دواى ئاگربەست بەهۆى هێرشى ئیسرائیلەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە
7 كاتژمێر لەمەوپێش
لە سێهەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، سوپای ئیسرائیل هەڵمەتێکی سەربازی بەرفراوانی لە جنین لە کەرتی ڕۆژئاوای دەستپێکردوە، هەروەها گەمارۆی بەسەر شارەکە و کەمپەکەیدا سەپاندوە.
هاوکات وەزارەتی تەندرووستی فەلەستین بڵاویکردەوە، لەم هێرشەى ئیسرائیلدا١٠ فەلەستینی کوژراون و نزیکەی ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
کەناڵی 13ی ئیسرائیلیش زنجیرەیەک دەستلەکارکێشانەوەی سەرکردایەتی سوپای ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، هێرزی هەلێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەستی لەکارکێشاوەتەوە. لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی "داننان بە شکستی سەربازی لە 7ـی ئۆکتۆبەر" دەستی لەکارکێشاوەتەوە، هەروەها یارۆن فینکڵمان، فەرماندەی فەرماندەیی باشووری سوپای ئیسرائیل دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، شەممەی داهاتوو (25ـی ئەم مانگە) دووەم گرووپی بارمتەی ئیسرائیلی و بەندکراوانی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئەمشەو چوار کەس بە چەقۆ لە تەلئەبیب لە ناوەڕاستی ئیسرائیل بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، قوربانییەکان بریتین لە دوو پیاوی تەمەن ٢٤ و ٢٨ ساڵ کە باری تەندروستییان مامناوەندە، هەروەها دوو پیاوی تەمەن ٢٤ و ٥٩ ساڵ کە باری تەندروستییان باشە.
سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە هێرشبەرەکە لە شوێنی ڕووداوەکە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا بڕیارە 33 بارمتەی ئیسرائیلی، کە 31ـیان لە هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکرابوون، لە غەززەوە بگەڕێندرێنەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا نزیکەی هەزار و 900 فەلەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە لە زیندانەکان ئازاد دەکرێن.
زیاتر لە 230 لەو بەندکراوە فەلەستینییانە ئەوانەن کە پێشتر هێرشی کوشندەیان دژی ئیسرائیلییەکان کردووە و سزای بەندکردنی تاهەتاییان بۆ دەکراوە.