یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەوکوێ دەڕوات؟"٦"

مەحموود مەمەدئاغا

2 ڕۆژ لەمەوپێش



مەحموود مەمەدئاغا

کاتێک ئەڵێم یەکێتی نیشتمانی ڕێگایەکی چەواشەی گرتوەتە بەر، کاتێک ئەڵێم؛ یەکێتی نیشتمانی ئێستا لە دۆخێکدایە کە گوتار و دنیابینی و بەستێن و ڕەهەندە هزریی و سیاسییەکانی لە هیچ خانە و مەکتەبێکی فکریی و ئایدیۆلۆژی ناسراو و پێناسەکراودا جێی نابێتەوە و تەنانەت بە بنەما حیزبی و ستراتێژییەکانی خۆیشی وەفادار نییە، هەڵەم نەکردووە و ئەوەش تەنیا ئیدیعا نییە. ئەم کورتە وتارەی ئێستا و بەشەکانی پێشووتری بەڵگەمەندن و سەلمێنراوە بە ئەزموونی کرداریی و دەسەڵاتداریی ئەو حیزبە.

دیموکڕاسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سێکیولاریزم، پێشکەوتنخوازیی و پەیوەندیی شەفاف و ڕاستگۆیانەی نێوان حیزب و جەماوەری ناوخۆی حیزب و دەرەوەی حیزب بەگشتی و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و پابەندبوون بە یاسا و ڕێسا و جاڕنامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و زۆر بواری دیکەش، ئەو چەمکە پێناسەکراوانەن کە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێویستە خوێندنەوەی ڕوونی هەبێت بۆیان و بەو پێیە پێناسەی جێگە و پێگە و قەوارەی خۆی بکات. هەرچەند مانیفێست و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی بەڕوونی ئاماژەی بەم چەمکانە کردووە و بە ڕوواڵەت لەسەر ئەم بنچینەیە دامەزراوە، بەڵام لە کردەوەدا و هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانی ئەم دواییانەی، حەقیقەتی پێچەوانە و نامۆ بەم بنەما فیکرییانە دەردەخەن. بە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر کارنامەی ئەم دووساڵەی دوایی ئەو حیزبەدا، ئەم واقیعە ڕوونتر دەردەکەویت. لە ڕوانگەی منەوە هەر حیزبێک جیاوازیی لە نێوان قسە و کرداریدا هەبێت، حیزبێکی درۆزنە!

 لێرەدا بۆ ڕوونتربوونەوەی بابەتەکە و تەنیا بۆ وەبیرهێنانەوە ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم:

پێشێلکردنی دێموکڕاسی  لە ڕێگای میلیتاریزە و ئەمنیکردنی کەشی نێو شار و قەزا و ناحیە و گوندەکان و بەکارهێنانی هەڕەشە و زەبروزەنگ لە دژی جیاوازبیر و نەیاران و هێنانە ئارای فایل و دۆسییەی ساختە، گەندەڵی ئابووری، واتە ( قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سەروەت و سامان و داهاتی کۆمەڵگا)، گەندەڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چەشنی سەرجەم ئەو هەڵسوکەوت و جۆری پەیوەندییە دیپلۆماسییە شاراوە و ئاشکرایانەی پیادەی کردوون و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەسەر بنەمای نەریتی خزمخزمێنە و بێبەشکردنی زۆرینەی خەڵک لە بەشداریکردن لە سیستەمی سیاسی و ئیداریدا. بەربەستکردنی گەشەی ڕۆشنبیریی و پەرەپێدانی خورافە و کۆنەپەرستی لە ڕێگای داخستن و پلۆمپکردنی بنکە و بارەگا ڕۆشنبیرییەکان و ڕێگا خۆشکردن بۆ توێژی کۆنەپەرستی کۆمەڵگا و لەوانەش نوشتە و دوعانووس و شێخە تەزویر و درۆزنەکان،  قوربانیکردن و ژێرپێخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک و خەسارگەیاندن بە سەروەریی و سەربەخۆیی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای سازان و ساتوسەوداوە لەگەڵ هێزە نەیارەکانی خەڵکدا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان،  ناشەفافی و ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ جەماوەری ناوخۆی حیزب و کۆمەڵگا بەگشتی؛ کە سەرجەم دروشم و وەعدە و وەعیدە درۆ و بێ بنەماکانی پێش هەڵبژاردن و دوای ئەویش دەگرێتەوە. ژێرپێنانی مافەکانی مرۆڤ، بەرتەسکترکردنەوەی گۆڕەپانی پیشەیی و ئابووریی و سازکردنی کەشێکی نالەبار و نائارام بۆ کەرتی پێشەسازیی و بازرگانی و کاسبکار کە وەستانی بازاڕ و گرانبوونی کەلوپەل و هەڵاتنی دەوڵەمەند و بازرگانەکانی کوردستانی لێکەوتوەتەوە و زۆر بوار و نموونەی دیکەش هەن کە لێرەدا دەرفەتی ئاماژەکردن بە هەموویان نییە.

پێکهاتەی ئێستای یەکێتی نیشتمانی بەجۆرێکە کە بەم تایبەتمەندییانەی ئێستایەوە ئیستعداد و توانای خۆقوتارکردن لەم زەلکاوەی نییە. ئەم حیزبە بۆ چارەسەری کێشەکان و دەربازبوونی لەو دۆخە نالەبارە، پێویستیی بە گۆڕانکاریی قووڵی نێوخۆیی و نۆژەنکردنەوەی سیستەم و سەرجەم جومگەکانی هەیە. یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای ڕێفۆرم و چاکسازیی حیزبی، پەتای باڵباڵێن و ململانێی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورییە لە نێو کادێرەکانی سەرەوە و بەڕوونیش، لەناو تاقمێک لە سەرکردەکانیدا. ئەو حیزبە لە ڕێگەی چەند شێوە کودەتایەکدا، بە ڕاوەدوونان و سڕینەوەی کەسایەتی و کادێرە بەتواناکانی خۆی، لە ڕاستیدا بەشێکی گرینگی پوتانسێل و توانا و وزەی بەرگریکردنی خۆی بەفیرۆدا. زۆرینەی ئەوانەش لە لوتکەی دەسەڵاتی ئەو حیزبەدا ماونەتەوە، یان توانای چارەسەرکردنیان نییە و یانیش ئەم دۆخەیان بەدڵە و ئەم ئاڵۆزیی و کەس بە کەسییە لەگەڵ بەرژەوەندیی خۆیان هاوتەریب دەبینن.

دیاردەی باڵباڵێن و دابەشبوونی حیزب بۆ چەند جەمسەری ئاشکرا و شاراوە لە سەر ئامانج و بنەمای بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی تاک و تاقم، ئەو پەتا دزێوەیە کە خەساری گەورە لە جەستەی کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی و ئابووریی و ئیداریی دەدات. کاتێک هەرکەس تەنیا و تەنیا بیر لە پڕکردنی گیرفان و تێرکردنی حەزەکانی خۆی دەکاتەوە و ئامراز و ئیمکانە گشتییەکان لەم پێناوەدا بەکار دێنێت، لەڕاستیدا  تەنیا لە سەر حیساب و بەقوربانیکردنی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک دەتوانێت ئەمە بکات.

هاوکات، هەرەمی داڕشتنی دەسەڵات لەو حیزبەدا بەجۆرێکە کە جەماوەری نێو حیزب، کومیتەکان و کادێرە مامناوەندییەکان نە هیچ دەنگ و ڕەنگێکیان هەیە و نە دەشتوانن کاریگەرییان لە سەر بڕیاڕبەدەستانی حیزب هەبێت. ئەم چەقبەستووییە وەک خۆرە کەوتووەتە گیانی یەکێتی نیشتمانی و بەدەر لە دابەزینی کێش و قورسایی حیزب لە دەرەوە، لە ناوخۆشییەوە خەریکە وەردە وردە لێکهەڵدەوەشێت و پەرەم پەرەم دەبیت.

ئەمە چیرۆکی تاڵی ڕەوتی چکۆلەبوونەوەی یەکێتی نیشتمانی بۆ دۆخی ئاسایی کوردستان و عێڕاق و ناوچەکەیە. ئەی لە ئەگەری ڕووداوی نەخوازراوی سیاسی و ئەمنی و قەیرانی قوڵتری ئابووری و ئاڵوگۆڕی لەناکاودا، وەک سەرجەم شەڕ و کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست و لە ئەگەری ڕاگوازرانی بۆ عێڕاق و کوردستان، ئەو حیزبە بەم دۆخە شپرزەی ئێستایەوە چۆناوچۆن بەرگە دەگرێت و چۆن دەتوانێت بەرگریی لە خۆی و خاك و خەڵکی کوردستان بکات؟ پێویستە دەسەڵاتدارانی ناو یەکێتی تا درەنگ نەبووە ئەم پرسیارانە لەخۆیان بکەن و ئەگەر بۆیان گرینگە و وزەیەکیان بەبەرەوە ماوە، وڵامیان بدەنە.

هەرچەندە کەش و هەوای نێوخۆی یەکێتی نیشتمانی لێڵ و تەماوییە و ئەمە نە بۆ من و نە بۆ کەس قازانج و جێگای دڵخۆشییە،  بەڵام ئاسۆی خەڵکی کوردستان ڕوونە. هیوا بە سەرکەوتن و داهاتوو ئەو گڕ و تین و تەوژمەیە کە سەدان ساڵە نەیهێشتووە ئاگری خەبات بکوژێتەوە. بەدیل و ئەڵتەرناتیڤی ئەم حیزبانە وەک ئامرازی خەبات، بوونی هەیە. ئەمە تەنیا قسەی ئەمڕۆ نییە و مێژوو دەڵێت کە ئەوەی لە دڵی خەڵک دەرکرا و لەبەرەی گەل نەبێت، مەحکوومە بە تووانەوە. هێزی جەماوەری نێوخۆی یەکێتی نیشتمانیش لە هێزی بەرەی گەلدایە و پێویستە ئەو ڕۆژە بێت کە ئەم هێز و توانایانە لە پێناو ڕزگاریی و بەختەوەریی گشتیدا، یەک بخرێن. حیزب وەک هەر ئامرازێکی دیکە، ئەگەر بە ڕۆژ و لەساتی گونجاوی خۆیدا نەکرێتەوە، ئیتر کەڵکی نامێنێت وئێکسپایر دەبێت. واتە حیزبی بێکەڵک کە ناتوانێ لەخزمەت نەتەوەکەیدا بێت، زەرەری لە قازانجی زیاترە و نەبوونی لە بوونی زۆر باشترە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار