جۆلانیی كەسایەتیەكی كاریزمی نییە، رەگوڕیشەی مێژووییشی نییە

سەرتیپ جەوهەر

2 ڕۆژ لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر

بەشی دووەم

لەگەڵ رووخانی رژێمەكەی ئەسەد، رێكخستنەكانی حزبی بەعسی دیكتاتۆر هەڵوەشایەوە و بەرپرس و ئەندامانی باڵای ئەو ڕژێمە وەك ئاردی ناو دڕكیان لێهات، هیچ شوێنەوارێكیان دیار نەما، بەڵام دوو هەفتەیە بەشێوەیەكی رێكخراو وەك تۆڵەسەندنەوە ئەفسەر و پلەدارانی سەربازیی كەمینەی عەلەوییەكان یەك یەك دەكوژرێن. هەروەك خەڵكی مەدەنیش دەڕفێنرێن و هەندێكیان چارەنووسیان دیار نییە، بۆ نمونە رەشا ئەلعەلی كە مامۆستای زانكۆیە و كەسێكی دیاربووە لە حمس.

لەگەڵ ڕووخانی رژێمی بەعس لە 7ی كانونی یەكەمی 2024دا، هێزەكانی رووسیا ماوەی چەند رۆژێك بە بەردەوامیی لە فرۆكەخانەی (حمێمیم) لە ڕێی دوو فرۆكەی سەربازیی بارهەڵگرەوە بەشێك لە بەرپرسانی حزبی بەعس و ئەفسەر و پلەدارەكانی ئەو رژێمە و ئەو چەكدارانەیان دەگوێزایەوە كە سەر بە گرووپە ئێرانیەكان بوون. بەپێی لێدوانی رەسمیی بەرپرسانی ڕووسیا، جگە لە بەرپرسانی حزبی بەعسی سووریا، زیاتر لە 4 هەزار چەكداری ئێرانیان لە سووریا دەرباز كردووە.

عەلەوییەكان كەمینەی سەردەستی سوریابوون لە رابردوودا، بە شێوەیەكی گشتیی دەكەونە ناوچە كەناراوییەكانی وەك تەرتوس و لازقیەوە، لە هەندێ ناوچەی دیكەی دەشتاییش هەن، بۆنمونە لە گوندەواریی شام و حمس و حەما..تد. ئەو پێكهاتەیە دەسەڵاتداری سووریا بوون بۆیە توانای دارایی و چەكدارییان هەیە، هەست بە مەترسی رووبەرووبونەوەی تایفی دەكەن بۆیە پێدەچێت هەوڵی خۆرێكخستنەوە بدەن، رەنگە دەستی دەرەكیش هاوكاریان بێت، بەڵام تا ئێستا نە حزبێكی كاریگەر و نە كەسایەتییەكی كاریگەرییان نییە كۆیان بكاتەوە. تەنها لێرەولەوێ‌ گروپی بچووكیان هەیە. بەپێی هەندێ زانیاریی گروپی چەكداری بچووكیان لێ‌ دروستبووە، بەشێكیان خۆیان لەناوچە شاخاوییەكان حەشارداوە.

ناوچەی عەلەوییەكان دوو تایبەتمەندی هەیە؛ لەناوچەكانی دیكە جیای دەكاتەوە. یەكەمیان دەكەوێتە سەر دەریای سپی، دووەمیان ناوچەكانیان شاخاویی سەختە و جەنگەڵستانە. ئەمەش زەمینەی خۆحەشاردان و رووبەرووبوونەوەی زیاتر دروستدەكات بۆیان.

لە بەری رۆژئاوای سوریاوە، سوپای ئیسرائیل رۆژانە هەنگاو بە هەنگاو ناوچەی زیاتر بەتایبەت پارێزگای قونەیتەرەی سنوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە داگیردەكات، ئێستا لەنێوان 25 بۆ 30 كیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە. لەو ناوچانەشی داگیریكردوون، داوای لەخەڵكەكە كردووە هەرچی چەك و تفاقی سەربازیی هەیە رادەستی سوپای ئیسرائیلی بكەن لەبەرامبەر بڕێك پارە بۆ هەر پارچە چەكێك. لە چەند هەفتەی رابردوودا، دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەزاران پارچە چەكیان رادەستی سوپای ئیسرائیل كردووە.

دروزەكان، دەكەونە ناوچەكانی نزیك سنوری ئیسرائیل. زیاتر لە پارێزگای سوەیدا و قونەیتەرە و هەندێك گوندەواریی دیمەشق هەن. لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد هێزێكی چەند هەزار کەسییان بۆخۆیان دروستكردووە. پێدەچێت ئیسرائیل و ئەمریكا هاوكارییان بكەن. خاوەنی رابەرێكی رۆحین بەناوی (حیكمەت هجری) كە هەم رۆڵی رابەرێكی سیاسی و هەمیش ئاینیی دەبینێت و دروزەكانی كۆكردۆتەوە.

تا ئێستا دروزەكان رێگەیان نەداوە هێزەكانی جۆلانی بچنە ناوچەكانیان؛ بە تایبەتیش پارێزگای سوەیدا و دەوروبەریی. هەرچەندە چەندجارێك هەوڵیانداوە، بەڵام رێگرییان لێكراوە.

دروزەكان بەر لە رووخانی ئەسەد جموجۆڵی جەماوەریی و چەكدارییان دەستپێكردبوو. سوپاو موخابەراتی سوریا لەناوچەكانیان خۆیان سڕكردبوو، بۆیە كاتێك رژێم رووخا، ناوچەكانیان رووبەرووی تەنگەژە و شێوان نەبوویەوە.

ناوچەی سوننەكانیش كە دیمەشقی پایتەخت و ناوەندی سووریا زیاتر دەگرێتەوە، هێزەكانی جۆلانی تێدا باڵادەستن. ئەو هێزەی هاتووە خاوەنی مێژووی سیاسی یاخود بنكەی جەماوەریی نییە. جۆلانی بۆخۆیشی كاریزما نییە تا بتوانێت خەڵكی سوریا كۆبكاتەوە، بەڵكو هێزێكی چەكدارە و هیچ تێگەیشتنێكی دیموكراتییانەی بۆ حوكمڕانی نییە، زیاتریش وەك فەرماندەی هێزێكی چەكدار هەڵسوكەوت دەكات.

هێشتا سیمای حوكمڕانی دیار نییە، تەنها جموجۆڵی سیاسی لەسەر ئاستی ناوچەكە هەیە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە كەس باسی پرسی گواستنەوەی دیموكراتییانەی دەسەڵات ناكات. لەو ناوچانە حزبی سیاسی و كاریزمای جەماوەریی نییە، ئەوەی هەیە محەمەد جۆلانی و هێزێكی چەكدارە كە 25 هەزار چەكدارێك دەبێت؛ ئەمەش یەكێكە لە گرفتە گەورەكانی بەردەم پرسی دیموكراسی. هاوکات دیار نییە حوكمڕانیش چۆن رێكدەخرێتەوە؟! لە كاتێكدا مەرجی سەرەكی لابردنی سزاكانی ئەمریكا و ئەوروپا پرسی گواستنەوەی دیموكراتیانەی دەسەڵاتە لە دەسەڵاتێكی چەكدارەوە بۆ دەسەڵاتێكی شەرعیی مەدەنی.

ناوچەكانی رێڤەبەری خۆسەر-یش كە بە ناوچەی كوردەكان ناسراوە، هێزێكی زۆر كاریگەری چەكداری هەیە؛ ئەویش هێزەكانی سوریای دیموكراتە. ئەم هێزە هەم هێزێكی مەشقپێكراوی سەردەمیانەیە و ژمارەیان لە هەموو هێزەكانی دیكەی ناوخۆی سوریا زیاترە، هەم چەكدارترن و خاوەنی پشتیوانییەكی گەورەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییشن. هەر بۆیە ئەو ناوچەیە سەرنج و تێبینی لەسەرە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیی بە پێشخستنی بەشداریی سیاسییەوە هەیە، پێویستە دوور لە دەستوەردان و تێگەیشتنی حزبی گفتوگۆی جددی لەسەر بكرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار