لە بەرامبەر چ دەسەڵاتێک ماندەگرن؟

ھیوا سەید سەلیم

16 كاتژمێر لەمەوپێش



ھیوا سەید سەلیم

 مانگرتن شێوازێکی خەباتە، لە زۆر سیستەمی دیموکراسی و تەنانەت دیکتاتۆریشدا چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ بەدیھێنانی داخوازیەکانیان پەنای بۆ دەبەن، گەلی کوردستان بە تایبەت لە زیندانەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکاندا ئەزموونی دیاری لە مانگرتندا ھەبووە و ھەیە،  بە تایبەت لە زیندانەکانی ئێران و تورکیادا کە ھەمیشە پڕ بوون لە تێکۆشەرانی کورد.

 لە باشووری  کوردستان دوای کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بۆ گرەنتی کردنی مافەکانی و پاراستنی لەھەر ھێرش و پەلامارێکی رژێمی ئەوسای بەعس، لە چەند شار و شارۆچکەیەکی کوردستان لەبەردەم بارەگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان "UN" پەنا بۆ خەباتی مانگرتن بردرا، ئەو جۆرە لە خەباتە لە لایەن دەیان ھەزاران کەسەوە پشتیوانی لێکرا و ئەوسا دەنگ و سەدایەکی گرنگی لێکەوتەوە.

  مانگرتنی ئەمجارەی پۆڵێک لە مامۆستا و فەرمانبەر بۆ داواکردنی کەمترین مافە کە مووچەیە و لە کاتی خۆیدا پێیان نادرێت، ھەروەھا مانگرتن نیە لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی داگیرکەر، بگرە لە کوردستانی ئازاد دەستیان داوەتە ئەم جۆرە لە خەباتی دیموکراسی و مەدەنی تا بتوانن ڕای گشتی بەرامبەر بە نادادیەک بجولێنن کە لێکەوتەی حوکمڕانییەکی شکستخواردووی نادادپەروەرە.

شایانی باسە، لە ڕابردوودا  زۆرێک لەو ئەزموونانەی مانگرتن کە بە نموونە ھێنامانەوە کەسانی مانگرتوو لە گەیاندنی پەیامی مانگرتنیان سەرکەوتوو بوون.

لەیلا گۆڤەن دوای 200 رۆژ لە مانگرتنی لە زیندانی ئامەد کاتێک لە زیندان ئازادکرا گووتی:" خۆشحاڵم کە بەرخۆدانی زیندان سەرکەوت"، ھەر ھەفتەی ڕابردوو مانگرتنی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان وایکرد بڕیاری لە سێدارەدانی دوو ژنە چالاکوانی کورد جێبەجێ نەکرێت، لە ساڵی 1991 مانگرتن بە پەیامی مام جەلال و بەڵێنی بەرپرسانی ئەوسای نەتەوەیەکگرتووەکان شکێندرا.

بەڵام ئێستا کە بۆ ھەفتەیەک دەچێت ئەو پۆلە مامۆستا و فەرمانبەرەی لە بەردەم بارەگای "UN"  لە سڵیمانی بەو سەرمای زستانە لە خیوتێکدا مانیانگرتووە نابینین بەرپرسە دەست ڕۆیشتووەکانی حکومەتی ھەرێم ویژدانیان بجولێت و پەیامێکیان بۆ ئەوان ھەبێت. کەچی منداڵێک لە تورکیا لە پایسکل بکەوێت ئەوان دەکەونە پێشبڕکێ بۆ ناردنی پەیامی ھاوخەمی.

نامانەوێت لە گرنگی ئەو خەباتە کەم بکەینەوە، بەڵام ڕاستیەک ھەیە کە دڵنیام مانگرتووانی ژێر خیوەتی شکۆمەندی پێش ئێمەش دەیزانن،  ئەویش ئەوەیە ئەوان و ئێمەش لەگەڵ دەسەڵاتێک تێکەوتووین نە لە خەباتی مەدەنی تێدەگات، نە باکی بە ژیانی خەڵک ھەیە، نە بە لایەوە گرنگە ئێوە خۆتان برسی دەکەن یان سەرما بردوو دەبن.

بۆیە دەبێت میکانیزمەکانی خەبات لە ڕووی جۆر و شوێن و چەندایەتییەوە بگۆڕدرێت، تا ئەو دەسەڵاتە ناچار بکرێت چیتر یاری بە قووت و ژیانی خەڵک نەکات، مووچە کە بەپێی یاسا مافی سادەی مووچەخۆرانە،  لەوە زیاتر نەکرێتە قوربانی ململانێی دوو دەسەڵاتی بێ باک کە (ھەرێم و بەغدا)یە. ئەوان بۆ دزینی نەوتی زیاتر و دەستگرتن بەسەر داھاتی وڵاتدا ئامادەن خەڵک برسی بێت جا دێتە سەرشەقام یان ماندەگرێت، ھیچ باکیان نیە، وەک چۆن لە ئاست ئەو خەباتەی ئێستای مامۆستایان کوێر و کەڕ و بێ ویژدانن.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار