لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە " ١٣ "
عەبدولڕەزاق شەریف
3 ڕۆژ لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
من پێم وت :
پێشنیازەکەت بۆ بەرپرسیارێتی میدیای بزوتنەوەکە کتوپڕ بوو، چەند رۆژێک لێم بوەستە و وەڵامت ئەدەمەوە.
لەگەڵ چەند کەسێکی ناو ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ژووری رۆژنامەوانی و سایتی سبەی لەبارەی کێشەی ئۆرگانەکانەوە قسەم کرد، دوای هەفتەیەک و لە بەیانیەکی هەتاوی گردی زەرگەتە و لەبەر گەرمای تیشکی خۆری ناوەڕاستی مانگی ڕەشەمێی ئەمدیوی پەنجەرەی هۆڵی کۆبونەوەکانیدا، باسی چۆنیەتی یەکخستنی هەرچوار ئۆرگانەکە "تەلەفزیۆن، رادیۆ، سایتی سبەی و ژوری رۆژنامەوانی" وەک یەکەیەکی یەکگرتوی ئیداری و ئیعلامی کرد، پێی باش بوو ناوی بزوتنەوەی گۆڕانیش هەڵبگرێت. لەناو باسەکەیدا چەندجارێك پێویستی بوونی راگەیاندنی حیزبیی لەو قۆناغەدا دوبارە کردەوە.
وتم: تۆ لەناو یەکێتیدا زۆر دژی ڕاگەیاندنی حیزب بویت و چەندینجار باسی ڕاگەیاندنی نیشتیمانیت کردوە، لکاندنی ناوی بزوتنەوەکە بەراگەیاندنەکەیەوە پێچەوانەی بیرکردنەوەکانی پێشووتە.
من تەنیا ئەو سەرنجەم لەسەر قسەکانی هەبوو، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە:
بەڵێ من ویستم ڕاگەیاندنێکی وەها دروستبکەم بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، چونکە پارتی و یەکێتی بە ماکینەیەکی گەورەی ئیعلامی خۆیانەوە کەوتنە هێرش و پەلاماردانی بزوتنەوەکە، بەناچاری ئێمەش کەوتینە بەرگریکردن لەخۆمان، بەفیعلی نەمانتوانی سەربەخۆیی میدیاکەمان بپارێزین، بەدرۆودەلەسەش ناڕوات بەڕێوە بۆیە یەکجار یەکیدەخەینەوە و ناوی گۆڕانیشی لێدەنێین.
هەتا ئەوکاتە شتێك نەبو بەناوی "میدیای گۆڕان" هەرخۆیشی پێشنیازی ئەو ناوەی کرد، بەڵێنیشی پێدام پرۆژەیەکم بۆ یەکخستنەوەی گشت ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەکە بۆ بەرچاوروونی بۆ بنوسێت وتم :
کێشەکانی ناو ئەم دامەزراوانە کە تۆ دروستتکردون بەمن چارەسەر ناکرێن! بمبەخشە رەتی دەکەمەوە.
ئەویش وتی: ئەی بەکێ چارەسەر دەکرێت؟
وتم: بەخۆت و کەسیتر نا.
بەنیگەرانییەوە بیری خستمەوە لە هەڵبژاردنەکانی پارساڵ، لەوەڵامی پرسیارێکدا، پێشنیازی (سەرۆکی لیستی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بوون بەپارێزگاری شارەکە )م بۆ کردبوو، پێشم وتبو لەبەر خاتری سلێمانی و دەنگدەرەکانی، ئەو پۆستە وەربگرە، لە ئەوروپاش سەرۆک حیزبەکان پارێزگاری شارە گرنگەکانن.
وەڵامێکی سادەم بەنیگایەکی پڕ زویربونەوە لێ وەرگرت، هەناسەدانەوەیەک و هەردوکمان پێکەنین چونکە وتی:
پێشتر کردمت بەموتەسەریفی شار و ئێستا ئەتەوێ بمکەی بەمودیری تەلەفزیۆن؟
وەڵامێکی وەک موتەسەریف بونەکەیم دایەوە و وم:
ئەی بۆ نا؟ چەندینجار بۆ چارەسەری کێشەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی، مامجەلال خۆی راستەوخۆ ئەبوە سەرپەرشتیار و دوای شەش مانگ رادەستی کەسێکیتری دەکرد، تۆش وابکە.
وتی: تۆ بڕۆ، هەمو دەسەڵاتەکانی خۆمت ئەدەمێ.
وتم: ئەگەر بەنوسراو، بەئیمزای خۆت ئەمەم بۆ بنوسیت ئامادەم. جگە لەخۆشت، کەسیتر دەست لە ئیش و کارم وەرنەدا.
وتی: بێزاربووم لە کێشە و گلەیی و شکات و دەستوەردانی ئەموئەو، نامەوێ کەس بۆ کێشەی راگەیاندن بێتە لام، تۆش مەیەرەوە بۆلام، منیش پەیوەندیم نامێنێ، بڕۆ نوسراوێك بنووسە و بۆت ئیمزا بکەم.
وەك ئەوەی گفتوگۆمان لەبارەی یەکخستنەوەی کۆی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەکەوە کردبوو، ڕەشنوسی فەرمانی دەستبەکاربوونی خۆمم نووسی، چومە نهۆمی ئەرزی بۆ ئەوەی بیکەن بەنوسراوی ڕەسمی و خستمە بەردەستی "سکرتێری جفاتی نیشتیمانی".
سکرتێر، بە دودڵییەوە دڵنیایی لە من ئەویست بۆ وەڵامی "چۆن بەئیمزای ڕێکخەری گشتی؟!" چونکە ئەو دەیزانی نەوشیروان مستەفا ئیمزا لەسەر هیچ فەرمانێک بۆ پۆست و پلە و دەستبەکاربون ناکات بەناچاری باسی رێککەوتنەکەمانم بۆ کرد.
دوای کەمتر لە سەعاتێك نوسراوەکەم، خستە بەردەستی، چاوێکی پیاخشاند و وتی:
لەژیانی سیاسی خۆمدا، یەکەمجارە ئیمزا بۆ دەستبەکاربونی مەسولێک بکەم.
من نازانم ئەو بەچ مەبەستێک وای وت، بەڵام قسەکەی لەگەڵ بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی دەیان ساڵی ژیانی ڕێکخراوەیی و حیزبی و پێشمەرگایەتی ئەودا نەدەگونجا، ساڵانی دواتریش بەدواداچونم کرد، نەمبیست ڕۆژێک نەوشیروان مستەفا ئیمزای لەسەر فەرمانی دەستبەکاربونی کەسێک بۆ بەرپرسیارێتی کردبێت، وەلێ دڵنیابوم لەوەی کە من تەنیا کەس بووم بە ئیمزای ڕێکخەری گشتی، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، پلەی کار و فەرمانی رەسمی وەربگرم!
چومە ژووری ئیدارەی تەلەفزیۆنەکە، فەرمانەکەی رێکخەری گشتیم خستە بەردەستیان و وتم:
موباشەرەم بۆ بنووسن.
دەستێك لەملا و دەستێك لەولایان، نەیاندەزانی موباشەرە چییە و چۆن دەنوسرێ! ناچار خۆم نوسیم، چاپکرا و بەتەختەی ئاگادارییەکانا هەڵواسرا.
ڕۆژی دواتر ... وێنەیەکم لەنوسراوەکە دایە دەست ڕێکخەری گشتی و ئەویش پرۆژەیەکی لە چوار لاپەڕەدا بە دەستوخەتی خۆی دایە دەست من و وتی بڕۆ کاری لەسەر بکە.
لەسەر بنەمای رێنماییەکانی ئەو، ماوەی چەند ڕۆژێک لە هۆڵێکی داخراودا، کۆنفرانسێکمان بۆ میدیای بزوتنەوەکە ڕێکخست، ئاگادارییەکیشمان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی جگە لە کادرەکانی ڕاگەیاندن، هەرکەس لەناوخۆ و دەرەوەی ئۆرگانەکان تەنانەت لە دەرەوەی بزوتنەوەکەش خولیای ئەو بوارەیان هەیە، بەشداری کۆنفرانسەکەبن.
چەند کەسێکی کەم نەبێت، لە گرد و دەرەوەی گردەکە بایکۆتی کۆنفرانسەکەیانکرد!
هانام بۆ "شۆڕش حاجی" بەرپرسی کاتی پێشوی تەلەفزیۆنەکە برد و پێم وت: (ئەگەر بۆماوەی نیوسەعاتیش بێت وەرە و بەشداری بکە لەبەرئەوەی بتبینن و کادرەکان ڕووگیری بانگەوازەکەمان ببن).
شۆڕش هات، بەڵام هیچی لە مەسەلەی رێژەی بەشداریکردن نەگۆڕی.
کە سۆراخی هۆکاری ئەو بایکۆتە بەکۆمەڵەم کرد، بیستمەوە کە چەند گروپێکی ناو بزوتنەوەکە و میدیا، ناراستەوخۆ، هەڕەشەیان ناردووە بەوەی کەس بەدەنگ کۆنفرانسەوە نەچێت و وتویانە:
(ڕەزاق چەند هەفتەیەک بڕناکات، وەک "شۆڕش حاجی" وایلێدەکەین خۆی بڕوات، ئەوەی پشتیوانیشی بکات و بەشداری کۆنفرانسەکەی بێت دواتر لە میدیای گۆڕاندا، جێگەی نابێتەوە!)
چەند کەسێکیش وتیان ڕاستەوخۆ هەڕەشەمان لێکراوە، بەڵام مادام نەوشیروان مستەفا تۆی داناوە ئێمە پابەندی فەرمانەکەی ئەو دەبین.
سێیەم ڕۆژی کۆنفرانسەکە فەرمانێکم دەرکرد، تیایدا، بەهەمان ڕیتمی هەڕەشەکەی ئەوان نوسیبوم ئەوەی بەشداری کۆنفرانس نەبێت لە ئایندەدا بەتەمای ئەوە نەبێت لە میدیای گۆڕاندا، جێگەی ببێتەوە. جگە لە تەختەی ئاگادارییەکان پێموتن لە چەند شوێنێکی تریش نووسراوەکە هەڵبواسرێت.
هەفتەی یەکەم نەچوومە ئاپارتمان و هۆڵەکانی تەلەفزیۆن، لە سێ هۆدە و هەیوانێکی ئیدارە و ژمێریاری کە چەپەک و جیاواز کاری خۆیان دەکرد، مامەوە. پرسیاری هەرشتێک لە پرەنسیپەکانی ئیدارەم دەکرد، نەیانبیستبوو، تەنانەت پەڕاوەکانی سادیرە و واریدەشیان نەبوو! ژمێریاری وەک یەکەیەکی جیاواز کاری خۆیاندەکرد و ئەرشیفێکی باشیان هەبوو، بەڵام لیژنەی کڕین چەند ساڵێك بوو هەر یەك دوو کەس بوون، لای ئیدارە بوون و نەگۆڕدرابوون، ئیدارە لەجێی نەبوان بوو!
بەرپرسی ژوری کارگێڕی و دارایی کە ئێستا وەزیری دارایی هەرێمە، لە گۆترە و خواوەکیلی و بە میزاج پارەی سەرف دەکرد، هیچ شارەزایی لە ئیدارە، میزانیە، رێکارەکانی خەرجی و تەنانەت ڕێنماییەکانی چاودێری دارایی نەبوو، چەند گەنجێک و یەک و دوان کەسی شارەزا هەبوون، بەڵام لەژێر فەرمانی عەشایەری ئەودا، کاریان بۆ نەدەکرا، ئەیبوغزاندن و وەلا نرابوون. ژمارە حسابێکی کۆنی داخراوی تەلەفزیۆن نەبێت، هەموو بزوتنەوەکە حسابێکی بانکی نەبوو! لیستی ناوی ئەوانەی کاریان دەکرد و کاریان نەدەکرد، ئەوانەی هەبوون و نەبوون بەجۆرێک تێکەڵ بووبوون سەرم لێی دەرنەدەچوو! هەموو مانگێ زیاتر لە نیوملیار دیناری بەبێ میزانیە و بێ پسوڵە و بێ هیچ ڕێنماییەك، وێڕای "خەرجیی بەشداری ساڵانەی مانگی دەستکردی پەخشەکەی" بەتەنیا بۆ تەلەفزیۆنی کەی ئێن ئێن، خەرج کردبوو، جگە لەوەی ساڵانەش، سەربەخۆ بێ ئاگاداری کارگێڕیی بزوتنەوەکە، زیاتر لە یەک ملیار دینار پارەی ڕیکلامی بازرگانیی وەرگیرابوو!
دوای هەفتەیەک هیچیتر خۆم پێ نەگیرا، هەرچەندە وا رێککەوتبووین بۆ هیچ کێشەیەک نەگەڕێمەوە بۆلای، بەڵام چوومەوە دەرماڵی رێکخەری گشتی و پێم وت:
تۆ دروشم و ئاڵای جیابوونەوە و شەڕەکەت لەگەڵ پارتی و یەکێتی بە دامەزراوەییکردن و بە سیستەماتیك کردن و شەفافیەت و چاودێرییە؛ بەڵام خۆت تەنیا یەکەیەکی ئیداریت لەم گردە دروستکردووە، نە دامەزراوەییە، نە سیستمی هەیە، نەشەفافە و نە ئەشزانێ ڕێگەی چاودێریی دارایی لە کوێیە! ئەوەی لەو دامەزراوەیەی تۆدا لەگەندەڵی و بەهەدەردانی پارەدا دەگوزەرێ، لە هیچ شوێنێکی حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتیدا ڕووینەداوە.
وتی: "پێت وانەبێ من ئاگام لێی نیە، هەمووی ئەزانم، بەڵام لەگەڵ دوو حیزب و دوو ماکینەی ئیعلامی گەورەدا لەشەڕێکی قورسدا بووم، گرنگ لای من ئامانجەکە بووە کە بردنەوەی شەڕەکەیە، تۆ پێشمەرگە بوویت ئەبێ بیرت بێت کە دەچوینە سەر ڕەبیە و معەسکەرێکی دوژمن، گرنگ لای ئێمە گرتن و سەرکەوتن بوو، گوێمان نەئەدایە ئەوەی پێشمەرگەیەک تفەنگێ یان مەحزەنێک یان گیرفانی عەسکەرێک بۆ خۆی دەستدەخات، من ئاوا تەماشام کردووە بۆیە گوێم نەداوەتێ، تۆ ئەتوانی وانەبیت و قبوڵی نەکەیت".
وتم: بەدڵنیاییەوە قبوڵی ناکەم و ئەنجامەکەشی ئەبینیت.
دوای تەواوبوونی ئەم گفتوگۆیەی نێوانمان، دەستمکرد بەلێکۆڵینەوەی ورد و زانین و ئاشکراکردنی گەندەڵی و دزی و پارە کێشانەوەی ئەوانەی لەناو گۆڕان و بەناوی گۆڕانخوازانەوە دەستپیسی دەکەن .
خوا هەڵناگرێ لەشکری بەرامبەریش، لەو ڕۆژە بەدواوە، کەوتنە سەنگەری توڕەبوون و بوختان دروستکردن و دژایەتیکردنی من!
تێبینییەکی پێویست :
بۆ هەموو ئەم باسانە بەڵگەی نوسراوی رەسمی و شایەتحاڵ لەناو بزوتنەوەکە و کۆنووسی کۆبوونەوەکانی جڤات، گروپی راوێژ و هەندێ لیژنەی تایبەتمەند کە دروستدەکران و منی تێدا ئەندام بووم هەن، گەر نەیانفەوتاندبێت. بۆ خۆیشم لەبەرئەوەی لە ململانێیەکی توندا بووم هەمیشە بەڵگەنامە پێویستەکانم لە ئەرشیفی شەخسی خۆمدا هەڵدەگرت و لەلام ماون .
بڵاونەکردنەوەیان لەگەڵ ئەم زنجیرە وتارەدا تەنها لەبەر ئەوەیە ئەم زنجیرەیە لای من پرۆژەی کتێبێکە و لەگەڵ لاپەڕەکانی ئەو کتێبەدا بڵاویاندەکەمەوە .