سودانى: پێویستە پەرلەمان هەموارکردنى بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات
12 كاتژمێر لەمەوپێش
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی راگەیاند، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران هەموارکردنى بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات.
ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو..
هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات.
لەڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: سودانى ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ئەم هەموارکردنە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئابووری عێراق و ئەو تێڕوانینەی کە لەبەرنامەی حکومەت پەسەندکراوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەندی کردووە.
لە لای خۆیانەوە، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی و سەرۆکەکانی فراکسیۆنەکان، پشتیوانی خۆیان بۆ پەسندکردنی دەقی حکومیی نێردراو لە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دەربڕی.
هەروەها جەختیان لەسەر پشتیوانیی پلان و بەرنامەکانی حکومەت کردەوە، کە بەرژەوەندیی باڵای عێراقییەکان لە هەموو شوێنێکدا بەدیبهێنێت.