مانگرتن وەک ستانداردێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی

هاوڕێ جەمال

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڕێ جەمال

ئەوەی ئەمڕۆ و بەم وەرزی زستانە، لە بناری گۆیژەی شاری سلێمانی لەناو چادرێکدا ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر ئەنجامیانداوە، لەژێر ناوی مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە، درێژە پێدەری ئەو خەباتە مەدەنیەیە کە لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ژمارەیەک لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی ئەنجامیاندا.

ئەم خەباتە لە نەوەدەکانەوە بۆ ئەمڕۆ پێمان ئەڵێ گەرچی دەسەڵات ھەزاروو یەک ڕووی گۆڕیوە، بەڵام شێوازی حوکمڕانی ھەمان سیستمە لە جەوھەری مەمەڵەکردنیا لەگەڵ خواست و داواکاری ھاونیشتمانیان.

گەڕانەوە بۆ خەباتی مانگرتن چەندێک ئامرازی ئاشتیانە نیشان دەدات لە فشار دروستکردن لەسەر حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لەم ھەرێمەدا، ھێندەش ئاماژە و بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرە لەسەر ئیفلیجی پرۆسەی دیموکراسی بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵات.

مانگرتن بەدەر لە خەباتە مەدەنییەکەی لەبەرامبەر نادادی کۆمەڵایەتی، ھەڵگری مانایەکی قوڵی ئینسانییە، بەوەی کەسی مانگر ئامادەیە تەندروستی و لە سەروو ئەوەشەوە ژیانی خۆی بخاتە مەترسیەوە لەپێناو چاکەی گشتی.

گەرچی مێژووی ئەم خەباتە مەدەنییە بەپێی سەرچاوە زانستیەکان زۆر کۆنەو ئەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین، بەڵام توولکێشانی نادادی و چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی لەلایەن سیستمە سیاسیەکانەوە لەلایەک و بەرخودانی تاک و کۆمەڵگە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ستەمە لەلایەکی تر، وایکردووە ئەم خەباتە مەدەنیە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ درێژەی ھەبێ.

خەباتی مانگرتن ئەتوانین وەک پێوانە و ستانداردی ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی دوور و نزیکی سیستمە سیاسیەکان لە بەھا مرۆیی و دیموکراسیەکاندا دەستی پێوەبگرین، بەوەی ئەوە سیستمە بێ باک و گوێنەگرەکانن، کۆمەڵگە و تاک ناچار بە مانگرتن و خستنە مەترسی ژیانیان ئەکەن لەپای بێ باکی و بەدەمەوەنەچوونی داواکاری و ملنەدان بۆ فشارە مەدەنیەکانی تری وەک؛ خۆپیشاندان و بایکۆت و چالاکی دیکەی مەدەنی بەنموونە؛ گروپەکانی فشار لە سۆشیال میدیا لە سەردەمی ئەمڕۆدا.

لەسەر ئەم بنەمایە، تێبینی ئەکرێ زۆرترین چالاکی مانگرتن لەخواردن و خواردنەوە لە وڵاتە دیکتاتۆر و تازە گەشەکردووەکاندا، واتە (لەو دەوڵەتانەی لەسەر ڕێی دیموکراسی ھەنگاوی خاو ھەڵدەگرن) ئەنجام بدرێت. ئەو دەوڵەتانەی لە جیاتی تاک، حزب یاخود سەرۆک سەنتەری گرنگی پێدانیانە.

شێوازی حوکمڕانی لەناو ھەر سیستمێکی سیاسیدا جۆرەکانی خەباتی مەدەنی لەلایەن کۆمەڵگەوە دیاری ئەکا و پێچەوانەکەی ڕاست نییە. لەم ڕوانگەیەوە بەرپرسیارێتی ئەو دەرئەنجامانەی لەم خەباتە مەدەنیانە ئەکەونەوە لە زەرەر و زیانی ماددی و گیانی، لە ئەستۆی دەسەڵاتە نەک ھاونیشتیمانیان.

دەسەڵاتی سیاسی گەر بە ڕێگاکانی دیکەی خەباتی مەدەنی ناچار بە وەڵامدانەوە نەبوو بۆ داخوازیەکانی خەڵک، ئیدی خەباتی مانگرتن وەک دوا خەباتی مەدەنی ناتوندوتیژی خۆی فەرز دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار