عەلی ڕەئوف، نوێنەری مامۆستایان: شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم
6 كاتژمێر لەمەوپێش
مامۆستا عەلی ڕەوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم.
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی مانگی دووی 2025، مامۆستایانی گرێبەست لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە پێش بینای ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندان بکەن و داوای موچەکانیان بکەن، بەڵام بە دەستگیرکردنی نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندانەکە هەڵوەشایەوە.
مامۆستا عەلی ڕەوف دوای ئازادکردنی ڕایگەیاند، دوای ئەم هەفتەیە گەر شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابەشنەکرێت خۆپیشاندان دەکەنەوە، دەشڵێت،" لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نەبووە لەسەر داواکردنی ماف دەستگیربکرێیت و بدرێیتە دادگا."
نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دوای ئازادکردنی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە دوێنی 1ی مانگ بڵاومانکردەوە کە مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندان دەکەن و داوای شایستە داراییەکاندەکەن، بەڵام شەوی ڕابردوو لە چێشتخانەیەک لەلایەن ئاسایشەوە دەستیگرکرام بە بیانووی ئەوەی نابێت خۆپیشاندانەکە بکرێت کە من سەرپەرشتیم دەکرد
ئەو وتیشی: دوای ئەوەی ئەمڕۆ 2ی مانگی دووی 2025، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لەئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە کراوە و نەکرا نیوەرۆی ئەمڕۆ ئازاد کرام، بەڵام من لەئاسایش سوربووم لەسەر ئەوەی گوتم تا هەفتەی داهاتوو گەر موچە دابەشنەکرێت ئەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین."
ڕۆژی 28ی مانگی هەشتی ساڵی 2024، بە فەرمانی ژمارە 4142 کە واژووی مەرسرور بارزانی سەرۆکوەزیر انی هەرێمی کوردستانی لەسەرە بڕیاردرا سی و حەوت هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ بکرێن بە مامۆستای گرێبەست و لە 26ی مانگی نۆی 2024، بە واژووی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم فەرمانی وزاریان بۆ دەرکرا.
مامۆستا عەلی ڕەوف دەڵێت: سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، لەکاتێکدا نەدەبوو وابێت و لەسەر داواکاری خۆت بدرێتە دادگا و تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم.
وتیشی،" من منداڵی هەژارم و نانی سەربڵندی دەخۆم، بۆیە لەگەڵ هاوپیشەکانم بێدەنگ نابین و داوای مافەکانمان دەکەین، خۆ داوای شتی دیکەمان نەکردووە، ئێمە تا ئێستا 21 جار خۆپیشاندانمان کردووە و نەمان هێشتووە پەنجەی کەسێک خوێنی لێبێت."
خۆپیشاندانی مامۆستایانی گرێبەست لەکاتێکدایە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی ماوەی چەند ڕۆژێکە مامۆستایانی هەمیشەی و فەرمانبەران لەپێش بارەگای یو ئێن خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە و داوای پێدانی موچەکانیان دەکەن لەکات و ساتی خۆیدا.