ئەمڕۆ ئیسرائیل ١١٠ فەلەستینی و حـ.ـەماسیش سێ بارمتە ئازاد دەکەن
15 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ 32 کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتایییان هەیە، 48 کەسیشیان سزای جیاواز
ــ بڕیارە ئەربیل یەهود کچە سەربازە ئیسرائیلیەکە لەنێو بارمتە ئازادکراوەکاندا بێت
ــ تا ئێستا حەوت ژنی ئیسرائیلی و 290 زیندانی فەلەستینی ئازاد کراون
بەپێى ناوەڕۆکى ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، بڕیارە ئەمڕۆ ئیسرائیل ١١٠ زیندانى فەلەستینى و حەماسیش سێ بارمتەى ئیسرائیلى ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی بکات.
حکومەتى ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی سێ بارمتە لە غەززە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕکردنەکان کە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان دیاری کراوە.
32 کەس لەوانەى ئازاد دەکرێن لەلایەن ئیسرائیلەوە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، 48 کەسیان سزای زیندانیکردنی جیاوازیان بەسەردا سەپێنراوە، جگە لە 30 کەسی دیکەى مناڵ و لاو کەم تەمەنن.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە زیندانییەکان لە نزیک نیوەڕۆ (10:00 بە کاتی ئیسرائیل) بگەنە شاری ڕامەڵا، ئەم ئازادکردنانە لە بەرامبەر ئازادکردنی دوو ژنى گەنجی ئیسرائیلی و پیاوێکی تەمەن ٨٠ ساڵانی ئەڵمانی - ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن.
هەروەها بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا حەماس پێنج کەسی تایلەندی لە هەمان ڕۆژدا ئازاد بکرێن، بەڵام تا ئێستا ناویان ڕانەگەیەندراوە.
بەڵام سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، حەماس لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە، میسر و قەتەر، لیستی ناوی ئەو هەشت بارمتەیەی بڕیارە ئازادیان بکات ڕادەستی ئیسرائیل کردووە.
تا ئێستا حەوت ژنی ئیسرائیلی لە سەرەتای قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 19ی ئەم مانگە، لە بەرامبەر ئازادکردنی 290 زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد کراون.
بڕیارە ئەربیل یەهودیش لەنێو بارمتە ئازادکراوەکاندا بێت، ئەو ژنەى ئیسرائیل حەماسی تۆمەتبار دەکرد بە پێشێلکردنی ئاگربەست، چونکە حەماس ئەو ژنەى ئازاد نەکردبوو و دەیوت: ڕێگە نادەن هاوڵاتیانى غەززە، بگەڕێنەوە باکووری کەرتەکەیان تا ئەو کاتەی ئەربیل یەهود لەلایەن حەماسەوە ئازاد نەکرێت.