400 هەزار فەرمانبەرى بن دیوار لە تۆمارى دەوڵەتى سووریادا هەیە
15 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیرى دارایی حکومەتى کاتى سوریا، ئاشکراى دەکات ناوى 400 هەزار فەرمانبەری خەیاڵی و بن دیوار لەتۆمارەکانى دەوڵەتدا هەیەو وەکخۆى دەڵیت چاوەڕوانی ئەم هەموو گەندەڵییەمان نەدەکرد.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتە کاتیەکەى ئەحمەد شەرع، کەمتر لە دوو مانگ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا، ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە لە کارەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە وێرانەکانی دەوڵەت بەردەوامە.
باسیل عەبدولحەننان، وەزیری ئابوری حکومەتى ڕاگوزەرى سووریا، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى وتوە: لەتۆمارەکانى دەوڵەتى پێشووى ئەسەددا ناوى 400 هەزار فەرمابەرو کارمەندى نادیارو خەیاڵ، هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لابردنی ئەوان سەرچاوەیەکى گەورەیە بۆ گەڕانەوەى داهات بۆ دەوڵەت.
وەزیرى ئابوورى حکومەتى سووریا، وتیشى: ئیدارەی نوێ چاوەڕوانی گەندەڵی لەو وڵاتەدا بوون، بەڵام بە خەیاڵیاندا نەدەهات کە بگاتە ئەم ئاستە، پێدەچێت هەندێک کۆمپانیا و فەرمانگەی دەوڵەتی تەنها بۆ دزینی سەرچاوەکانى داهات بوونیان هەبێت بۆیە دادەخرێن.
دوای 13 ساڵ شەڕی ناوخۆی خوێناوی، سوریا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبێتەوە، دیارترینیان ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی و دامەزراوە فەرمییەکان، جگە لە پێکهێنانی سوپا و هێزە چەکدارەکان و بوژاندنەوەی ئابووریی وێرانە.
لەلایەکى دیکەوە، محەممەد زەید وەزیری گەشەپێدانی کارگێڕی سوریا ئاشکرایکرد، دەوڵەت پێویستی بە 550 بۆ 600 هەزار کرێکار هەیە، کە ئەمەش کەمترە لە نیوەی ژمارەیەى ئێستا هەیە.
وەزیرەکانی دیکەی ئەو حکومەتەی کە پاش ماوەیەکی کەم لە ڕووخانی ئەسەد پێکهێنراون، بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەر، پێشتر باسیان لە ڕادەی گەندەڵی و لایەنگری لە وڵاتدا لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا کردبوو.