ترەمپ: فەلەستینییەکان هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لەوە غەززە جێبهێڵن
12 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکى دیکە دووپاتی کردەوە کە فەلەستینییەکان جگە لەبەجێهێشتن و چوونەدەرەوەیان لەکەرتی غەززە، هیچ بەدیلێکی دیکەیان نییە.
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت میسر و ئوردن پێشوازی لە پەنابەرە فەلەستینییەکانی غەززە بکەن.
ئەو وتیشى: مەرج نییە من پشتگیری لەوەبکەم کەئیسرائیل لە غەززە نیشتەجێ ببێت.
لە لێدوانێیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، زۆرێک لە فەلەستینییەکان دەیانەوێت کەرتی گەمارۆدراوی غەززە بەجێبهێڵن، بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیکەدا بژین ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموایە زۆر دڵخۆش دەبن" لەو بارەیەوە.
ئەم وتانەی ترامپ لە کاتێکدا بوو کە نێردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتڕاستی کردەوە کە کێشەی سەرەکی کە دانیشتوانی ناوچەی فەلەستین بەرەو کوێ دەڕۆن، دەبێت چارەسەر بکرێت.
ستیڤ ویتکۆف ڕۆژی سێشەممە لە دەرەوەی کۆشکی سپی پێش هاتنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ دیدار لەگەڵ ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: چاومان لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانە لە ناوچەکەدا بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان بەرەو کوێ دەڕۆن.