داوا دەکرێت سامانەکەى ئەسەد لە لەندەن بدرێتەوە بە حکومەتی سووریا
2 ڕۆژ لەمەوپێش
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، شارەزایانی ئەو وڵاتە داوا دەکەن سەروەت و سامانی بلۆک کراوی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرژەوەندی گەلی سووریا بەکاربهێنرێت.
دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، هەواڵى ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەسەد هەژمارێکی بلۆککراوى لە بانکێکی بەریتانیادا هەیە کە ٦٨.٣ ملیۆن دۆلاری تێدایە.
لە لێدوانێکدا ئیان ئۆڤەرتۆن، بەڕێوەبەری چالاکیی دژی توندوتیژی چەکداری لە لەندەن ڕایگەیان داوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەت و سامان و موڵکانە و ڕادەستکردنی بە حکومەتی دانپێدانراوی سوریایان کردووە، ئەو وتیشى: دەبێت بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریا بەکاربهێنرێت.
ئۆڤەرتۆن ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ئەم سەروەت و سامانە لە بەریتانیا نیگەرانییەکی جددی لەبارەی چاودێری دارایی و یاساکانی پەیوەندیدارەوە دروست دەکات.
هۆشداریشیدا لەوەی ئەم دۆخە شانشینی یەکگرتوو دەکاتە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەو سەروەت و سامانە نایاساییانەی کە پەیوەندییان بە ڕژێمی دەرکراوی سوریاوە هەیە، سەرەڕای پابەندبوونی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئۆڤەرتۆن داوای بەکارهێنانی پارە بەستراوەکانی ئەسەد بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا و بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریای کرد و جەختی لەسەر پێویستی "هاوکاری نزیک لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە بەکارهێنانیان" کرد.
بەرپرسێکی فەرمانگەی دەرەوەى بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە کە شانشینی یەکگرتوو سزای بەسەر ٣١٠ کەس و ٧٤ قەوارەی پەیوەست بە ڕژێمی ئەسەد سەپاندووە، لەنێویاندا خودی بەشار ئەسەد.
ئەو بەرپرسە کە ناوى خۆى ئاشکرا نەکردووە، وتی: بەریتانیا لە نزیکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەکانی جەنگ و ئەشکەنجەدان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، گروپە چەکدارەکانى سوورییا دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و کۆتایی بە ٦١ ساڵ ڕژێمی خوێناوی پارتی بەعس و ٥٣ ساڵ لە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.