەزار چەكدار.

بەر لەرووخانی رژێمی ئەسەد نرخی لیرەی سوریا بۆ یەك دۆلار 14500 لیرە بوو، بەڵام لەدوای رووخانی رژێمی سوریا لیرەی سوریا كەمێك بەرزبۆتەوە ئێستا یەك دۆلار بەرامبەر 11500بۆ 12000 لیرەی سوریایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستە، بەرزترین موچەی فەرمانبەرێكی دەوڵەت لە سوریا كە ئێستا لیرەی سوریا كەمێك بەرزبۆتەوە، لەنێوان 25 بۆ 30 دۆلارە. ئەو بڕە پارەیە لەهەندێك بارودۆخ رەنگە نەكاتە خەرجی تەنها یەك رۆژی خێزانێك. ئەمە لەكاتێكدا هەر خێزانێكی سوریا لایەنیكەم مانگانە پێویستی بە 150 دۆلار هەیە بۆ نزمترین ئاستی ژیان.

بەپێی لێدوانی رەسمیی كاربەدەستانی ئێستای حكومەتەكەی محەمەد جۆلانیی گوایە لەمانگی داهاتووەوە بڕی مووچە  لە 400% بەرز دەكاتەوە، کە لە باشترین حاڵەتدا موچەی فەرمانبەرێكی حكومەتی ناوەندی نزیك دەبێتەوە لە 80 دۆلاری ئەمریكیی، بەڵام ئەو زیادكردنە هەموو فەرمانبەران ناگرێتەوە بەڵكو زیادكردنەكە مەرجدارە. بەهۆی ئەو زیادكردنەوە مانگانە حكومەت پێویستی بە 127 ملیۆن دۆلاری دیكە دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا خەرجی حكومەت بۆ موچە بەر لەزیادكردن بۆ مانگێك نزیكەی 30 ملیۆن دۆلارێك بووە، بڕیارێكیش هەیە فەرمانبەرانی وەهمی لەلیستی موچەدا بسڕێنەوە كە بەنزیكەی 300 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

بێگومان ژیان لە رۆژئاوای كوردستان تەواو جیاوازترە. جۆرێك لەسەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئابوریی هەیە.

لەژێر فەرمانڕەوایی هێزەكانی سوریای دیموكرات، نزیكەی 135 هەزار فەرمانبەر هەیە. موچەی فەرمانبەرانی ئیدارەی رێڤەبەری خۆسەر هەمیشە جیاواز بووە لەفەرمانگەكانی حكومەتی ناوەند، چونكە بەپێی گۆڕانی نرخی دۆلار لەقۆناغێك بۆ قۆناغێكی دیكە جیاوازە. بەپێی لێدوانی رەسمیی، موچەی فەرمانبەرانی رێڤەبەری خۆسەر لەنێوان 90 دۆلار بۆ نزیكەی 600 دۆلاری ئەمریكیە. واتە لەنێوان یەك ملیۆن و 40 هەزار بۆ 8 ملیۆن لیرەی سوریدایە.

ئەم جیاوازییە لەموچەدا لەهێزە ئەمنی و سەربازییەكانیشدا بەروونی هەبووە. بۆنمونە موچەی مانگێكی سەربازێكی سوریا تا رووخانی ئەسەد لەنێوان 8 دۆلارێكدا بوو، بەڵام هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئاسایش لەنێوان 150 بۆ 500 دۆلاردایە.

یەكێك ئاستەنگە گەورەكانی بەردەم حوكمڕانیی نوێی دیمەشق رووبەرووبونەوەی دۆخی داتەپیوی ئابورییە. حكومڕانانی نوێ‌ لەبەردەم دۆخێكی زۆر ئاڵۆزدان ئاسان نییە چارەسەركردنی. لەلایەك ئەو وڵاتە لەژێر بارێكی گرانی قەرزدایە، هاوكات خاوەنی سامانێكی ئەوتۆی سروشتیی نییە، ئەمە جگە لە لێكەوتەی وێرانەیی و باری گرانی دوای شەڕ و ماڵوێرانیی.

سەرباری خراپی دۆخی ژیان و وێرانەیی رۆژئاوای كوردستان، بەڵام بەری رۆژهەڵاتی فورات جگە لەوەی لەرووی كشتوكاڵەوە زۆرباشترە هاوكات خاوەنی سامانێكی زۆری سروشتییە، بۆیە بەراورد بەناوچەكانی دیكەی سوریا بارودۆخی ئابوریی لەو ناوچانە باشترە.

سەبارەت بەسامانی نەوت، پێشتر و لەباشترین بارودۆخدا دەوڵەتی سوریا رۆژانە بەنزیكەی 390 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا و نزیكەی 150 هەزار بەرمیلی هەناردە دەكرد و ئەویدیكەی لەناوخۆدا بەكاردەهێنرا، بەڵام لەدوای ساڵی 2011 وە، ئەو رێژەیە زۆر دابەزیوە و ئێستا بەرهەمەكە بەشی ناوخۆ ناكات.

بەپێی ئەو داتا و زانیاریانەی بەردەستن، یەدەگی نەوتی چەسپێنراوی سوریا 2.5 ملیار بەرمیلە، بەڵام یەدەگی نەچەسپێنراو دەگاتە 27 ملیار بەرمیل. بەنزیكەی 85% بۆ 95%ی نەوتی سوریا دەكەوێتە بەری رۆژهەڵاتی فورات، واتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات. ئەوانیش بریتین لە كێڵگەكانی وەك تەنەك، عومەر، جفرە، كۆنیكۆ، رمێلان و هەندێك ناوچەش لە حەسەكە.

بەپێی زانیاریی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رێڤەبەری خۆسەر بەرهەمهێنانی نەوت پەكیكەوتبوو، بە توانای ناوخۆ بەرزكرایەوە تا لە ساڵی 2020 گەیشتە 87 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام پەلاماردانەكانی تورك زیانی گەورەی بەكەرتی بەهەمهێنانی نەوت گەیاند، بۆیە ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ نێوان 40 بۆ 45 هەزار بەرمیل لە ئێستادا.

لەبەرامبەر ئەو رێژەیە لەناوچەكانی رێڤەبەری خۆسەر، لە ناوچەكانی رۆژئاوای فورات، یان ناوچەكانی دیمەشق، رێژەی بەرهەمهێنان لە ساڵی2024دا زۆر دابەزی بەر لەرووخانی ئەسەد گەیشتە تەنها 15 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

سەبارەت بە سامانی غازی سروشتیی، یەدەگی غازی سروشتیی سوریا بە 8.5 تریلیون پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، لەو رێژەیە لەنێوان 60% بۆ 70%ی ئەو رێژەیە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات لە كێڵگەكانی شەدادی و تەنەك. پێشتر توانای بەرهەمهێنانی غاز لە سوریا لە رۆژێكدا نزیكەی 30 ملیۆن پێ‌ سێجا بوو، بەڵام بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی تورك و شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە، ئەو رێژەیە زۆر دابەزی گەیشتە نزیكەی 5 ملیۆن پێ سێجا. بەپێی دوایین زانیاریی ناڕەسمیی لە   ناوچەكانی رێڤەبەری خۆسەر رێژەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی دەگاتە نیو ملیۆن پێ سێجا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار