داخوازییەکانی مانگرتووان لە نێوان ڕەوایەتی و تۆمەتبەخشینەوەدا

بەختیار مستەفا

4 مانگ لەمەوپێش



بەختیار مستەفا 

گەربێت و چاوێک بە مێژووی دوای راپەڕیندا بخشێنینەوە، دەبینین جەماوەر و هاوڵاتیانی ستەمدیدەی کوردستان هەر لە سەرەتای ڕاپەرینەوە هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان وەک پێش راپەڕین دووبارە کردەوە و سەری بەرزیان بۆ مووچەی رژێمە نەگریسەکەی بەعس نەوی نەکرد، جەماوەر بە ئاپۆڕا و دەستبەسنگ و چەپڵەرێزانەوە ڕیز دەبوون بۆ تێکۆشەرانی دوێنێی شاخ.

خەڵک بەرگەی گەمارۆی ئابوری نێودەوڵەتی و عێراقیان گرت. چونکە خەڵک تینوی ئازادی و ڕزگاری بوون. هێشتا ڕۆحی شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەری تیایاندا زیندوو بوو. جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە نێوان خۆیان و هێزی پێشمەرگە و بەرپرسەکاندا نەدەبینی، بۆیە ئامادەبوون بۆ بەرگەگرتنی نەبوونی و برسێتی و بێ  مووچەیی، دیسان ماڵ و حاڵی خۆیان بخەنە خزمەتی تێکۆشەرانی دوێنێ و حکومەتی ساوای هەرێمەوە.

هەمووان تا کەشکەلانی فەلەک دڵیان بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم خۆشبوو، زۆرێک لە خێزانەکان کەس و کاریان بەکۆڵ دەبرد بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، بە جلوبەرگی ئاڵوواڵا و ئاڵای کوردستانەوە بە جۆش و خرۆشەوە دەچوون بۆ  دەنگدان.

هەڵبژاردن ئەنجامدرا و یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم راگەیەندرا، بووینە جێگای سەرنجی دۆست و دوژمن، دۆستەکانمان خۆشحاڵ و نەیارانیش خەریکبوون دەتەقین. هەمووان چاومان لەوە بوو لەژێر حوکمڕانی کوردیدا لە ستەم رزگار دەبین، کەس لە بازگەکان سوکایەتی بەگەنجەکانمان ناکات، هەموو دەمانوت ئازادی، یەکسانی، دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ و سەرفرازی بۆ گەل بەرێوەیە.

کەچی بەداخەوە هەر زوو حزبە حوکمڕانەکانی ئەمڕۆ دیسان تووشی شەڕی براکوژیان کردینەوە، دواتر دێگەڵە کرایە سنوور، زۆنی زەرد و سەوز دروستکرا، رەنگەکان، شەهیدەکان، داروبەردی باشور دابەشکرا، هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتیمانە کرانە قوربانی شەڕێکی ماڵکاولکەر، بۆ لەناوبرن و یەکتری خستن لە هیچ نەوەستانەوە؛ تا وای لێهات پەنا برایەبەر بەغدا و ئێران و تورکیا! کە هەتا ئەمڕۆش دەیان دیلی شەڕی ناوخۆ بێسەرو شوێنن.

دوای ئاشتبوونەوە و یەکخستنەوەی حکومەت (بێگومان بە فشاری دەرەکی)، ئەمجارەیان شەڕی پشکپشکێنە و دامەزراندنی خەڵک بەلێشاو و بە لیست دەستی پێکرد، لیستی زەرد بەجیا و لیستی سەوز بەجیا بەرزدەکرایەوە بۆ حکومەت، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئەو هەموو خەڵکە پێویستە دابمەزرێن یاخود نا! گرنگ ئەوەبوو هەرکەس لیستی خۆی هەبێت و وەلائ بۆ خۆی پەیدا بکات. بێگومان هەموو ئەو لیستانە بە تەزکیە و پشگیری حزبی دەکران. بەو شێوازە بەردەوام بوون هەتا ڕووخاندنی رژێمی بەعسی سەدامی دیکتاتۆر .

ئەمجارەیان هێزە کوردییەکانمان بە هەموو قورساییانەوە چوونە بەغدا بۆ دروستکردن و سەرپێخستنەوەی حکومەتی نوێی عێراق. زۆر کەس لەبیریانە حکومەتی عێراق تەنانەت پۆلیسێکی هاتوچۆشی نەمابوو هاتووچۆی رێگا و بانەکانی پایتەختی پێ رێکبخەنەوە.

هێزە کوردیەکان چوون بەغدایان هەستانەوە سەر پێی خۆی، لەجیاتی داواکردنی سەربەخۆیی و کۆنفیدراڵی کەوتنە هەڵپەی پارە و پۆست و وەرگرتنی پشکی حزبی نەک پشکی کوردستانی. دیسان لەجیاتی یەکڕیزی، کەوتنەوە سەر لۆژیکی چی بۆ من و چی بۆ تۆ؟

لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ چەندین سەفەقاتی حزبییان بۆ بەرژەوەندی کەسی و حزبی و  لە دژی یەکتری و زیانگەیاندن بە گەلەکەمان ئەنجام داوە، هەرچەندە هەتا 2014 ش، لایەنە عێراقییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەزموونی هێز و سەرکردە کوردییەکان نەیاندەتوانی پەنجە بەئاودا بکەن، بەڵام دیسان کورد نەیتوانی ئەو هەلانەش بقۆزێتەوە، ئەوەتا دەبینین ئەمڕۆ بەچی گەیشتووین، وەزیرێکی دارایی چی بەکورد دەکات!

دوای سەرهەڵدانی دا*عش و پەلاماردانی ناوەراستی عێراق و نزیکبوونەوەیان لە ناوچەکانی دەسەڵاتی هەرێم، بەهۆی پشتیوانیی نێودەوڵەتییەوە دیسان هەل و مەرجی باش بۆ کورد رەخسا، مەسەلەی ریفراندۆم هاتە پێش، بەڵام ئەمجارەش وەک جارانی تر بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەکان و ململانێکانیانەوە لەسەر بەژەوەندی تایبەتی بینیمان چۆن ڕێسەکانیان کردەوە بەخوری!

هەرچۆنێک سەرئەنجام کار گەیشت بەوەی لەبەغداوە بودجە بڕا، هەرێم لەسەر رای خۆی سور بوو، ئابوری سەربەخۆ ڕاگەیەندرا، بەهۆی شەری دا*عش و پەیدابوونی پەتای کرۆناوە نرخی نەوت بە بەردەوامی ڕووی لەنزمبوونەوە کرد، نەتوانرا مووچە دابین بکرێت، پەنا بردرایە بەر پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە، بەشێوازێک کە هەتا ئەمڕۆش درێژە و لێکەوتەی هەیە.

قسەو باسی من لەسەر ئەوە نییە پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ باش بوو یان خراپ، کێ تاوانبارە و کێ تاوانبار نییە، لە نێوان بەغدا و هەرێمدا کێ لەسەر هەقە؟ بەڵکو باس لەوە دەکەم لە هەر کوێیەکی دنیادابێت ئیدارە و حکومەت بەرپرسن لە ژیان و ئاسایش و مووچە و پاراستنی شکۆ و کەرامەتی تاکەکان، حکومەت بەرپرسە لە رێگاوبان و تەندروستی و خوێندن و فەراهەمکردنی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی، لە دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک، لە هەر دانوستانێکی ناوخۆیی و دەرەکی. کە ئەمە رێک بۆ حکومەتی هەرێمش دروستە.

بەڵام بەداخەوە هەتا ئەمڕۆ هەڵە و کەموکوڕییەکان درێژەیان هەیە. لێبڕین و ئاودیوکردنی مووچەیەک و دوان و سیان لە ساڵێکدا بوونی هەیە، مووچەی هەر مانگێک دوای 50 بۆ 70 رۆژ دەدرێت، کە پارەکەش دێت بە هەفتەیەک دابەش دەکرێت و لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە هەواڵی گەیشتنی پارە و لیستی مووچە لە دوای حەفتا رۆژ، وەک مژدە لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاو دەکرێتەوە !

بڕینی مووچە و لێبڕین بۆتە شتێکی ئاسایی و باو و ڕۆتین لەلای حکومەت .کەچی تازە بە تازە هەندێک بەناو بەرپرس پرسیاری سەیر سەیر و گومان لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو دادەنێن و ئەوان دەپرسن ئەمەت لە کوێ بوو یان ئەوەت لە کوێ هێنا !

کاکی بەرپرس پرسیارەکان بەو شێوەیەی ئێوە ناکرێت؛ بەڵکو دەبێت پرسیارەکان بەم شێوەیە بکرێن؟

ــ کێن ئەوانەی ئینتیمای نیشتمانیان لای خەڵکی کوردستان لاواز کردووە؟

ــ کێن ئەوانەی شەڕی نەگریسی ناوخۆیان هەڵگیرساند و هەتا ئەمڕۆش بەشێوەی سارد درێژەی پێدەدەن؟

ــ کێ بوون ئەوانەی  بەلیستی حزبی و بەلێشاو و بەبێ پلان و بەبێ ئامار خەڵکیان دادەمەزراند و  وەلائەتی خەڵکیان ئەکڕی و بەدەست دەهێنا و بندیواریان داهێنا؟ 

ــ کێن ئەوانەی ڕۆژ بە ڕۆژ دەبنە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و دیموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ؟

ــ کێن ئەوانەی سەری ماددەی 140 یان کرد بە قوڕدا؟

ــ کێن ئەوانەی گوندنشینیان لەکوردستان نەهێشت، کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییان لە کوردستان وێرانکرد و گەنجەکانیان کردە پۆلیس و پێشمەرگە و پاسەوانی شەخسی؟

ــ کێن ئەوانەی دوای 30 ساڵ لە حوکمڕانی نەیانتوانیوە ڕێگای رانیە – سلێمانی، کەلار- سلێمانی ، یاخود ئاوی خواردنەوەی هەولێر و چەمچەماڵ، یان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن؟

ــ کێن داهێنەرانی بەخەسخەسەکردن و بە ئەهلیکردنی کەرتەکانی خوێندن و تەندروستی و ئاو و کارەبا؟

ــ کێن ئەوانەی سەرەڕای تەخسیسکردنی پارەش بۆی؛ چەندین پڕۆژەیان سەقەت کردووە و تەواو نەکردووە و دوایان خستووە؟

ــ کێبوون ئەوانەی پارەی بانقەکانیان سپی دەکردەوە و کڕین و فڕۆشتنیان بە چەکی بانقەکانەوە دەکرد؟

ــ کێن ئەوانەی بەپێی بەرژەوەندییە حزبیەکانیان پەردە لەسەر کەموکوڕیەکانی یەکتر هەڵدەدەنەوە یان فەزیحەی یەکتری پەردەپۆش دەکەن؟

ــ کێن ئەوانەی هەتا ئەمڕۆش لە بەغداد خەریکی سەفەقاتی سیاسی و حزبی و مادین بێ گوێدانە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەو نیشتیمان، کە بێگومان لەهەرێمیش دۆخەکە بە هەمان شێوەیە؟

ــ کێن ئەوانەی بەم کار و هەڵانەیان کە ئەنجامیانداوە و ئەنجامی دەدەن و بەهۆی ئەم دواخستن و پاشەکەوتکردنانەی مووچەوە بوونەتە هۆکاری لەبەریەک هەڵوەشاندن و لێکترازاندنی هەزاران خێزان و پەرتەوازەکردنی منداڵەکانیان و کۆچکردنی بەکۆمەڵی خەڵک و خنکانیان لەڕێگای هات و نەهاتی هەندەراندا. کێ لەم هەموو قوربانیانە بەرپرسە یان خۆی کرودۆتە خاوەنیان؟

ئێستاش لە دوای ئەم هەموو کارەساتەی بەسەر ئەم خەڵکە بەش مەینەتەیان هێناوە، هەندێک بەناو بەرپرس روودەکەنە ئەم چەند مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە مانیان لەخواردن گرتووە و داوای مافی رەوای خۆیان و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن، تۆمەتیان بەسەردا دەبەخشنەوە! باس لەوە دەکەن کە حزبی سیاسیان لەپشتە، یان فڵان کەسیان لە پشتە، یان دەوترێت فڵان مامۆستا ئۆتۆمۆبێلەکەی ئەوەیە و مۆبایلەکەی ئایفۆن 16 یە! یەکێکی تریشیان ئەڵێت پێویستە بچنەوە دەوام بکەن و چەندین قسەی سەیروسەمەرەی دیکە! کە خۆشیان باش دەزانن باوی ئەم جۆرە قسانە نەماوە چوونکە: هەمووان دەزانین فەوتانی خوێندنی منداڵانی بێتاوان شتێکی خراپە. دەشزانین پەککەوتنی نەخۆشخانە و هاتوچۆ و ئاگرکوژێنەوە و ئەمبوڵانس و وەستانی کاروباری فەرمانگەکان خراپە؟ بەڵام دەبێت ئەو پرسیارەش بکرێت کە مامۆستا و فەرمانبەری کرێنشین چۆن بتوانن بێ پارەو بە برسێتی دەوام بکەن؟ پرسیاری سەرەکیش لە ئێوەی بەرپرسان ئەمەیە :

ــ منداڵی کام بەرپرستان لەخوێندنگە حکومییەکان دەخوێنێن؟

ــ منداڵ و کەس و کاری کام بەرپرستان بۆ تا لێهاتنێک ناچێتە نەخۆشخانەکانی وڵاتانی دەوروبەر و ئەوروپا؟

ــ ماڵی کام بەرپرسەتان بەیەک دوو ئەمپێر کارەبا دەڕوات بەرێوە؟

ــ کام بەرپرسەتان مووچەی مانگێکی بەقەدەر مووچەی 4 بۆ 6 و بگرە بەرامبەر بە 10 مامۆستا و فەرمانبەر و زیاتریش نییە؟

ــ کام بەرپرسەتان هەیە مۆبایلی نەک خۆی، بەڵکو سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی ئایفۆن 16 نەبێت؟

ــ کام بەرپرس و نیمچە بەرپرستان هەیە نەک ئۆتۆمۆبێلێک، بەڵکو ڕیزێک ئۆتۆمۆبێلی دوایین مۆدێل و دەرعی بەدواوە نەبێت؟

ــ کامتان هەیە ئینتمای حزبی یاخود سۆزی بۆ لایەنێکی سیاسی نەبێت؟ ئایا تاوانە یان حەرامە ئەگەر کەسانێکی تر سەر بەهەر حزبێکی سیاسی بن یان سۆزیان بۆی هەبێت؟

شتەکان بەو پێودانگە ناپێورێن کە ئێوە باسی دەکەن بەڵکو بەوە دەپێورێن کە ئایا داواکارییەکانیان ڕەوایە یان نا؟ ئەوانیش خەڵکی ئەم وڵاتەن و وەک هەر یەکێک لە ئێوەی بەرپرس ئەرک و مافیان لەسەرە یاخود نا؟

لە وڵاتان کاتێک کەسێک هەڵدەبژێردرێت بۆ سەرۆکی وڵات یان حکومەت، یان پۆستێک وەردەگرێت دەبێتە سەرۆکی هەمووان و بەرپرسیارێتی هەمووان لە ئەستۆ دەگرێت، خەمی هەمووان هەڵدەگرێت و هەمووان وەک کەس و کاری خۆی سەیر دەکات، نەک تەنها ئەندامانی حزبەکەی خۆی، کاتێک هەڵە دەکات داوای لێبوردن لەگەلەکەی دەکات، کاتێک گەندەڵی لەسەر دەبێت دەست لەکار دەکێشێتەوە و  دەدرێتە دادگا، تەنانەت هەندێکیان خۆیان دەکوژن! کەچی لێرە بە پێچەوانەوە خاوەن مافەڕەواکان تاوانبار دەکرێن و داوای بێدەنگکردنیان دەکرێت! هەندێک لەم بەناو بەرپرسانە لەجیاتی ئەوەی داوای لێبووردن لەمانگرتووان و تاک بەتاکی ئەم گەلە بکەن لەو هەموو دەردەسەری و چەرمەسەرییەی بۆیان دروستکردوون و پێیان بڵێن هەموو خەڵکی کوردستان مافی بەسەرمانەوە هەیە و حەقی گلەیی و نارەزایەتی و مانگرتن و هەر شتێکیان هەیە؟ لەجیاتی ئەوەی بڵێن دیموکراسییەت و ئازادی ڕادەربڕین مافی هەموو تاکێکە، لەگەڵتانین پشتیوانیتان دەکەین، هەوڵدەدەین چیمان پێدەکرێت ئەنجامی بدەین بۆ دەربازبوون لەم رەوش و هەل و مەرجە، لەجیاتی ئەوەی بڵێن هەوڵ دەدەین ئەو مووچە پاشەکەوتکراو و لێبڕاوانەشتان بۆ بگێڕینەوە یان هیچ نەبێت بۆتان بخەینە جێگای قەرزەکانی حکومەت لە ئاو و کارەبا و باجەکان، هەوڵ دەدەین ئەوەی خراپمان کردووە چاک و ڕاستی بکەینەوە، لەجیاتی ئەوەی پێیان بڵێن ئێوە ڕۆڵەی ئێمە و گەلەکەمانن، دەستی تۆمەت دەخەنە پاڵ ئەم شێرە ژن و کوڕانە بەمەبەستی کەمکردنەوە لەگرنگی کارەکەیان!

ئەرێ بەڕاست بەرپرسان، وەک خۆتان درک بە ڕاستییەکان ناکەن.. لەناو هەموو ئەو راوێژکار و دەستەو تاقمەی ریزتان کردووە؟ کەسێک نییە راستیەکانتان بخاتە بەردەم؟ کەسێک نییە واز لەبەرژەوەندی کەسی بێنێت و دەست بخاتە سەر ویژدانی و چوار وشەی رێک و پێکتان بۆ بنووسێت و بیخاتە بەردەمتان و راستییەکان ببینن؟ ئەرێ بە ڕاست ماندوو نەبوون لە ماندوکردنی ئەم گەلە؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار