ڕەگەزە بنچینەییەکانی دەوڵەتی دیموکراسی

عەبدوڵڵا کۆمەڵە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



عەبدوڵڵا کۆمەڵە

پێشەکی

ئەبراهام لینکۆڵن دەڵێت، دیموکراسی بریتییە لە (حکومەتی خەڵک، لەلایەن خەڵکەوە، بۆ خەڵک)، دیموکراسی حوکمی خەڵکە. بنەمای سەرەکی ئەوەیە کە خەڵک لە ڕێگەی هەڵبژاردنی شەفاف و ئازادەوە حکومەت هەڵدەبژێرن، لە مێژووی شارستانیەتدا، دیموکراسی زۆر گرنگ بووە بۆ گۆڕینی جیهان لە پێکهاتەی دەسەڵات لەسەر بنەمای پاشایەتی و ئیمپراتۆری و داگیرکردن، بۆ حوکمی جەماوەری، مافی چارەی خۆنووسین و پێکەوەژیانی ئاشتیانە. تاکە سیستەمی حوکمڕانی ناسراو لە جیهاندا کە بەڵێنی چەمکی یەکسانی، ئازادی و دادپەروەری دەدات دیموکراسییە.

ڕەگەزە بنچینەییەکانی دەوڵەتی دیموکراسی

بوونی دەستوور

هەموو وڵاتێکی دیموکراتی دەستوورێکی نووسراو یان زارەکی هەیە، دەستوور بە سادەیی" کۆمەڵە یاسا و ڕێسایەکی بنەڕەتییە کە دەوڵەت یان کۆمەڵگایەک بەڕێوە دەبات" ئەرکەکانی لقەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری دەوڵەتی داڕشتووە و دیاریان دەکات، ماف و ئەرکەکانی حکومەت و خەڵکیش لە دەستووردا دیاری کراون.

سەروەری یاسا

سەروەری یاسا بریتییە لە سیستەم، ڕێوشوێن، دامەزراوە، نەریت، یان ستانداردێک کە یەکسانی هەموو خەڵک لەبەردەم یاسادا دەپارێزێت، شێوازێکی حوکمڕانی مسۆگەر دەکات کە هەڕەمەکی نەبێت.

بەشداری جەماوەری لە سیاسەتدا

بەشداری جەماوەری لە سیاسەتدا یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی دیموکراسی، بە سەیرکردنی پێناسەی دیموکراسی کە لەسەرەوە باسکراوە، ئەوە ڕوونە کە هەر سیستەمێک هاوڵاتیان لە بەشداریکردن لە بڕیاردانی سیاسی سارد بکاتەوە دیموکراسی نییە. کەواتە بەشداری فراوان پێکهاتەیەکی بنچینەیی دیموکراسییە.

هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە

پێویستە هەموو هاوڵاتیانی پێگەیشتووی وڵات مافی دەنگدانیان هەبێت، هەڵبژاردن دەبێت بەتەواوی شەفاف و دادپەروەرانە بێت، هەموو دەنگێک دەبێت بەرز بنرخێنرێت، هەموو دیموکراسییەک دەبێت ئەم مەرجە جێبەجێ بکات، بۆیە نەک تەنها هەڵبژاردنی ئاسایی بەڵکو هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەش زۆر گرنگە.

جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان

بیرۆکەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە سەدەی هەژدەهەم لەلایەن فەیلەسوفانی کۆمەڵایەتی و سیاسی فەڕەنسی چارلز لویس دو سێندات ، بارون دو لا برێد و دو مۆنتسکیو پەرەی سەند. ئەمە مانای ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەت نابێت لەسەر یەک کەس چڕبکرێتەوە، لێرەدا لقەکانی حکومەت هاوبەشی بەدەسەڵاتی سیاسی دەوڵەت دەکەن، واتە (جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری)، یاساکانی دەوڵەت لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانەوە دادەنرێن، دادگا یاساکە لێکدەداتەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن جێبەجێی دەکات. ئەم بەشانە جیا دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کارەکانیان تێکەڵ نەبن و ڕێگر نەبن لەبەردەم کاری یەکتردا.

ئازادی کاری حیزبی

پارتی سیاسی بریتیە لە کۆمەڵێک کەسی هاوبیر کە یەکدەگرن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، لە سیستەمی دیموکراسیدا دەبێت پارتە سیاسییەکان هەبن، دەبێت تەنها یەک پارت نەبێت، بەڵکو دوو پارتی سیاسی یان زیاتر هەبێت، ئەمە گرەنتی ئەوە دەدات کە خەڵک بژاردەی جۆراوجۆریان لەبەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنیان، لەبەر ئەوەی لە دەوڵەتی تاک حیزبی تەنها یەک پارتی سیاسی هەیە، ناکرێت بە دەوڵەتی دیموکراتی ناوببرێت، لەم دۆخەدا، خەڵک هیچ هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەی نییە.

پابەندبوونی حکومەت

 ئەرکی حکومەتی هەڵبژێردراوە کە لە بەرژەوەندی گشتی کار بکات، یاساکان وەکو خۆی جێبەجێ بکات و ڕێز لە دەسەڵاتی دادوەری بگرێت، چاودێری دەستە و دەزگا هەڵبژێردراوەکان و تایبەتمەندەکان بەسەر کارەکانیەوە قبوڵ بکات و لە بەرژەوەندی باڵای وڵات لانەدات.

یەکسانی لەبەردەم یاسادا

یەکسانی لەبەردەم یاسادا ئەرکێکی لە پێشینەی هەر دەوڵەتێکی دیموکراسی ڕاستەقینەیە، چونکە هاوڵاتیان مافی یەکسانیان هەیە بۆ دەنگدان و هەڵبژاردن، هەروەها یەکسانن لە ئەرک و مافدا بەبێ جیاوازی ڕەنگ و ڕەگەز و ئینتیمای سیاسی.

نوێنەرایەتی کەمینەکان

کەمایەتیەکان لە هەموو وڵاتێکی سەر زەوی لەبەر چەند هۆکارێک بوونیان هەیە، پێدانی مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان بە هەموو دانیشتووانەکەی یەکێکە لە دیارترین خەسڵەتەکانی دیموکراسی. نابێت کەمایەتیەکان بچەوسێنرێنەوە یان پەراوێز بخرێن و حکومەت دەبێت هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی ئاستی ژیانیان یەکسان بێت. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لە دیموکراسیەکان لە سەرانسەری جیهاندا پۆستی نوێنەرایەتی بۆ گروپە کەمایەتیەکان بە گوێرەی قەبارەی دانیشتووانیان تەرخان دەکەن کە پێی دەوترێت (کۆتا)، لە کاتێکدا پۆستەکانی تر بۆ کێبڕکێ بەجێ دەهێڵن.

مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ

مافە بنچینەییەکانی مرۆڤیش لایەنێکی زۆر گرنگی دەوڵەتی دیموکراتییە، ئەمانە مافێکی نەگۆڕن کە لە کاتی لەدایک بوونیدا بە هەر هاونیشتیمانیەک دەبەخشرێت، دەبێت مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە هەموو دەوڵەتێکی دیموکراسیدا بچەسپێنرێت.

ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی تاکەکەسی

دیموکراسییەک ئەگەر دەنگی جەماوەر سەرکوت بکات یان پشتگوێی بخات ئەوا دیموکراسیەکی نادروستە و یەکێک لە بنەما بنچینەییەکانی دیموکراسی پێشێل دەکات. تەنانەت ئەگەر دەنگی جەماوەر ڕەخنە بێت لە پارتی فەرمانڕەواش، دەبێت ڕێگە بدرێت بە ئاشکرا ببیسترێت بۆ ئەوەی تاکەکان بتوانن بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە ڕای خۆیان دەرببڕن، بەهەمان شێوە، هاوڵاتیانی وڵاتێکی دیموکراتی دەبێت ئازاد بن لە هەڵسوکەوتکردن بە ئازادی و بەپێی بڕیاری خۆیان، تا ئەو کاتەی هەڕەشە لە یاساکانی وڵات یان هیچ کەسێکی دیکە نەکەن و نەبنە ڕێگر لەبەردەم ئازادی ئەوانی تردا، دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت ناڕەزایی خۆیان بۆ هەر شتێک دەرببڕن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی حکومەت لە بەرامبەر کردار و سیاسەتەکانیان.

ئازادی ڕۆژنامەگەری

ڕۆژنامەگەری ڕۆڵێکی گرنگ لە دیموکراسیدا دەگێڕێت، ئازادی ڕۆژنامەگەری تایبەتمەندیەکی سەرەکی تری هەموو ڕژێمە دیموکراسیەکانە، پابەندبوون بەم پرەنسیپە ڕێگە بە خەڵک دەدات ئازادانە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی (بینراو، بیستراو، چاپکراو و ئۆنلاین) دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی بتوانن هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون لەسەر کارەکانی حکومەت بکەن و داوای چاکسازی و خزمەتگوزاری زیاتر بکەن.

حکوومەتی خۆشگوزەرانی

حکومەتی خۆشگوزەرانی شێوازێکە کە تیایدا دەوڵەت چالاکانە خۆشگوزەرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکەکەی دەپارێزێت و بەرەو پێشی دەبات. لەسەر بنەمای بیرۆکەی دەرفەتی یەکسان، دابەشکردنی یەکسانی ئابووری و بەرپرسیارێتی گشتی بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن بگەنە بچوکترین پێداویستی بۆ ژیانێکی شایستە.

شکۆمەندی تاکەکەسی

کەرامەتی تاک لەلایەن حوکمڕانی دیموکراسیەوە دەپارێزرێت لە ڕێگەی دابینکردنی مافە جۆراوجۆرەکانەوە، وەکو مافی یەکسانی و مافی ئازادی ڕادەربڕین و مافی ژیانێکی شکۆمەندانە.

مافی پێکهێنانی گروپ و کۆمەڵەکان

لەسایەی دەوڵەتی دیموکراسیدا هەموو کەس و گروپێک  ئازادە لە پێکهێنانی ڕێکخراو یان کۆمەڵە و سەندیکای تایبەت بە خۆیان، بە شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندییە پیشەیی و چینایەتیەکانی خۆیان بگونجێت و بەرگریی لە مافەکانیان بکات.  

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار