لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "١٢"
عەبدولڕەزاق شەریف
14 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
ئەو بەیانییە، هەردوکمان جیاوازتر لە رۆژانی پێشوو لە دوری یەک بووین، وەک خوڵکی مەجلیسەکە و لەسەر راسپاردەی ئەو، من هەر گوێگر بووم، بەڵام نازانم بۆ لە کورسییەکی خوارەوەی مێزی کۆبونەوەکە دانیشتبووم .
رێکخەری ژووری یاسایی و چەند کەسێک کە ئەوکات من هیچیانم نەدەناسی، راپۆرتێک و هەندێک زانیاریان لەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان کردە باسوخواسی ئەو بەیانییە، بە جۆرێک لە نیگەرانییەوە رێکخەری گشتی پێی وتن:
بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس هێزی دەستوری و قانونیان هەبووە! ئێوە هەڵەن گەر واتێبگەن ئەو بڕیارانەی بۆ تەعریبکردنی ئەو ناوچانە دراون قانونی نەبوون و ئەتوانین بەقانون هەڵیانبوەشێنینەوە .
هەمو زانیاری و لێکدانەوەکانی ژوری یاسایی لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە "مبنی علی باطل فهو باطل" بەڵام ئەو بۆی ڕوونکردنەوە کە سەرلەبەری راپۆرتەکەی ئەوان لەسەر بناغەیەکی هەڵە نوسراوە .
وەک دوێنێ و رۆژانی پێشوتر، کە بەتەنیا ماینەوە بەمنی وت رای خۆت بڵێ .
وتم: بەزەییم بەتۆدا دێتەوە! چونکە من وەها تێگەیشتبووم ئەم ژوورە تایبەتمەندانەت بۆ هاوکاری و پشتیوانی و پێدانی زانیاری دروستکردووە، بەڵام چەند رۆژێکە من سەرنج ئەدەم تۆ وەک مامۆستا دەرسیان پێدەڵێیتەوە .
ئەم قسەیەمکرد و چەند نمونەیەکم لە کەمزانی هاوڕێکانی و ماندووبوونی ئەو باسکرد. بە یەک دەستەواژە منی بێدەنگ کرد کاتێک وتی:
وەک رێکخەری گشتیی ئەم بزوتنەوەیە، ئەمە کێشەیەکی گەورەی کارەکانی منە .
بەفرسەتم زانی دەرفەت و کاتی گفتوگۆکە فراوانتر بکەم ، بۆیە وتم:
تۆ ئەم ژوورانەت دروستکردووە زانیاریت بدەنێ یان بە پێچەوانەوە، بۆ ئەوەیە خۆت وانەیان پێبڵێیتەوە؟
وتی: وەک وتم ئەمە کێشەیەکە و ئەبێ چارەسەری بکەین .
وتم: ژوورێک بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی هەواڵ و زانیاری دروستبکە.
وتی: لەسەرەتاوە ویستم بەڵام هاوڕێکانمان وەک دەزگای زانیاری و پاراستن لە فکرەکەی من تێگەیشتن و رەتیانکردەوە، ئیتر منیش باسمنەکردەوە .
وتم: بۆ سەرقاڵی و کەموەختی و ماندوێتی تۆ ژورێکی وەها گرنگی خۆی هەیە و پێویستە .
وتی: تۆ کەمێ سەرت لێی دەردەچێت، پرۆژەیەکم لەوبارەیەوە بۆ بنووسە با دیراسەی بکەین .
دوای ئەم گفتوگۆیە، چەند رۆژێکی کەم و پرۆژەیەکم بەو ئامانج و پێویستی و ناوەرۆکەوە، لە چەند لاپەڕەیەکدا بۆ ئامادەکرد و لە فایلێکدا، لەسەر مێزەکەی لەبەردەستیدا دامنا.
بەیانی رۆژی دواتر خوێندبوویەوە و وتی :
زۆر موتەکامیل نوسیوتە! بەڵام ئایا ئێمە خەڵکمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە؟
وتم: بەڵێ خەڵکی زۆر باشمان هەیە .
وتی: من کەس شک نابەم، گەر هەشبێت نامەوێ لەکەسانی ناو ئەم بزوتنەوەیە دروستی بکەم .
وتم: لەدەرەوەی ئەم گردە کۆمەڵێک کادری باشمان هەیە، هەموویان تۆیان خۆشدەوێ و لەسەر تۆش لەناو یەکێتیی سزادراون و دورخراونەتەوە .
وتی: قسەیان لەگەڵ بکە و با " سی ڤی " ەکانیانم بۆ بنێرن .
زۆر بەپەلە پەیوەندیم بە چەند هاوڕێیەکی ئەو بوارەوە کرد. هەموویان بەخۆشحاڵیەوە مێژووی کار و کردەوەی ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی خۆیان نووسی و رۆژی دواتر بەهەمان شێوازی دانانی پرۆژە نوسراوەکە؛ "سی ڤی" شەش کادری بواری ئەمن و ئاسایشی کوردستانم لەسەر مێزەکەی دانا.
ئەمجارە بێ چاوەڕوانی، دەمودەست کەوتە خوێندنەوەی فایل و زانیارییەکانی ئەوان. لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکدا، ئەی وت:
تۆ دڵنیای ئەمانە ئیشمان لەگەڵدا ئەکەن؟
وتم: کاکە ئەو نوسراوانە خۆیان تایبەت بۆ تۆیان نووسیوە.
وتی: یەکێتی چۆن دەستبەرداری ئەم کادیرانە بووە؟
وتم: وەک چۆن دەستبەرداری تۆ بوو !
بۆ یەکەمجارم بوو، نەوشیروان مستەفا ببینم و لێی ببیستم کە هێندە پەرۆش و بەمنەت بێت لەکەسانێک کاری لەگەڵدا بکەن! بە تایبەت کە زانی دەورە و کۆرسی تایبەتیان لە دەرەوە و لە وڵاتی جیا جیا لەو بوارەدا خوێندووە. سەلام و سوپاس و ستایشی زۆری بەمنا بۆ ناردن و وتی:
پێیان بڵێ سبەینێ دوای نیوەڕۆ لەماڵەوە کۆبوونەوە ئەکەین .
لە وادەی دیاریکراودا، هەموومان لە ماڵەکەی گردی عەلی ناجی ئامادەبووین، یەک دوانێک لەوانی ئەناسی، بەڵام لەبەر خوڵکی کۆبوونەوەکە وتی :
حەز ئەکەم خۆتان بناسێنن .
کورتەیەک لە مێژووی یەکەمین شانەی نهێنی موخابەراتی بەعس، ساواک و موساد ... سەرەتای کارەکانیان، ناوی گروپ و دەستەکانیانی بەشێوەیەک باسکرد کەسمان نەمانبیستبوو! هەندێک پرسیاری کرد، پاشان پشتیوانی مادی و مەعنەوی خۆی بۆ دەربڕین، چەند ناوێکی بۆ دامەزراوە نوێکە پێشنیازکرد و مەرجەکانی خۆیشی بۆ کارکردنی ئێمە بەم شێوەیە پێ وتین:
ئەبێت کارەکانتان لەدەرەوەی گردەکە و گۆڕانخوازان بێت، هیچ کەسێکیش لە کاربەدەستانی بزووتنەوەکە لە خۆتان مەئاڵێنن. تەرکیز بکەنە سەر ناوچە دابڕاوەکان، داعش هێزێکی داخراو و نەناسراوی نەزانراوە، زانیاری لەسەر ئەوان و هەموو ئەو هێزە چەکدارانەی لە دەرەوەی وەزارەتی دیفاعی عێراقی لە سونە و شیعە دروستبوون، بۆ ئایندەی کاری ئێمە زۆر گرنگە .
دوای ماوەیەکی کەم سەرچاوەی زۆر گرنگمان دەستکەوت، ئەمیری ناوچەی شەرگاتی دەوڵەتی ئیسلامی عێراقمان دەناسی، هەندێک رۆژ، وەک رۆژنامەنووس، خۆم پەیوەندیم پێوە دەکرد. لە گۆڕینەوەی هەواڵ و زانیاریدا هاوکاریی دەکردین، راپۆرتێکی پوخت و گرنگمان لەسەر پێکهاتەی داعش و حوکمدارێتی و ناوچەکانی پاوانی ئەوان نووسی، بە ڕاسپاردەی رێکخەری گشتی، بۆ مستەفای سەید قادرمان نارد، دوای چەند رۆژێکی کەم؛ وەزیری پێشمەرگە پێی وتین :
مەسرور بارزانی وتویەتی (زانیاریەکانی ناو ئەم راپۆرتە زۆر لەوانەی پاراستن و زانیاری وردتر و زیاتر و گرنگترن! ئایا چەند کەس لەو دەزگایەی ئێوەدا کاردەکەن)
هەتا ئەوکاتە هیچ چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیی و راپۆرت و وێنەی دروستی "ئەبوبەکر بەغدادی و هێز و دەوڵەتەکەی" ڕووینەدابوو، بڵاونەکرابۆوە، هەوڵمدا و داوامکرد وەک رۆژنامەنوسێک چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ "ئەبوبەکر بەغدادی" بکەم، پێش وەڵامدانەوەیان پرسم بە کاک نەوشیڕوان کرد، زۆری پێ باش بوو، بەڵام بە چوونی خۆم قایل نەبوو، بەگونجاوی نەزانی، مەرجێکی بۆدانام و وتی :
(هەرکەسێک ئەنێری بینێرە بەس خۆت نا)
کە وەڵامی "بەغدادی" گەیشت، ئەویش مەرجێکی دانابوو :
(بەس خۆم بچم و هیچ کەسێکیتر نا)
پێشنیازی سەرنووسەری رۆژنامەیەکم کرد، ئامەدەیی دەربڕی، بەڵام نوسینگەی ئەبوبەکر بەغدادی ڕەتیانکردەوە. بەداخەوە چاوپێکەوتنەکە ڕووینەدا .
دوای ماوەیەک، فۆتۆگرافەرێکی کورد بەناوی "کامەران نەجم" وەک دیلی شەڕ، لە حەویجە دەستی داعش کەوتبوو. لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا هانامان بۆ حاجی و حاجی عەبد برد، بە هەردوو ناوەکە، وەک ئەمیری داعش دەمانناسی. بەڵێنی پێداین ژیانی پارێزراوبێت و مەحکەمەیەکی داعشیانە بکرێت، خۆیشی بچێتە حەویجە و لەدادگایکردنەکەیا ئامادەبێت، وتیشی لەوە زیاتر ئەو هیچیتری پێناکرێت .
بۆ یەکەمجار زانیمان "داعش" دەزگای قەزایی هەیە و زیندان و تەدارەکی لەشاری "حەویجە" یە.
ڕۆژی مەحکەمەکەی کامەران، لە حەویجەوە پەیوەندی کردەوە، بۆردوومانێکی چڕی هێزی هاوپەیمانان ڕوویدا، ئیتر تا هەواڵی بیستنی مەرگی دۆستەکەمان، هیچ پەیوەندیەک لەنێوانماندا نەما.
ئیش و کاری من لەو بوارەدا، هەتا کۆتایی مانگی شوباتی دووهەزاروپانزە بەردەوام بوو، رۆژێکیان، وەک داوایەک پێی وتم :
ئەو ئیشەی خۆت بە هاوڕێیەکی ترمان بسپێرە، هەرچی هەمەونیمە لەم بزوتنەوەیەدا، ئەو تەلەفزیۆنە و راگەیەندنەکە و هەندێ پارەی کەمی مانگانەیە، هەمووی ئەدەم بە تۆ و بڕۆ مەسولیەتی هەڵبگرە، ئیتر من هیچ شتێکم نامێنێت .