ئێران فڕۆکەی جەنگى سوخۆی-٣٥ی لە ڕوسیا کڕی
2 ڕۆژ لەمەوپێش
فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ئێران فڕۆکەی جەنگی سوخۆی-35ی دروستکراوی ڕووسیای کڕیوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتانى ئەوروپاو ئەمریکا نیگەرانن لە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا.
ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵاى ئێرانی کڕینی فڕۆکەی سیخۆی-35 پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام عەلى شادمانی کە لێدوانەکانی لەلایەن تۆڕی هەواڵی (SNN)ى ئێرانیەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی فڕۆکەکانی ئاشکرا نەکردووە یان ئایا ئێران وەریگرتووە یان نا.
عەلى شادمانی، جێگری ڕێکخەری بارەگای ناوەندیی بنکەی بەرگری ئاسمانی خاتەم ئەنبایە لە سوپاى پاسدارانى ئێران، وتی: ئێمە هەرکاتێک پێویست بکات، کڕینی چەکى سەربازی دەکڕین بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی و زەمینی و دەریاییمان، بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازیش خێراتر بووە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئیسرائیل زیادی کرد: ئەگەر دوژمن گەمژانە مامەڵە بکات، تامی تاڵی بۆردومانی مووشەکەکانمان دەکات، هیچ کام لە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان بە سەلامەتی نامێننەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە تاران هەنگاوەکانى بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی ڕووسی تەواو کردووە.
فڕۆکەی سوخۆی 35 فڕۆکەی جەنگی نەوەی چوارەم و تایبەتمەندی بەرزی هەیە، بە یەک فڕۆکەوان فڕین دەکات، هەروەها کۆمەڵێک ئامێری تێدایە کە ڕێگەی پێدەدات بە پلەیەکی بەرزی وردبینی ئەرکەکانی ئەنجام بدات، بەجۆرێک بتوانێت شوێنپێی 30 ئامانج بگرێت، و هێرشکردنە سەر ٨ ئامانجی ئاسمانی لە یەک کاتدا یان دوو ئامانجی زەمینی.
سەرەتای ئەم مانگە ئێران و ڕووسیا ڕێککەوتنێکى ستراتیژیی تۆکمەیان واژۆ کرد کە باس لە گواستنەوەی چەکى نەدەکرد بەڵکو ئاماژەیان بە بەهێزکردنی "هاوکاری سەربازی- تەکنیکی" لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد.
ڕێککەوتنەکە لە کرێملین لەلایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا و مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران واژۆ کراوە و لە 47 ماددە پێکهاتووە کە زیاتر لە 30 بوارەکانی هاوکاری دەگرێتەوە، لە سیاسەت و ئابوورییەوە تا تەکنەلۆژیا و ئاسایش و بڕیارە بە ئۆتۆماتیک بۆ ماوەی 20 ساڵ بەردەوام بێت درێژکردنەوە بۆ ماوەی 5 ساڵی دواتر.
هێزی ئاسمانی ئێران تەنها چەند دەیان فڕۆکەی هێرشبەری هەیە کە بریتین لە فڕۆکەی ڕووسی و مۆدێلی کۆنتری ئەمریکی کە ئەو وڵاتە پێش شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ کڕیویەتی.