ئەنەکەسە: پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەکات
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەکات بەبۆنەى دیاریکردنى بە سەرۆکى سوریا، هیواى ئەوەش دەخوازن لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت.
پیرۆزباییەکەى ئەنەکەسە، لەکاتێکدایە ئیدارەى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان رێوشوێنەکانى دانانى ئەحمەد شەرعى بە نایاسایی دەزانن.
ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا، وێڕاى پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع، هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازێت لە ئەرکەکەیدا بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى جددى بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانى گەلى سوریا و بەدیهێنانى سەقامگیریی و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن و داڕشتنى دەستور.
لەبەیاننامەکەیاندا دەڵێن: دەخوازین سەرکەووتوبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە قۆناغێکی گرینگدا کە پێویستی بە هەنگاوی جدی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی سوریا، چەسپاندنی سەقامگیری، هەلومەرجی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە، و داڕشتنی دەستوورێک کە مافەکانی هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات.
ئەنەکەسە، لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەیاندا، داوادەکەن کاربکات بۆ گەڕانەوەى سەرجەم ئاوارەکان لەناویاندا خەڵکى عەفرین و سەرێکانى و گرێ سپى بۆ ناوچەکانیان.
ئەنەکەسە جەختدەکاتەوە، سەرکەوتنى ئەم قۆناغە پێویستى بە پڕۆسەیەکى سیاسی گشتگیرە بە بەشدارى سەرجەم پێکهاتەکانى سوریا و پێویستى کۆتایی هێنان بە ستەمى مێژوویی لەسەر گەلى کورد و پەسەندکردنى مافەکانیان لەدەستور و بەدیهێنانى شەراکەتى راستەقینە و بنیاتنانى وڵاتێکى فرەیی لامەرکەزى.