فازڵ نەبی: کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق زۆر گەورە بوون
14 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کاتێکدا چارەنووسی مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی 2024 بە نادیاری ماوەتەوە، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دووری دەزانێت پرسی دواکەوتنی مووچە بەم زووانە کۆتایی بێت و دەڵێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق "زۆر گەورە بوون."
دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پێی وایە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، "یاسا جێ بەجێ دەکات بەو شێوازەی کە لە عێراق شیکردنەوەی بۆ دەکرێت نەک شیکردنەوەکانی هەرێم."
ئەو بەرپرسەى پێشووى وەزارەتى دارایی، ئەوەش باس دەکات ئەو بریکاری وەزیر بووى دارایی بوە لە عێراق، دەڵێت: چەندین بڕیاری سەرۆکوەزیرانم ڕەتکردووەتەوە و جێبەجێم نەکرد؛ بۆیە تەیف سامی ئێستا یاسا جێ بەجێ دەکات و هیچ کێشەیەکی شەخسی لەگەڵ کوردا نیە، بە پێچەوانەوە پەیوەندیمان لەگەڵی زۆر باشە."
وتیشی، "تەیف سامی بەگوێی کەس ناکات و بڕیار و یاسا جێ بەجێ دەکات و دەڵێت من یاسای بودجەم هەیە و جێبەجێی دەکەم، یاسای بودجەش کە دەرچووە لە بەرژەوەندی کوردستان نییە. دەشڵێت بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەیە ئێمە لە عێراق بەو شێوەیە شیکردنەوەی بۆ دەکەین و هەرێمی کوردستانیش بەشێوازێکی تر."
کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنها لەسەر نەوت نیە، بەڵکو لەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان و لیستی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمیشە.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی دا کێشەکان زۆر گەورە بوونە و هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق، بەڵام دەتوانرێت بە دەنگدان لەسەر دەستکاری یاسای بودجە لە 75%ی کێشەکان چارەسەر ببێت.
د.فازڵ نەبی، دەشڵێت، "کێشەکان دوو جۆرن: کێشەیەکیان مووچەیە کە بریارێکی دادگای فیدراڵی هەیە دەبێت مووچە بنێرێت. بەڵام بەغدا مەسەلەی مووچەی پەیوەستکردووە بە کۆمەڵێک شت. وەفدی ئێمە چوونە بەغدا بەداخەوە نەیانتوانیوە بگەنە دەرئەنجامێک. بەغدا دەڵێت دەبێت نیوەی داهاتی ناوخۆم ڕادەست بکەیت و نیوەکەش دیاریکراوە بە 80 ملیار دینار، پێدەچێت بەغدا تێبینی لەسەر ئەو بڕە هەبێت...کێشەکانی دیکە هونەرین و لیستی موچە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت."
گرفتە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی وایکرد، دوێنی 20ی مانگی یەکی 2025، جارێکی تر شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڕۆن بۆ بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە.
فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند، "لە 2014ەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و هەر لایەکیان هۆکارێکی هەیە بۆ چارەسەرنەکردنی...چونکە هەرلایەکیان شیکردنەوەیەکی دیاریکراوی هەبووە بۆ بڕیارەکان، ناشیەن پێکەوە چارەسەرێکی کۆتایی بکەن و بڵێن ئەوە چارەسەر بوو."
وتیشی، "کێشەی ئەم برادەرانەی ئێمە ئەوەیە لە بەغدا بەدواداچونیان نەکردووە بۆ کێشەکان؛ لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت کاتی خۆی ڕێکەوتنێک هەبوو و چوار خاڵ چەسپا کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەم ئەو چوار خاڵە جێ بەجێ بکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی بەدواداچوون نەبوو، ئەوە حکومەت تەواو بوو لەو چوار خاڵە پێنج لەسەدی جێ بەجێ نەکرا. وەفدی هەرێم زۆر بەخێرایی دەڕۆن و هەندێک قسە دەکەن و دەگەڕێنەوە و ناگەنە چارەسەری کۆتایی."