بەهۆى بۆردومانى تورکیاوە لە دینارتە دوو هاوڵاتى شەهید بوون

3 مانگ لەمەوپێش
فرۆکە جەنگییەکانی تورکیاى داگیرکار، سنووری ناحیەی دینارتەیان بۆردوومانکردووە، بەوتەى بەڕیوەبەرى ناحیەى دینارتە بەوهۆیەوە، دووهاوڵاتى مەدەنى (پیاو و ژنێک) شەهید بوون.
پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-01-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانى گوندی شەهێ یانکردووە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت بەهۆى ئەو ڕوداوەوە دوو هاوڵاتى شەهیدبوون.
بەپێى زانیاریەکان ئەو دووهاوڵاتیە خەڵکى گوندی بامشمشن، لە سنووری قەزای ئاکرێ و ئاژەڵدار بوون، ئەو پیاوەی شەهید بووە ناوی جەعفەر جەلالە و تەمەنی 58 ساڵە؛ ئافرەتەکەش تینا محەممەدە و تەمەنی 48 ساڵە هاوسەرى یەکبوون.
ئێستا تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستپێکردوە.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی سڤیل لە سنووری ناحیەی دینارتەی ئاکرێ، بەهۆى بۆردوومانى فرۆکەکانى تورکیاوە شەهید بوون.
هاوکات دوێنێ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو.
هەر دوێنێ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.
