سیاسەتی برسی کردن و ساویلکەیی میللەت
محمد ڕەووف قوربانی
5 ڕۆژ لەمەوپێش
محمد ڕەووف قوربانی
حکومەتە کوردییەکەی باشوری کوردستان لەبری ڕەحمەت بۆتە زەحمەت بۆ هاوڵاتیان و موچەخۆرانی کورد لەم پارچەیە. دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرەڕای ئەوەی ٣٤ ساڵە نەیانتوانیوە بە شێوازێکی تەندروست ئەم هەرێمە بەڕێوەببەن، لە ئێستادا بوونەتە پلانداڕێژەری کوردانی ڕۆژئاوا و دەیانەوێت سەر لەوانیش بشیوێنن! وەک بڵێیت خۆیان لە هیچیان کەم نییە و نموونەیەکی هێندە باش و سەرکەوتوویان پێشکەش کردووە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، سەرکەوتنیان لێ زیادە و داوا لە مەزڵوم عەبدی دەکەن چاو لە حوکمڕانی ئەمان بکات لە باشوور! بێگومان ئەمە جگە لەوەی خۆگێلکردنێکی بە ئەنقەستە، هاوکات بێشەرمی و ڕووقایمییەکی سیاسیشە، کە پێمان دەڵێت ئەم دەسەڵاتە سەرباری ئەوەی دان بە شکستەکانیدا نانێت، هاوکات دەیەوێت ئەم شکست و پاشاگەردانییەی لە ماوەی حوکمڕانی خۆیدا بەرهەمی هێناوە، بیکاتە دەستکەوت و وەک ئەزموون پێشکەشی پارچەکانی دیکەی کوردستانیشی بکات!
یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو سەرکەوتنەی دەسەڵاتدارانی باشور پێشکەشی هاوڵاتیانیان کردووە، بریتییە لەو داهێنانەی لەبواری ساڵنامەدا کردوویانە. ئاشکرایە لە ئێستادا بە شێوازێکی گشتی زۆرینەی وڵاتان ساڵنامەی زایینی بەکاردێنن، بەپێی ساڵنامەی زاینیش ساڵ 12 مانگە، بەڵام لای حوکمەتە کوردییەکەی باشوری کوردستان، ئەم پێوەرە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ساڵەکان لە گۆڕانی بەردەوامدان بۆ نموونە؛ ساڵ هەیە 8 مانگە و هەیە 1٠ مانگە و هەشمانە 1١ مانگە.
لە ئێستادا بە پێی ساڵی زایینی ساڵی 2024 تەواو بووە و پێمان ناوەتە سەرەتای ساڵی نوێی 2025 ەوە، بەڵام بە پێی ڕۆژمێرە نموونەییەکەی حوکمەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم هێشتا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ئەم وڵاتە لە ناوەڕاستی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا بەجێماون و چاوەڕێی موچەی مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوو دەکەن!
ئەم سیاسەتی برسیکردنە نا ئەخلاقی ترین جەنگی دەروونیە حکومەت لەگەڵ هاوزمان و هاوڵاتیانی خۆیدا دەیکات، بۆیە ناکرێت میللەتێکی گەورە و گران کە لە فەرمانبەرێکی ئاساییەوە تا پرۆفیسۆرێکی زانکۆی تێدایە، هەروا دەستەوسان دابنیشن و بەدیار ئەم حیکمەت و موعجیزانەی حوکمڕانی کوردییەوە بحەپەسێن!
تکایە چیتر ساویلکەیی و خۆخواردنەوە بەسە و با کەمێک وشیارانەتر مامەڵە بکەین. لە ئێستادا کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕان و داڕشتنەوەی سەرتاسەریدایە. پێویستە لەسەر هەر تاکێکی ئەم نیشتیمانە خەمەکانی لە خەمی مووچە گەورەتر بێت و بیر لە گۆڕانێکی ڕیشەیی و سەرتاسەری بکەینەوە، کە سەرلەنوێ مانا بە ژیان و داهاتوومان ببەخشێتەوە. نەک ساڵ بە ساڵ سوڕی ژیان بمانهاڕێ و لەو لاشەوە حکومەتە داهێنەرەکەمان ساڵەکانمان بۆ قارس بکات و ساڵی ٨ مانگیمان بۆ دابهێنێت، کە بێگومان ئاوا بڕوات دوور نییە کار بگات بەوەی ساڵی بێ مانگ و دەوامی بێمووچەش دابهێنن!