لایەنە عێراقییەکان پاشگەزبوونەوەو نایانەوێت ئەمەریکا بکشێتەوە

3 مانگ لەمەوپێش



ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بە پشتبەستن بە چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سوریا لایەنە عێراقییەکانی هاوپەیمانی ئێران چیدیکە پێداگری ناکەن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند کە تێیدا ڕازیبوون لەسەر ئەوەی تاوەکو مانگی نۆی ساڵی 2025 ئەرکە سەربازییەکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی بێت، هێزەکانی ئەمەریکاش هەندێک لەو بنکە سەربازییانەیان جێهێشت کە ماوەی دوو دەیەیە لە عێراقدا بەکارییان هێناون.
لایەنە سیاسی و چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق لە نێو ئەو دەنگە دیارانەدا بوون کە داوای کشانەوەی ئەمەریکایان کردووە لە عێراقدا، بە تایبەتی دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە.
کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکەی هاوپەیمانان لە عێراق، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق وتییان مەترسی داعش لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و چیتر پێویستییان بە یارمەتی ئەمەریکا نیە بۆ شکستهێنان بەو خانانەی داعش کە هێشتا لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە.
بەڵام ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا لە ڕێی هێرشێکی کتوپڕی یاخیبووە ئیسلامییە سوننییەکانەوە لە مانگی دوانزەدا بووە هۆی ئەوەی لە عێراق جارێکی دیکە پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەدا بکرێتەوە، بە ئەندامانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگیشەوە کە بریتییە لە هاوپەیمانییەکی پارتە شیعەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراقدا.

ڕووخانی ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران، تارانی لە ناوچەکەدا لاواز کرد، وایکرد گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن. زۆرێک لە عێراق لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە بگرێت کە لە ئاسایشی وڵاتەکەدا هەیە و بگەڕێتەوە، هاوکات سەرکردە نوێیەکانی سوریاش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری وڵاتەکە و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دەدەن.
بەرپرسێکی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی وتی " زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی کاری هەماهەنگی شیعەکان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و نایانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەنجامی ئەوەی کە لە سوریادا ڕوویدا عێراق جێبهێڵن. لەوە دەترسن داعش سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت کە ئەمەریکا دروستی دەکات ئەگەر عێراق جێبهێڵێت و دۆخەکەی ناو عێراق تێکبچێت."
چەندین بەرپرسی سیاسیی و ئاسایشی دیکەی عێراق هەمان هەڵسەنگاندنییان هەبوو، بەرپرسەکان نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکەن چونکە ڕێگەپێدراو نەبوون بە ئاشکرا باس لە بابەتەکە بکەن.
عێراقییەکان لەوە دەترسن داعش سەرهەڵبداتەوە و سوود لە بێسەروبەرییەکەی دوای ڕووخانی ئەسەد وەربگرێت، لەو چەکە زۆرانەش دەترسن کە سوپای پێشووی سوریا جێیهێشتوون.
گروپە چەکدارییەکانی عێراقیش پەیوەندییەکانییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا ئاڵۆز کردووە، هەندێک لەو گروپانە هەندێک جار هێرش دەکەنە سەرییان و لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا دەبنە هاوپەیمانیان لە شەڕی دژ بە دوژمنێکی هاوبەشدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار