لە ئاگرى هۆتێلەکەى تورکیا ٦٦ کەس گیانیان لەدەستداوە

14 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکێک لە هۆتێلەکانی سەنتەری کایاک لە ناوچەیەکی گەشتیاریی یاری خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکەی شاری بۆڵوی تورکیا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا ٦٦ کەس گیانی لەدەستدا و ٥١ کەسی دیکەیش برینداربوون.
ئاگرکەوتنەوەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممەبووە، میوانەکان ناچار بوون لە نیوە شەودا لە پەنجەرەکانەوە باز بدەنە دەرەوە، هۆتێلەکە دەکەوێتە سەر لوتکەی زنجیرە چیای بۆڵۆ و نزیکەی 170 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەنکەرەی پایتەختی وڵاتەکەوە دوورە.

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کەناڵی ئێکس نووسیوێتی "ئاگرەکە کاتژمێر 3:27 خولەکی بەیانی بە کاتی تورکیا لە هۆتێلی گراند کارتاڵی 12 نهۆمی کەوتووەتەوە."
میدیا ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە لەکاتی ڕووداوەکەدا لانیکەم 230 کەس مێوانی هۆتێلە بوون کە لە کاتی پشووی دوو هەفتەی خوێندندا، خەڵک ڕوویان تێکردووە.

پەخشی تایبەتی کەناڵی ئێن تی ڤی ئاشکرای کرد کە بەشێک لەوانەی گیانیانلەدەستداوە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە لە پەنجەرەی هۆتێلەکەوە خۆیان هەڵداوە.
شایەتحاڵێک بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاندووە لە پەنجەرەی هۆتێلەکەوە خەڵکێکی بینیوە کە باز دەدەن. ئاماژەی بەوەشکردووە بەهۆی دوکەڵی زۆرەوە، دۆزینەوەی رێگاکانی فریاگوزاری لەکاتی هەڵهاتن ئەستەم بووە.
بەپێی زانیارییەکانی، ڕووبەری هۆتێلەکە لە دار دروستکراوە، هەر بۆیە ئاگرەکە بە خێرایی گەشەی سەندووە.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کردووە. یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندووە شەش داواکاری گشتی ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار