ئایا پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری دەبێ؟
ھیوا سەید سەلیم
2 هەفتە لەمەوپێش
ھیوا سەید سەلیم
مێژووی دامەزراندنی (PKK)ە وەک ڕێکخراوێکی سیاسی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ 27ی نوڤێمبەری 1978، بەڵام دوای شەش ساڵ لەو بەروارە، پەکەکە خەباتی چەکداری ڕاگەیاندووە، لێرەوە تێدەگەین کە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە لە سەرەتادا ویستویانە لە ڕێگای خەباتی سیاسییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بچنە نێو بواری تێکۆشانەوە، خەباتەکەشیان لە ڕێگەی چەند خوێندکارێکی ھەڵگری بیروباوەڕی چەپ بە پێشەنگایەتی عەبدولڵا ئۆجالان لە زانکۆکانی تورکیا دەستیپێکردووە.
ئێستا 41 ساڵ بەسەر ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداری (PKK)ە لە 15ی ئابی 1984 تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا بە دەیان ھەزار کەس لە کورد و سەربازانی تورکیا بوونەتە قوربانی ئەو شەڕەی لە ئەنجامی ملنەدانی دەوڵەتی تورکیا بە مافەکانی کورد بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێندراوە، ئەمە وێڕای زیانە ماددییەکانی سوتاندن و ڕاگواستنی ھەزاران گوندی کوردستان و گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی بۆ میترۆپۆلەکانی تورکیا و ئەو زیانە گەورانەی لە سایەی ئەو شەڕەوە بەر ئابووری تورکیا کەوتوون.
لە ئێستادا جارێکی دیکە پرسی چەکدانانی (PKK)ە کراوەتە ڕۆژەڤی سیاسی تورکیا، ئەویش دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا " مەھەپە" کە شەریکە دەسەڵاتی "ئەکەپە"یە، داوایکرد "ئۆجالان" دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە فراکسیۆنی "دەم پارتی" ڕایبگەیەنێت کە حزبەکەی دەستبەرداری خەباتی چەکداری دەبێت.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا ئۆجالان بە پیر داواکەی دەوڵەت باخچەلییەوە دەچێت و جاڕی چەکدانانی (PKK)ە دەدات؟
دوای سەرھەڵدانی شۆڕشی چەکداری لەسەر دەستی (PKK)ە، ئەمە جاری یەکەم نیە کە پرسی دانوستان دەکەوێتە نێوانی دەوڵەت و پەکەکەوە، دیارترین ھەنگاو بۆ دانوستان لە سەردەمی تۆرگۆت ئۆزال لە ساڵی 1993 دەستیپێکرد و بۆ یەکەمین جار دەوڵەت بۆ دانوستانی فەرمی لەگەڵ(PKK)ە ھەنگاوی نا، بەڵام ئەنجامەکەی بە مەرگی گوماناوی تۆرگۆت ئۆزال سەرۆککۆماری ئەوسای تورکیا شکایەوە، دوای ئەو ھەوڵە چەندین جاری دیکە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد پەنا بۆ دانووستان براوە، درێژترین قۆناغی دانووستان لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نەرویج بە ئامادەبوونی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە نێوان دامەزراوەی میت و پەکەکە ئەنجامدراوە، کە پێنج ساڵی خایاندووە و 10 دانیشتن بە ئاگاداری ئۆجالان لە ئیمرالیەوە بۆ دانوستان کراوە، دوای دانیشتنەکانی ئۆسلۆ ساڵی 2013 دەوڵەت راستەوخۆ لە رێگای ھاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی ھەدەپەوە دەکەوێتە دانوستان لەگەڵ ئۆجالان لە بەندیخانەی ئیمرالی و تەناتەت قەندیلیش.
شایانی باسە، لە ھەموو ئەو دانوستانانەی لە نێوان دەوڵەت و کورد کراون تێڕوانینی جیا لەسەر پرسی کۆتاییھێنان بە خەباتی چەکداری درووست بووە، ئاگربەست ڕاگەیندراوە، زۆربەی جاریش ئۆجالان موخاتبی ڕاگەیەندراوی ئاگربەستەکان بووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتۆتە حاڵەتی دەستبەرداربوونی یەکجارەکی پەکەکە لە خەباتی چەکداری.
لە دانیشتنەکانی ئۆسلۆ دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و دواتریش کشانەوەی ھێزەکانی گەریلا بۆ ئەو دیو سنووری باشور و دواتر چوونەوە و خۆڕادەستکردنی چەند مەفرەزەیکی گەریلا بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاکی و جدییەت بۆ ئاشتی لە لایەن گەڕیلاوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا جگە لە کات کووشتن، بۆ ئەو سێ ھەنگاوە نەھاتۆتەپێش کە لە دانووستانەکانی ئۆسلۆدا ھەردوولا لەسەری رێککەوتبوون، ئەوانیش قۆناغەکانی (ئاگربەست، ھەنگاونانی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد، ئاساییکردنەوە) بوون.
لە ئێستاشدا دوای لێدوانەکانی سەرۆکی مەھەپە، بابەتی دانووستان لە تورکیا و باکوری کوردستان لە رۆژەڤدایە، شاندی دەم پارتی بۆ دووەم جار دیداریان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام داوە، ئەوەی جارێکی دیکە لەبەردەم دانوستانەکان دەبێتەوە کۆسپ ئەوەیە کە پرسی دەستەبەرداربوونی چەک لە لایەن پەکەکە بە بێ شەرت و مەرج نابێت، جا سەقفی داواکریەکانی ئۆجالان بۆ ئەو داوایەی دەوڵەت باخچەلی چی دەبێت؟ لەم چەند ڕۆژەدا ئاشکرا دەبێت با چاوەڕوان بین.