مەزڵوم عەبدی: گفتوگۆمان لەگەڵ نەکراوە لەبارەی دانانی شەرع بە سەرۆکی سووریا
24 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کوردانی سووریا نایانەوێت حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن بەڵکو دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزی کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن و دەشڵێت، "لەگەڵ دیمەشق بە نێوەندگیریی ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دانوستاندان."
مەزڵوم عەبدی وتیشی ئەوان دەیانەوێت خۆیان شارەکان بەڕێوەببەن، دەشیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان بمێننەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای ئەمریکی، مەزڵووم عەبدی، چەند پرسێکی باسکرد کە دیارترینیان دۆخی نێوخۆی سووریا، و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بوون.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند رووخانی رژێم هەنگاوێکی مێژوویی بوو و لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە سووریای نوێ بەبێ حیزبی بەعس و ئایدۆلۆژیاکەی بێت.
عەبدی ئاشکراشیکرد هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ نەکراوە لەبارەی بوونی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی سووریا.
لە کۆنگرەیەکدا بەڕێوەبەرانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا ئەحمەد شەرعیان وەکو سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر دیاریکرد پەرلەمان و سوپاى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشێنرانەوە، حیزبى بەعس و حیزبەکانى دیکەى بەرەى نیشتمانى پێشکەوتوو هەڵوەشێنرانەوە.
لەو بارەیەوە فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، ئامادە نەبووین و هیچی لەسەر ناڵێین. گوتیشی، هیچ گفتوگۆیەکیان لەسەر ئەو بابەتانە لەگەڵ نەکراوە.