سوپاى ئیسرائیل تا ماوەیەکی نادیار لە سووریا دەمێننەوە
دوێنێ
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای سەردانیکردنی سەربازەکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە ناوچە ستراتیژییەکانی باشووری سووریادا جێگیرکراون، تا ماوەیەکی نادیار لەسەر لوتکەی چیای هێرمۆن دەمێننەوە.
ئیسرائیل کاتز ڕۆژى سێ شەممە لەمیانى سەردانەکەیدا، ئەوەشى وت ئیسرائیل ڕێگە نادات ئەو هێزەی کە ئەو بە هێزی دوژمنکارانە ناودێریان دەکات، خۆیان لە باشووری سوریا جێگیر بکەن.
چیای هێرمۆن زەنجیرەیەک چیای بەفراوییە کە کەوتووەتە سەرووی سنووری سوریا و لوبنانەوە کە ڕووی لە دەورووبەری دیمەشق و هەروەها بەرزاییەکانی جۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە ناوچەی پارێزراو لە دیوی سنووری سوریا و پێگە ستراتژیکەکانی ئەودیو، "ڕێکارێکی بەرگری و کاتی"یە کە لە دۆخی ئێستای سوریادا لەبەرچاو گیراوە.
بەڵام دیار نییە ئەم ڕێوشوێنە کاتییە تا چەند بەردەوام دەبێت و ئەکتەرە ناوچەییەکان ترسیان لە پلانە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل هەیە بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتوانی نوێ لەو ناوچەیە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ماوەیەک پێش ئیستا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت کردەوەی شەڕانگێزی هەموو ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر خاکی سوریا و بەتایبەت ئیسرائیل "بە زووترین کات" کۆتایی پێبێت.
هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، دەرئەنجامی نەخوازراو بۆ هەموو ئەو لایەنانە دێتە ئاراوە.