مانگرتنی مامۆستایان و بێباکی دەسەڵات

محمد ڕەووف قوربانی
3 هەفتە لەمەوپێش
محمد ڕەووف قوربانی
بەدیاریکراوی لەو ساڵانەی ڕێکخراوی تیرۆیستی داعش لە سوریا و دواتر عێراق سەریان هەڵدا و بوونە مەترسی بۆ سەر جیهان، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی جێ چەقی شەڕەکە دەبینرا و هاوپەیمانان و ئەمریکا پاڵپشتی مادی و مەعنەوی و سەربازی هەرێمی کوردستانیان دەکرد لەو ساتەی شەڕەکە بەرۆکی کوردی گرت لە ناوچەی کەرکوک، ئیتر ناڕەحەتیەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد ڕیتمی کارکردنی هەموو سێکتەرەکان تێکچون و دۆخی دارایی پێچەوانە بوویەوە؛ دڵسۆزی کەمی کرد و گەندەڵی بەرەو لوتکە چوو.
ئیتر لەدوای ئەو شەڕی داعشەوە قەیران لەدوای قەیران بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی دەگرت بە ئێستاشەوە ڕەنگدانەوەی قەیرانەکان ماوە و بەردەوامیشە.
نمونەی یەکێک لەو قەیرانانە قەیرانی مووچە و زیاد بونی گەندەڵی بوو. هیچ ساڵێک نەبوە بە کاملی موچەی فەرمانبەران خەرج کرابێ یان چەند مانگێکی لێ نەدزرابێ، بە گشتی موچە لە مانگی جارێکەوە بووە بە دوو مانگ و سێ مانگ جارێک.
لەلایەک خۆڕاگری و لەلایەک بێ هەڵوێستی موچەخۆران وای کرد ئەم حوکمەتە شڕ و شەقە بەپێوە بێ و ئەم قەیرانەش تا ئەمڕۆ درێژە بکێشێ .
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری قەرەبوکردنەوەی مووچەخۆران، پلە بەرز کردنەوه و سەرف کردنی دەرماڵە و بەستنی پارەی خێزان و بڕوانامە ..... داهێنانێکی نوێی سەقەتی بەرهەمهێناوە ئەویش خۆی لە سێ شێوازدا دەبینێتەوە:
یەکەم /پاشەکەوتی موچە
دووەم / لێبڕینی بەشێکی موچە
سێیەم/ ئاودیوکردنی موچە و دابەشنەکردنی
بێ شەرمیەکی دیکەیان ئەوەیە، سوپاسی خۆڕاگری فەرمانبەران و موچەخۆران دەکەن لە میدیاکانیانەوە و جار نا جارێک لە سەروبەندی دەنداندان و بیرکەوتنەوەی میللەتدا، سوپاس تەوزیع دەکەن لەبری مووچە.
تاکە چینێک هەر لەسەرەتاوە دژی ئەم ستەمە ئاشکرایە وەستایەوە، چینی سەربەرزی مامۆستایان بوو بە دیاریکراویش مامۆستایانی سنوری سلێمانی، هەر لە بایکۆتەوە هەڵوێستەکانیان ڕاگەیاند تاکو کەمپین و خۆپیشاندان و لە تازەترین بڕیاریشیاندا ڕایانگەیاندووە نزیکەی ١٠٠ مامۆستا مان بگرن لە خواردن و خواردنەوە.
دوێنێ لەبەردەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی خۆپیشاندانیان ساز کرد و پەیامی بەردەوامی بایکۆت و درێژەدان بەم خەباتە مەدەنیەیان دایە گوێی حوکمەتی کاربەڕێکەری هەرێم. ئەوەی جێی شۆک و هەڵوەستەیە بێ باکی دەسەڵاتە بەرامبەر ئەم هەموو نادادیەی دەکرێ و بینینی دیمەنی تراژیدی ژیانی تاک بە تاکی یەم کۆمەڵگایەیە لەلایەن دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی هەرێمەوە، کە بەجۆرێک بێ باکن وەک توشبوی نەخۆشی دەرونی چێژ لە ئازار و برسیکردنی میلەتەکەی خۆیان دەبینن.
بێگومان ئەم دۆخە تا سەر ئاوا بەردەوام نابێت و پەتی سەبر دەبوو دەمێکە ببچڕایە. ئەوەی گرنگە بەردەوامی و کۆڵنەدانی چینی مامۆستایانە، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ سورترن لەسەر بەدەست هێنانی مافەکانیان. من وەک چالاکوان و ڕۆژنامەنوسێک دەستخۆشی تەواویان لێ دەکەم ئەم هەڵوێستانەیان لە مێژوودا بە شکۆمەندی بۆ تۆمار دەکرێت.
داواکارم لە چین و توێژەکانی تر و سەرجەم هاوڵاتیان و کەرتەکانی تەندروستی و کارمەندانی باج و زەریبە و گومرک و کۆی فەرمانگە حکومییەکانی دیکە؛ ئەمانیش بێ ترس دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگی چینی مامۆستایان و هاو هەڵوێستی ڕابگەیەنن ....ئەمە لە پێناو خۆشیان نەبێ دەبێت لە پێناو قوتی خێزان و منداڵەکانیان و ئایندەی نەوەکانیان ئەم بڕیارە بدەن، تاکو بەیەکجاری هەمووان ڕزگار بین لە ستەمی ناڕەوای ئەم دەسەڵاتە چەوسێنەرە بێ باکه .... کە مامۆستایەکی ناڕازی پارەی قوتوە شیرێکی پێنیە بۆ منداڵە ساواکەی .... ئەوانیش بە پارەی دزراوی میلەت کەناڵی ڕاگەیاندن بۆ کوڕەکانیان دائەنێین و لێرەولەوێ زەوی بەسەر مۆدێلیست و باشچاوەشەکەنیاندا دابەش دەکەن.

