حـ.ـەمـاس: زیندانییە ئازادکراوەکان تا پێش ئازادکردنیان ئەشکەنجە دراون
2 ڕۆژ لەمەوپێش
بزوتنەوەى حەماس ڕایدەگەیەنێت، لێدوانی ئەو دیلە فەڵەستینییانەی ئازادکراون ئەوە دەردەخەن کە ئەوان هەتا چەند ڕۆژێک پێش کاتی ئازادکردنیان، تەنانەت هەتا دوایین ساتەکانیش مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لەو بارەیەوە حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە کراوە کە دیلە فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی پشتگوێ خستنی پزیشکی، برسێتیی، تینوێتیی و نەبوونی دەرمان بوونەتەوەبەتایبەتیش ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.
هەروەها هاتووە: ئەمە تاوانێکی جەنگی تەواوە کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرى ئیسرائیلەوە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو ئەنجامدراوە و پێشێلکارییەکی دڕندانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە دەرهەق بە دیلەکانە".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە کاردانەوەی خاچی سوور کراوە بەرامبەر بە مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکان لە کاتی گواستنەوەیان لە گرتووخانەی نەگەڤ و، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە ئەم تاوانانە گەورەترین نیشاندەری ئەوەن کە ئیسرائیل یاسای نێودەوڵەتیی ناناسێت.
بە پێچەوانەی دەرکەوتنی فەلەستینییە ئازادکراوەکان، دیلەکانی ئیسرائیل کە لە غەززە ئازادکرابوون، وا دەرکەوت کە تەندروستیان باش و جل و بەرگی باشیان لەبەردا بوو و لەگەڵ ئازادکردنیان دیارییان وەرگرتبوو.
لە 19ی مانگى یەکى ئەمساڵ، ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان بە سێ قۆناغ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە هەریەکەیان 42 ڕۆژ دەخایەنێت لە ماوەی یەکەمدا دانوستانەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و سێیەم بەردەوامن، بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و پاڵپشتی وڵاتانى دیکە.
لە نێوان ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ١٩ی یەکى ٢٠٢٥، ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا، کۆمەڵکوژیەکى گەورەى لە غەززە ئەنجامدا و زیاتر لە ١٥٩ هەزار فەلەستینی کوژران و بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون و زیاتر لە ١٤ هەزار کەسیش بێسەروشوێن بوون.