پێشنیارەکەى ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە ڕەتدەکرێتەوە

3 مانگ لەمەوپێش
ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند سەرکردەیەکی باڵای بزوتنەوەی حەماس به‌ڵێنیداوە بیرۆکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ میسر و ئوردن پوچەڵ بکاتەوە.
باسم نه‌عیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی ڕاگەیاندوە: وەک چۆن گەلی فەلەستین لە ماوەی دەیان ساڵدا هەموو پلانەکانی ئاوارەبون و نیشتمانێکی بەدیلیان پوچه‌ڵكردوه‌ته‌وه، ئه‌م جۆره پڕۆژه‌یه‌ی كه تره‌مپ پێشنیازی كردوه، شكست ده‌هێنێت.
لای خۆیەوە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیش پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە و دەڵێت: ئەوە هاندەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.
بزوتنەوەی حه‌ماس له به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌كردوه، "به‌توندترین شێوه لێدوانه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌ركۆنه ده‌كه‌ین، کە ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی هاندانی به‌رده‌وامی ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی، و ناچاركردنی گه‌له‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی خاكه‌كه‌ی به‌جێبهێڵێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ڕایگه‌یاند، ئوردن و میسر پێویستە "فەڵەستینی زیاتر لە غەززەوە وەربگرن، دوای ئەوەی شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس بوەتە هۆی قەیرانی مرۆیی".
ترەمپ دوپاتیکردەوە کە دوێنێ لە میانەی پەیوەندیەکەیدا لەگەڵ پاشای ئوردن، شا عەبدوڵای دوەم، داوای کرد ئوردن زیاتر فەڵەستینییەکان وەربگرێت و ئاماژەی بەوەدا کە "هەمو کەرتی غەززە ئێستا لە دۆخێکی پشێویدایە".
لەبەرامبەردا ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل کە هەردووکیان توندڕەون، ستایشی بیرۆکەکەی ترەمپیان کرد و بە "گەورە" ناویان برد، وەک خۆیان دەڵێن.
قاهیرە و عەممان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هەر پلانێکی ئیسرائیلی یان پلانێکی دیکە بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی ڕەتدەکەنەوە و بە دووەم هەڵمەتی ئاوارەیی دەزانن.
