ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى وەزیری دەرەوەی تورکیاو عێراق ئاشکرا

3 مانگ لەمەوپێش
وەزیرى دەرەوەى تورکیا، ڕایدەگەیەنێت دەبێت هەموو سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە داعـ.ـش و پـ.ـەکە.کەش لەناوببەین، وەزیری دەرەوەی عێراقیش رایگەیاند، گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کرد، تورکیا و عێراق لە زۆر بابەت و پرسی گرنگ هاوئاهەنگی دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا بەسەردانێک گەیشتە بەغدا، لەگەڵ فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوویەوە، دواتر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا باسیان لەتەوەرەکانى کۆبوونەوەکە کرد.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی، ئێمە (تورکیاو عێراق و سوریا) دەبێت هەموو سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە و هەم داعش و هەم پەکەکە لەناوببەین. هەروەها وتیشى: چاوەڕوانی کۆتایی ئێمە لە عێراق ئەوەیە کە پەکەکە کە بە ڕێکخراوی قەدەغەکراوی ناساندووە، بە هەمان شێوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، "عێراق دراوسێیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئێمە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق زۆر گرنگە".
هاوکات باسی لە پرسی پەکەکە و دۆخی سووریاش کرد، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پەکەکە سەروەریی عێراق پێشێل دەکات، لە دوو رۆژی رابردوودا دوو سەربازی عێراقی شەهیدکران لەلایەن پەکەکەوە، وەکو چۆن پەکەکە هەڕەشەیە بۆ عێراق، هەڕەشەیە بۆ تورکیا و سووریاش".
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لە داهاتوودا عێراق و تورکیا چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە، لە زۆر بواری بەرفراواندا دەتوانن کاری هاوبەش لەگەڵ تورکیا بکەن، بە تایبەت بواری بازرگانی و سیاسی. باسی لەوەش کرد "پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا مێژوویی و ستراتیژییە."
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان کرد تورکیا و عێراق لە زۆر بابەت و پرسی گرنگ هاوئاهەنگی دەکەن. دۆخی سووریا پرسێکی گرنگ و جێی بایەخی عێراق و تورکیایە".
بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزیرى دەرەوەى تورکیا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە.
بەپێی ئاژانسە کانى تورکیا، هاکان فیدان لەو سەردانەیدا بۆ بەغداد تاوتوێی دۆسیەی خستنە لیستی تیرۆری پەکەکە لەگەڵ بەرپرسان دەکات و دەیەوێت تاوتوێی پلانێک بکات بۆ کۆتایی هێنان بەو هێزە لە ناو خاکی عێراقدا، هەروەک پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات دەکاتەوە لەوەی کە رێگەی نەدات پزیشکیشەری ئیسرائیل بگاتە عێراق و پەرەسەندنەکانی سوریا هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئەو وڵاتە درووست نەکات.
