پهرلهمانى عێراق دیراسهی یاساى وهرگرتنی نهوتی ههرێم دهكات
2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت ڕەشنووسی یاسایەکى پێشکەش بە پەرلەمان کردووە سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم و پێدانی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک پێشینە.
ئەمڕۆ دووشەممە، حهییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو پڕۆژەیەک هەیە کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی هەرێم و پێدانی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەکو پێشینه.
وەزیرى ناوبراو ئاماژە بەوەشکرد ئەمە بەردەوام دەبێت تاوەکو تێچووی ڕاستەقینەی وەبەرهێنان لە غاز لە کێڵگەکانی هەرێم کە کار بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن دووبارە دیراسە دەکرێتەوە
وتیشى: لە بەرامبەریشدا هەرێم ڕۆژانە لە 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل ڕادهست بكات بۆ ئهوهی له ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقییەوە (سۆمۆ) ههناردهبكرێت.
سەبارەت بە نرخی نەوت، عەبدولغەنی دووپاتی کردەوە کە نرخی نەوت لە نێوان 70-80 دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک، هیوادارین لە چوارچێوەی ئەو ئاستانەدا بمێنێتەوە یان کەمێک بەرزبێتەوە لە پێناو دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ بودجەی دەوڵەتی عێراق.
لەلایەکى دیکەوە وتەبێژی فەرمی حکومەتى عێراق، باسم ئەلعەوادی، ئەوەی ڕەتکردەوە کە لە بەیاننامەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە نوێنەری حکومەتی فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕێگری لە هەموارکردنەوەی ئەو مادەی پەیوەستە بۆ ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە لە بودجەدا.
ئەلعەوادی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕگەکانی مادەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دەکەین، لەوانەش ڕادەستکردنی داهاتی دارایی، چ نەوت بێت یان نانەوت، بۆ حکومەتی فیدراڵی، بەپێی ئەوەی لە یاساکەدا هاتووە و بڕیاری دادگای فیدراڵی.
ئاماژە بەوەشکرد پابەندبوون بەم ڕێکارانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بەم پرسه و بەرزکردنەوەی هاوکاریی نێوان هەردوولا، حکومەتی فیدراڵیش هیوادارە ئەنجومەنی نوێنەران پەلە بکات لە پەسەندکردنی هەموارکردنەکە وهكو ئەو دەقەیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە، بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراق.