حـ.ـەماس 15 هەزار ئەندامی نوێی وەرگرتووە
دوێنێ
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە ئاگاداری بابەتەکەن، بلاویکردووەتەوە حـ.ـەماس لە ماوەی جەنگی غەززەدا 10,000 بۆ 15,000 چەکداری نوێی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەداوە حـ.ـەماس لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت ڕەنگە هێشتا مەترسی بێت بۆ سەر ئیسڕائیل.
ئەمرۆ شەممە، 25ی مانگی یەک سەرچاوەکان ئەوەشیان ڕایانگەیاندووە کە حەماس ژمارەیەکی هاوشێوە لە چەکدارەکانی لە ماوەی جەنگەکەدا کوژراون.
حەماس و ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممەى ڕابردوو ئاگربەستێکییان دەستپێکرد بۆ ڕاگرتنی شەڕە 15 مانگییەکەی ناو غەززە کە بووەتە هۆی وێرانبوونی غەززەو گڕگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرچاوەکان وتییان حەماس سەرکەوتووانە توانیویەتی ئەندامانی نوێ بە کرێ بگرێت، زۆرێکییان گەنجن و مەشقییان نەکردووە، بۆ مەبەستی سادەی ئاسایشیی بەکاردەهێندرێن.
لە 14 ی مانگی یەکدا وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا باوەڕی وایە حەماس هێندەی ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە لە شەڕەکەدا لە دەستیداون چەکداری دیکەی بە کرێ گرتووە.
بلینکن وردەکاری زیاتری نەدا، بەڵام ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی 20,000 چەکداری حەماس لە جەنگەکەدا کوژراون.
بلینکن وتی: هەر جارێک ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەواو دەکات و دەکشێتەوە، چەکدارانی حەماس خۆیان ڕێکدەخەنەوەو سەرهەڵدەدەنەوە، چونکە هیچ شتێکی دیکە نیە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن.
لە مانگی حەوتدا وتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس ئەبو عوبەیدە وتی حەماس توانیویەتی هەزاران چەکداری نوێ بە کرێ بگرێت.
لە ڕۆژانی ئاگربەستەکەدا، حەماس دەریخست کە زۆر بە قووڵی لە غەززەدا جێگیر بووە، سەرەڕای بەڵێنەکەی ئیسڕائیل بۆ لەناوبردنی حەماس. بەڕێوبەرایەتییەکەی حەماس بەخێرایی هەنگاوی ناوە بۆ سەپاندنەوەی ڕێوشوێنی ئاسایشی و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ چەند بەشێکی ناوچەکە، زۆربەی کەرتی غەززە وێران بووە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بەرپرسانی ئەمەریکایی بە ئاشکرا باسییان لەوە نەکردووە حەماس چەند چەکداری لە دەستداوە، تەنها ئاماژەیان بەوە داوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە و ڕەنگە هەزاران چەکدارییان کوژرابێتن.
کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی بلینکن پرسیاری لێکرا، باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی دانۆن ڕۆژی چوارشەممە دانی بەوەدانا کە حەماس چەکداری بە کرێ گرتووە، بەڵام لە مەترسییەکەی کەم کردەوە.