بۆچی کوردانی سوریا داوای هاوپەیمانێتی ستراتیژی لە ئیسرائیل دەکەن

نووسینی: ئۆفرا بێنگیۆ

2 ڕۆژ لەمەوپێش



نووسینی: ئۆفرا بێنگیۆ

وەرگێڕانی: قاسم محەمەد فەتاح

 

لە ژێر هەڕەشەی تورکیا و بریکارەکانی لە باکوری سوریا و ئیسلامییە دەسەڵاتبەدەستەکان لە باشوور، پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) و لقە سوریەکەی، پارتی یەکیەتی دیموکراتی( پەیەدە)، هێمای سۆز بۆ ئیسرائیل دەنێرن. بەڵام ئایا ئیسرائیل دەتوانێت بە ئەرێنی وەڵامیان بداتەوە بێ ئەوەی بەرەیەکی جەنگی تر، ئەمجارەیان لەگەڵ ئەنقەرە بکاتەوە؟

       پیاوێك بەلای دیوارێکدا تێدەپەڕێت تابلۆی وێنەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لەسەر نەخشێنراوە، یەکێکیان ئالایەکی بەرزکردۆتەوە و ووێنەی     عەبدولا ئۆجەلان-سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەسەرە لە قامشلی-سوریا  .وێنەکە لە مانگی ڕابردوو لە لایەن دلیل سلیمان لە ئاژانسی فرانسپرێس دا گیراوە.

ڕووخانی کتوپڕی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، گۆڕانکارییەکی لە هزری کوردی ڕووەو ئیسرائیل بەدوای خۆیدا هێنا. پارتە سیاسییە کوردییەکەی تورکیا و باڵە چەکدارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و لقەکەی سوریای، پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، لە ئێستادا داوای هاوپەیمانی ستراتیژی لە ئیسرائیل دەکەن.

پەیەدە کە هەڕەشەی مانەوەی لە لایەن تورکیا و بریکارەکانی لە باکوری سوریا و ئیسلامیەکانی لە باشوورەوە لەسەرە، هەستاوە بە ناردنی هێمای سۆز بۆ ئەگەری پشتگیری ئیسرائیل و تەنانەت هاوپەیمانێتیش. دەربڕینی ئەم هەستانە بوونە هۆی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ناوچەی نیمچە ئۆتۆنۆمی کوردستان لە سوریا کە لەلایەن باڵی سیاسیی پەیەدەوە ڕابەرایەتی دەکرێت.

هەزاران خێزانی کورد لەترسی پێشڕەوییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرەو حەلەب و تەل ڕەفعەت هەڵهاتوون لە پەناگەی کاتی و سەر شەقامەکانی شاری تەبقای ژێر کۆنتۆلی کوردەکان کەوتوون. وێنە: هۆگر عەبدە – ئاسیۆشیتدپرس.

 

لە مانگی تشرینی دووەمدا، تەنها سێ ڕۆژ پاش دەستبەکاربوونی وەك وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدعۆن ساعیر ڕایگەیاند: گەلی کورد نەتەوەیەکی مەزنە، یەکێکە لە نەتەوە گەورەکان کە سەربەخۆیی سیاسیان نییە و ئەوان هاوپەیمانی ئێمەن. ساعیر کوردەکانی وەك قوربانی چەوساندنەوەی ئێران و تورکیا ناوزەدکرد و جەختی لەوە کردەوە کە  دەبێت ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوان بەهێز بکات.

ڕەنگدانەوەی قسەکانی ساعیر گوزارشت لە بۆچوونە لەمێژینە ڕاستەقینەکانی دەکات، لەکاتێکدا لێدوانەکەی ئامانجی دەستبەجێی لەسەر زەوی بەدوای خۆیدا هێنا؛ لەوانە هاوسەنگکردنی هێزە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان لە سوریا، بەرپەرچدانەوەی پشتگیری تورکیا لە حەماس و هێرشی زارەکی ئەنقەرە بۆ سەر ئیسرائیل لە کاتی شەڕی غەزە و گۆڕینی ڕای گشتی بۆ سەر کوردە چەوساوەکان کە گرنگیەکی ئەوتۆیان پێنەدرابوو بەقەد گرنگیدان بە فەلەستینییەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

شکاندنی تەلیسمی قەدەغەی پەیوەندییەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ساعیر و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی قەوارەی کوردی سوریا کە بە رۆژئاڤا ناسراوە ئاشکرابوو.

دەزگای ڕاگەیاندنی سەر بە قەوارە کوردییەکان بڵاویان کردەوە کە ئیسرائیل گەرەنتی ئەرێنی داوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی تر هەوەها ئەوەشیان خستە ڕوو کە بەرپرسان تاوتوێی بارودۆخی سوریا و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەروەری سوریا و پەلامارەکانی تورکیایان بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوتوێ کردووە. لە هامان کاتدا ڕاپۆرتێکی هاوشێوە لە ڕۆژنامەی (ئیسرائیل هیۆم)ی باڵی ڕەوتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە.

بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم جوڵە دراماتیکییە، پێویستە لە ڕەوشی مێژوویی و جیۆستراتیژی تێبگەین. لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە تا ئەم دواییانەشی لەگەڵدابێت پەکەکە و لقەکەی سوریای 'پەیەدە"، خۆیان لە ئیسرائیل بەدوور دەگرت و بگرە هەندێك جاریش پەکەکە هاوپەیمانی لەگەڵ دوژمنانی ئیسرائیل دەکرد.

ئایدۆلۆجیای پەکەکە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە توندی دژە ئیسرائیل بوو، چەکدارەکانیان لە دۆڵی بیقاع لە لوبنان لەگەل ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین مەشق و ڕاهێنانیان دەکرد. لەلای خۆیەوە ئیسرائیل خۆی لە پەکەکە بەدوور دەگرت، بەهۆی ئەو پەیوەندیە توندوتۆڵەی ئەوکاتەی تەلئەبیب و تورکیا، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا گەیشتە لوتکە. تورکیا پەکەکە بە تیرۆریست و جوداخواز ناوزەند دەکات و هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ئەو گرووپەی قەدەغە کردووە.

دەبوایە ئیسرائیل ئەو کێبڕکێ توندەی نێوان گرووپ و قەوارە جۆراوجۆرە کوردیەکان لە هەر چوار پارچەی ئەو وڵاتانەی کە کوردیان تێیدا نیشتەجێیە لە  تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا بە هەند وەربگرێت.

 کاتێك پەکەکە بارەگاکانی هێنایە کوردستانی عێراق و چیای قەندیلی کردە بنکەی ستراتیژی خۆی، دوژمندارییەكی قووڵ لە نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق سەریهەڵدا، پارتی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو پەیوەندیەکی پچڕ پچڕی نهێنی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە. بەم شێوەیە ئیسرائیل ئامادە نەبوو دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات و خۆی لە پەکەکە بە دوور دەگرت.

گرتنەبەری دەسەڵات لەلایەن هێزە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکانەوە لە سوریای دوای ئەسەد و پێکهاتەی جیۆپۆلەتیکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لوبنان و سوریا بووە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بۆ پەکەکە بەگشتی و کوردەکانی سوریا بە تایبەتی.

ئەندامێکی کوردی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەناو باڵەخانە ڕووخاوەکانی ڕەقەی سوریادا دەڕوات وەک بەشێک لە شەڕی دژی جیهادییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژی  28ی تەمووزی سالی2017. ووینە: دلیل سلیمان- فرانس پرێس.

لە ساڵی 2011 بەدواوە پەیەدە و باڵە چەکدارەکانی یەپەگە و یەپەژە توانیویان بە سەرکەوتوویی داعش ببەزێنن و خۆیان بکەن بە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا. لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە عەرەب و کریستیان و تورکمانییەکان ناوچەیەکی خۆسەریان دامەزراند بە ناوی ڕۆژئاڤا و تەنانەت توانیان شێوازێکی کارکردن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد پەرەپێبدەن.

ئەم هەموو دەستکەوتانە لە سوریای دوای ئەسەددا کەوتونەتە مەترسییەوە. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دوژمنی سەرسەختی کورد تورکیا و بریکارەکەیەتی کە خۆی لە سوپای نیشتمانی سوریادا دەبینێتەوە لە ساڵی 2016 ەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر لە شەڕدان.

تورکیا  پەیەدە و  پەکەکە وەك دوو ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزەد دەکات، بەڕێوەبەری خۆسەر بە هەڕەشەیەکی وجودی وێنا دەکات، لەترسی ئەو پێشینە و باهۆزە پێچەوانەیەی بۆ ناوچە کوردنیشینەکانی تورکیا دێت. بۆ ئەنقەرە، گۆڕینی پاسەوانان لە سوریا باشترین دەرفەتە بۆ لەناوبردنی ئەم قەوارە خۆسەریە.

گردبوونەوە و پرسەی ژنانی کورد لە جواردەوری تابووتی ئەندامێکی ژن سەر بە یەکینەکانی پاراستنی ژنان  کە بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی تورکیا گیانی لەدەست داوە.  شاری قامیشلۆی باکوری ڕۆژهەلاتی سوریا لە ٢٢ کانونی یەکەم ٢٠٢٤. ووێنەکە:  دلیل سلیمان -فرانس پرێس.

جا دەبێ هێزە کوردییەکان چ پێشنیارێکیان بۆ ئیسرائیل هەبێ؟ ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، پەیەدە پێشنیاری هاوبەشییەکی ئاشکرا و کراوە دەکات – هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستانی _عێراق هەمیشە پەیوەندییەکی ژێربەژێری لەگەڵ ئیسرائیلدا پێ باشتر بووە. ئەم دەستپێشخەریانەی پەیەدە جێگای ڕەزامەندی و قبوڵکراو بوو لەلایەن سەرکردایەتی پەکەکەوە لە قەندیل. سەرکردایەتی ئەم ڕێکخراوە گۆڕانکارییە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک دەرفەتێک و لەهامانکاتدا وەک هەڕەشەیەکی گەورە – نەک تەنها بۆ هەردوو ڕێکخراوەکە بەڵکو بۆ خودی بیرۆکەی دروستبوونی بەڕێوەبەری خۆسەر لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەبینێت.

هەڵکشانی پێگەی ئیسرائیل لە گۆڕانکاریەکانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ ئەمریکادا، کردوویەتی بە باشترین هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی تورکیا لە سوریا و دەرەوەی سوریا.

نمایشی سەربازی شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە)، پاش گەڕانەوەیان لە شەڕی جیهادیەکانی داعش لەسەر سنوری تورکیا، لە قامیشلۆ-سوریا لە حوزەیرانی ٢٠١٥. ووینە-فرانسپرێس

 

گومانی تێدا نییە کورد لە دەرگایەکی کراوەوە چووەتە ژوورێ. ئیسرائیل و جولەکەکان بە گشتی هەرگیز هەڕەشە نەبوون بۆ کورد بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە لایەنگری دۆزی کورد بوون.

لە ڕاستیدا ئیسرائیل داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ کورد کرد لە ساڵی ٢٠١٧ دا، ئەمەش درێژەدان بوو بە پەیوەندی دەیان ساڵەی لەگەڵ دۆزی کورد، هەروەها پەیڕەویکردن بوو لە سیاسەتی  'باوەڕی دەوروبەر' ی دەیڤید بن گوریۆن  کە ئامانجی دروستکردنی هاوپەیمانی بوو لەگەڵ ڕژێمە غەیرە عەرەبییەکان و کەمینەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوەی شایانی باسە بە پێچەوانەی تورکیا و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاوە، ئیسرائیل هەرگیز بە فەرمی پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نەناساندووە.

پەیامەکەی ساعیر بووە جێی خۆشحاڵی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی کورد. هێشتا دەبێت چاوەڕوانییە مەزنەکان بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. دوابەدوای ئەم گێژاوانەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە، هەردوولا ئیسرائیل و پەکەکە هێشتا لە قۆناخی هەلسەنگاندن و داڕشتنەوەی سیاسەتەکانیان بەردەوامن بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی و کارە لە پێشینەکانیان. هەرچەندە ساعیر جەختی لەوە کردەوە کە بانگەوازەکەی "هەردوو لایەنی سیاسی و ئاسایش لەخۆدەگرێ"، بەڵام لە واقیعدا توانا یان ئامادەیی ئیسرائیل بۆ پشتگیری سەربازی ئاشکرا بۆ کورد لە سوریا تەواو سنووردارە لەبەر ئەم هۆکارانە:

لەگردبوونەوەیەکدا لە سالی ٢٠١٧، پیاوێکی کورد ئالای ئیسرائیل و کورد دەشەکێنتەوە پێش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کورد لە هەولێر-عێراق . پاش ماوەیەکی کەم، حکومەتی عێراق هەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیلی لەبەردەم جەماوەردا بە تاوان دایە قەلەم. ووینە: ئازاد لەشکری -ڕۆیتەرز

 

یەکەم: نەبوونی سنووری هاوبەش لە نێوان ئیسرائیل و قەوارەی کوردی سوریا.

دووەم: سەرەڕای ئەو هەموو دوژمنایەتیەی تورکیا بەرامبەر بە ئیسرائیل و دۆزە لیبراڵیەکانی دژە جولەکەگەرایی، ئیسرائیل ئامادەنییە بەرەیەکی نوێی ململانێ لەگەڵ ئەنقەرەدا بکاتەوە لە کاتێکدا ئێستاکە لەگەڵ حەوت بەرە لە ململانێدایە. هەر وڵاتێك دەستی یارمەتی بۆ پەکەکە درێژبکات ئەنقەرە زۆر بە سادەیی بە دوژمنی خۆی دەزانێت.

سێیەم: ئیسرائیل نایەوێت ببێتە بەشێك لەو ڕکابەرییە بێکۆتاییانەی نێوان حزب و گروپ و پێکهاتە کوردییەکان.

 سەرەڕای ئەمانەش ئیسرائیل هێشتا دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و سیاسیدا، بەتایبەتی لە کۆڕبەندە دوولایەنی و جیهانیەکاندا. دەتوانێت لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لۆبی بۆ بەرژەوەندی کورد بکات؛ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ دۆزی کورد لە جیهاندا و داکۆکیکردن لە وەرگرتنی چاودێرانی کورد هاوشێوەی چاودێرە فەلەستینییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆڕبەندە جیهانیەکان.

بیرۆکەیەکی دیکە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە باس دەکرێت، ئەویش ئەوەیە کە کورد بکاتە بەشێک لە (ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم)، ​​وەک هاوبەشێك لە بنیادنانەوەی ژێرخانی ئاسایشی نوێ، ڕەنگە لە سوریای دوای ئەسەددا پەرەبسێنێت.

پەکەکە لەلای خۆیەوە ڕووبەڕووی دووڕیانێکی مەترسیدار دەبێتەوە. لە لایەك سەرکردایەتی قەندیل دەستی کردووە بە ناردنی هێمای سۆز بۆ ئیسرائیل و لەلایەکی تر ئەنقەرە هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەکەکە و پەیەدە دەستپێکردووە.

تورکیا پەیوەندی کردووە بە عەبدوڵا ئۆجالانی سەرۆکی پەکەکەوە، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە تورکیا زیندانی کراوە و پێشنیاری چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد و تورکیای کردووە، بەو مەرجەی پەکەکە و پەیەدە هەڵبوەشێنرێنەوە.

پێدەچێت ئۆجالان ئەم پێشنیارەی قبوڵ کردبێت، بەڵام نیشانەی پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا لایەنە کوردییەکانی قەندیل و سوریا ڕازی دەبن، بەو پێیەی کە ئەمە دەبێتە هۆی لەناوچوونی بیروباوەڕ و مۆراڵ و خودی خۆیان. تا ئێستا ڕوون نییە کێ لەم شەڕەی نێو ئوردوگای کوردی سەردەکەوێت، لە نێوان سەرۆکە زیندانیکراوەکە و سەرکردە ناوخۆییەکان، لە نێوان نزیکبوونەوەیەکی نائارام لەگەڵ تورکیا یان هاوپەیمانییەکی دوور لە چاوەڕوانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕووداوەکان بە کوێ دەگەن.

 

 

پرۆفیسۆر ئؤفرا بێنگیۆ توێژەرێکی باڵایە لە سەنتەری مۆشی دایان لە زانکۆی تەلئەبیب . نووسەری چوار کتێب و دەیان وتارە لەسەر کورد.

سەرچاوە:

ڕۆژنامەی هائەرێتس-چاپی ئینگلزی ڕێکەوتی ١٤ /١/ ٢٠٢٥

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار