ئێران 60 چالاکوان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەستبەسەر دەکات
14 كاتژمێر لەمەوپێش
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 60 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، سنە، مەهاباد و سەردەشت دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکانی ئیڕان لە دوایین هەوڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان، پێنج هاووڵاتی و چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی مەحیدین خالیدیان، وەهاب خەدیریپوور، ڕەحمان ڕەحیمپوور، جەلال پەرهیزکار و سەروەر حەمەنازدار لە شارەکانی سنە، مەهاباد و سەقز دەستبەسەر کردووە.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە دوو ڕاپۆرتی جیادا کە ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی ئەم مانگە بڵاوکراونەتەوە، ڕایگەیاندووە پێنج هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئاتیلا عەبدی، ڕەزا کامەرانی، سەتار بابایی، زەکەریا فیروزبەخت و ئیدریس عەبدوڵڵاهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی لە شاری کرماشان و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان دیار نییە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە کراوە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان فەتاحی و سامان سەفەری کە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی ناحیەی گەهوارەی کرماشانن، لە شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ژمارەی دەستبەسەرکراوان "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای مانگرتنی شارەکانی کوردستان دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی گەیشتوەتە نزیکەی 60 کەس کە زۆربەیان لەپەیوەند بەو مانگرتنەوە و بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە حزبە کوردییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد دەستبەسەرکردنەکان لە شارە کوردنشینە جیاجیاکان ئەنجامدراوە و دەستبەسەرکراوانیش تاکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و لە مافی وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کراون.
شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە 22ی مانگی یەک دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی خەڵکی شارە کوردنشینەکان لە وەڵامی بانگەوازی شەش حزبی کوردی بۆ مانگرتن دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، بازار و دوکان و شوێنی پیشەکانیان داخست.
حزبە کوردییەکان لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە کە مانگرتنی گشتی چارەسەرێکی مەدەنییە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی.