کۆمپانیای BP ئامادەیە 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە نەوتى کەرکوکدا بکات
4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکی باڵای نەوتی عێراقی بە دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای نەوتی BP تاکو 25 ملیار دۆلار خەرج بکات لە ماوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی نەوت و گازی کەرکوکدا، لە کاتێکدا کە بەغداد دەیەوێت وەبەرهێنانە بیانییەکان ڕابکێشێتەوە بۆ ناو وڵاتەکە.
بەرپرسەکە وتی ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە و ڕەنگە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا تەواو ببێت، ئەوە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ عێراق کە بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا بەهۆی چەندین ساڵ لە شەڕ و گەندەڵی و تایفەگەرییەوە کەم بووەتەوە، تەنانەت لە کاتێکدا کە دووەم گەورەترین وەبەرهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا، لە دوای تەنها سعودیەوە دێت.
بەرپرسە باڵاکە کە ڕاستەوخۆ زانیاریی لەسەر پرسەکە هەیە وتی کۆمپانیای BP لە نێوان 20 بۆ 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لەسەر ڕێککەوتنێکی هاوبەشکردنی قازانجەکان کە زیاتر لە 25 ساڵ دەخایەنێت.
دوای چەندین ساڵ، ئەم گرێبەستە دووەم گرێبەستی گەورە دەبێت لە نێوان عێراق و کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتیدا، دوای ئەوەی رێککەوتنێک لە بەسڕە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینرجیزدا کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 27 ملیار دۆلار.
ڕێککەوتنەکەی BP سەنگ دەخاتە سەر نۆژەنکردنەوەی دامەرزاوەکان لە چوار کێڵگەی نەوت و پەرەپێدانی گازی سروشتی عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە پێویستییەکانی وزەی ناوخۆی عێراق.
بەرپرسەکە وتی دانوستانە تەکنیکی و ئابوورییەکان بەباشی بەرەوپێش دەچن و دەکرێت گرێبەستی کۆتایی لە نیوەی یەکەمی مانگی دوو و ڕەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە واژۆ بکرێت.
وتیشی بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکە، کۆمپانیای BP توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەر چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک بە بڕی 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی 2 بۆ 3 ساڵدا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ لانیکەم 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
بەپێی سێ بەرپرسی کۆمپانیای نەوتی باکوور، توانای ئێستای کێڵگەکان 300 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
بەپێی مۆدێلی دابەشکردنی قازانج کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەرپرسەکە وتی BP دەتوانێت خەرجیەکان بگەڕێنێتەوە و دەست بە قازانج بکات کاتێک بەرهەمی خۆی لە ئاستی ئێستا زیاتر دەکات.
کۆمپانیاکە زانیارییەکی قووڵی لەسەر کێڵگەکانی کەرکوک هەیە.
کۆمپانیاکە ئەندامی کۆمەڵەی کۆمپانیاکان بووە کە لە ساڵانی بیستەکاندا نەوتییان لە کەرکووک دۆزییەوە و بە مەزەندەی خۆیان ئەو ناوچەیە نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە کە دەتوانرێت دەربهێندرێت.