ستایشی سەدام لەنێوان ناماقوڵی و بەدرەفتاریدا
هۆمەر محەمەد
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هۆمەر محەمەد
ئەوەی کوڕەکەی (فەقێ) لە مینبەرێکی گشتییەوە سەبارەت بە سەدام دەیڵێت، بەلامەوە نامۆ نییە، چونکە ڕۆژانە بە رەنگ و نەغمەی جیاواز گوێم لەم دەنگانەیە. ئەو ناماقوڵیانە هەر هی بانگخوازێک نیە هی زۆرکەسی تریشە هی هونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری شەهید و کەسانی تریشە. کە لەشوێن و مینبەری جیاوازدا یاخود لە مەجلیس و شین و شاییدا بێ ترس وشەرم دەیڵێنەوە، بەڵام هیچ کامیان وەک (عومەری فەقێ) نەیانتوانیوە دەمامکەکانیان فرێ بدەن و بێ ترس و شەرم لە میدیاوە قسە بکەن.
کاتێک کەسێک جا کاردانەوە بێت یاخود جەهل و نەزانی، لە کەناڵێکی فەرمی و مینبەرێکی گشتییەوە لە تیڤی و ماڵپەرەکاندا یان لەهەر کوێیەکی تری دامەزراوە میدیاییەکاندا. ئاوا بێ منەت قسە دەکات. خەڵکەکەش بەگشتی وەک قاز بەدوای یەکدا دەقیڕێنن و دەکەونە سەروپۆتەڵاکی تاکە کەسەکە! کەچی عەجایەب! مەگەر بەدەگمەن دەنا کەناڵەکە بە بەرپرسیار نازانن.
کەسێک کە لەکەناڵێکی تیڤییەوە سەروەری بۆ بەعس و سەدام دەگێڕێتەوە ئەوشوێنە بەشایانی وەها قسەکردنێک دەزانێت بۆیە دەتوانێت بیکات کوردیش دەمێکە وتوویەتی (قسە لەشوێنی خۆیدا) دەنا ئەگەر عومەر یان هەرکەسێکی دی شوێن- کەناڵەکە بەشایان نەزانێ هەرگیز بوێری ئەوە ناکات ئاوا سوکایەتی بەخوێنی هەزاران شەهید و ئەنفال و بەهەستی هەزاران مرۆڤی ئازار چەشتوو بەدەست سەدام و ڕژێمەکەیەوە بکات.
خۆ ئەگەر کەناڵەکەش شەهید و مرۆڤ و ئازادیی و کەرامەتی مرۆڤی کوردی بەلاوە گرنگ بێ و ترسی لێپرسینەوەی هەبێت رێگە بەقسەکەری ئاوا نەزان و بێ هەست نادات. بۆیە ئەگەر دادگایی و سەرکۆنەکردن و سزایە نابێت هەر بۆ(عومەر) بێت، بەڵکو دەبێت بۆ کەناڵەکەش بێت کەوا تیایدا وەها ناماقوڵییەک کراوە.
ئەم ئاوە دەمێکە ڕژاوە و ئەم دەنگەش هی ئێستا نییە، هی سەردەمێکە، کە جاشایەتی تیایدا ئەگەر روو زەردیش نەبێت ئەوا ریسوایی نییە، دەتوانم بڵێم هی کلتورێکە کە جاش بوون تیایدا نەک نەنگی نییە بەڵکو ئیمتیازی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەیە.
ئەم حزب و دەسەڵاتدارانە لەسەردەمی بەرەی کوردستانیەوە ئامێزێکی گەرم بوون بۆ تاوانباران لە بەرەبەیانی ڕاپەڕینەوە ئەوان ڕوو لە جەلاد و پشت لە قوربانی هەنگاویان ناو ئێستاش هەروان. دەی چەنێک کەسوکاری شەهیدان رێزی حزبەکانیان بەجێهێشتووە و بڵێن: ببورن ناکرێت لەگەڵ بکوژی ئازیزەکانمان لەیەک سەنگەردابین؟