یەکشەممە پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە دەدات

9 كاتژمێر لەمەوپێش



بەپێى کارنامەى دانیشتنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق، دەنگدان دەکرێت بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان.
ئەمرۆ خشتەى کۆبوونەوەی رۆژى یەکشەممە ٢ى مانگى ٢ بڵاوکرایەوە، کە لە چوار بڕگە پێکهاتووەو یەکەمین بڕگەشى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجە.
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.

ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو.
هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات.

لەڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: سودانى ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ئەم هەموارکردنە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئابووری عێراق و ئەو تێڕوانینەی کە لەبەرنامەی حکومەت پەسەندکراوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەندی کردووە.

ڕۆژی 5 ی مانگی یانزەی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی یانزەی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجام بدرێت، دواتر لە 13ی مانگی یەک خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە کرا و وا بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگی پێبدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە دروستکرا ،دەنگدان بە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک لە نەوت لە عێراق نزیکەی 6 دۆلارە. بەمەش بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە عێراقیەکان پێیان وایە 16 دۆلاری نەوتی هەرێم زۆرە و غەدرە لە حکومەتی ناوەندی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار