ئیسرائیل: بارمتەکان 8 مانگ لە تونێلەکان ڕاگیراون و خۆریان نەبینیووە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
فەرماندەی ئیسرائیلی دکتۆر ئاڤی پانۆڤ ڕۆژی دووشەممە بەئاژانسى ڕۆیتەرى ڕاگەیاندوە هەندێک لە بارمتەکان کە لە غەززە ئازاد کراون بۆ ماوەی هەشت مانگ لە تونێلەکانی حەماس ڕاگیراون و تیشکی خۆریان نەبینیووە و پەیوەندیان لەگەڵ کەسدا نەبووە.
پانۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە بارمتەکان پێیان ڕاگەیاندوون کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە تونێلەکانی ژێر زەویدا بوون و هەندێکیشیان بە تەنیا جیا کرابوونەوە."
سوپای ئیسرائیل پشکنینی پزیشکی بۆ سەرجەم بارمتە ئازادکراوەکان دەکات کە دەگەنە خاکی ئیسرائیل.
بەگوێرەی بانۆڤ، بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیلی وتویانە لە ڕۆژانی پێش ئازادکردنیان مامەڵەکردن لەگەڵیاندا باشتربووە و دواتر ڕێگەیان پێدراوە گەرماو بکەن و جلەکانیان بگۆڕن و خواردنی باشتریان پێدراوە.
پانۆڤ گوتی، بەهۆی پاراستنی نهێنی بارمتەکانەوە، ناتوانێت ئاشکرای بکات کە ئایا ئەو بارمتە ئازادکراوانە نیشانەی ئەشکەنجەدانیان پێوە دیارە یانیش دەستدرێژیان کراوەتە سەر یان نا.
پانۆڤ وتیشی "ئەو سێ هاووڵاتییەی کە لە یەکەم ڕۆژی ئاگربەستدا ئازاد کرابوون ڕۆژی یەکشەممە نەخۆشخانەکەیان جێهێشت، بەڵام ئەو چوار سەربازەی کە لە دووەم ڕۆژی ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی ڕۆژی شەممەدا ئازاد کرابوون هێشتا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن."
بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی ئەم 6 هەفتەیەدا، 26 بارمتە ئازاد بکرێن کە پێکهاتوون لە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و نەخۆش و بریندار.