دیسانەوە دۆسیەی ١٨ کچە فرۆشراوەکە لە نێوان ڕاستی و ساختەکارییدا

هۆمەر محەمەد
4 مانگ لەمەوپێش
هۆمەر محەمەد
دوای ئەوەی بەرنامەکەی کاک شۆرش حاجیم لە "درەو میدیا"دا بینی؛ کە دەربارەی نوسراوێکی موخابەراتی کەرکوک قسە دەکات، چەند پرسیارێکم لەلا دروست بوون. نوسراوی ژمارە ١٦٠١ی ڕێککەوتی ١٠/١٢/١٩٨٩ لە سەردەمی بەعسدا بەڵگەی فرۆشتنی کچانی کوردە لە تاوانی ئەنفالدا.
ئێ خۆ هێشتا کاک شۆرش کادری یەکێتی بوو، کە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بەڵگەنامەکەی بڵاوکردەوە! ئەی بۆچی ئەوسا قسەی نەکرد هەتا بەردێک لەسەر ئەم باسە دانێن؟
باشە، بۆچی لەناو ١٨ تەن بەڵگەنامەدا تەنها بەڵگەی فرۆشتنی ژنی کورد لە ئەنفالدا تەزویرە؟
بۆیە ئێستا بە گومانێکی زۆرترەوە لەم قسانەی بەڕێز شۆڕش حاجی ڕادەمێنم، هەڵبەت منیش نەک هەر لە بەڵگەنامەکە بەڵکو گومانم لەو سیناریۆیانەش هەیە، کە بە دوای بڵاوبوونەوەیدا هاتن. هەر زوو ساڵی ٢٠٠٦ بە هەوڵی رەوانشاد مامۆستا نەجیب گەرمیانی سورەت قەیدی زۆربەیانمان لە خورماتوو دەرهێنایەوە و دیدارم لەگەڵ زۆربەی زۆری کەسوکارەکانیشیاندا کردووە و بە وردی لە بارەیانەوە نوسیوومە. هەندێک ڕاستیم خستووەتە ڕوو کە باس نەکرابوون. (بروانە گەشتەکانی ئەنفالستان، دیدار و بەدواداچوون، دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم ٢٠٢١ ل ٦٤٠ بۆ ٨٤٦) لەخوارەوە جاریكی تر گومانەکانم دەخەمەوە ڕوو.
بەڵام ئێستا ئەو قسانەی بەڕێز شۆرش حاجی گومانەکەم بە ئاڕاستەیەکی تردا دەبات بەتایبەتیش، کە ئێستا دەرکەوت ئەو بەڵگەنامەیەش گەیشتووەتە ئەمریکا، چونکە هەوڵەکانی دیزەبەدەرخۆنەکردنی ئەم دۆسیەیە زۆرترن لە بەدواداچوون. یەکێک لەو قسانە ئەوەبوو گوایە ئەم بەڵگەیە دوای پرۆسەی ئازادی ساختەکراوە، کەچی کاک شۆرش باسی ئەوبەڵگانە دەکات، کە لەساڵی ١٩٩١ براون بۆ ئەمریکا، ئێ خۆ دواین سیناریۆش ئەوە بوو گوایە کەسێک ئەم نوسراوەی تەزویر کردووە و ئێستا دەستگیراوە! بەڵام ئەوەش هەر قسە بوو، نە کەس دیارە گیرابێ و نەڕاگەیەنراوە. نە کەسیش زانی کێیە و نەکەسیش دەزانێ بۆچی ئەو کارە ناپەسەندەی کردووە؟ گومانەکەم زیاتربوو، کە وتیان دوای پرۆسەی ئازادی عێراق نوسراوەکە تەزویرکراوە! بەو پێیە بێت دەبێت لە سەروبەندی راپەریندا تەزویرکرابێت! بۆیە ناتوانم بڕوا بەم ڕوونکردنەوەیەی کاک شۆرش حاجیش بهێنم .. لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕوای زۆرم بە کاک شۆرش هەیە و ڕێزی زۆریش لە کارە باشەکانی دەنێم.
بەڵام جێگەی پرسیارە کە کاک شۆڕش دەڵێت موخابەرات ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ وڵاتێکی تر بکات، بەڵکو وەزارەتی خارجی دەیکات! بەڵام خۆ لە نوسراوەکەدا موخابەراتی کەرکوک ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی لایەنێکی وڵاتی میسری نەکردووە و مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی میسردا نەکراوە، هەتا کاک شۆرش ئەوە بە بەڵگە بهێنێتەوە، بەڵکو لە موخابەراتی کەرکوکەوە ئاڕاستەی موخابەراتی گشتی کراوە، واتا ئاڕاستەی سەرووی خۆی کراوە، نەک دەوڵەتی میسر! هەروەها لە نوسراوەکەدا هاتووە بەپێی فەرمانتان کۆمەڵێک لەو کچانەمان ناردووە بۆ نادییەکانی شەوانەی میسر بەپێی داواکارییان.
ئەو ناوانەی لەو نوسراوەدا هاتوون جێگەی تێڕامان و بەدواداچوونن. بەڵام دیارە مرۆڤەکان هێندەی هەواڵەکان و کاغەزەکان گرنگ نین. بۆیە زۆریش دیقەت بەپێویست نازانن.
جارێکی تر لە کاک شۆرش حاجی دەپرسم:
ئایا کە ئەم بەڵگەیە لە دادگای باڵای تاوانەکان بووە جێگەی مشتومڕ و پیشانی شارەزایانی سوپایانداوە بۆ ڕاستی و دروستی چۆنە پەنایان نەبردووەتەوە بەر ئەو (فحس)ەی لە ئەمریکا کراوە؟ خۆ دادگاکە بە تەواوی لەژێر ڕکێفی ئەمریکییەکاندا بوو؟ چۆن بۆ بەڵگە و شایەتحاڵ سەریان بە هەموو کونێک و ماڵێکدا دەکرد لە شارەزایەکی وەک شۆرش حاجییان نەپرسیوە؟ خۆ ئەو لەپێش هەمووان دەستی بەنوسین کردووە لەمەڕ ئەنفال و یەکەم کەسیش بوو کە شانسی ئەوەی هەبوو لەگەڵ میدیل ئێست ۆچ خەریکی ئەو بەڵگانە بێت؟ دیسان دەپرسمەوە ئەو هەموو هەڵایەی ڕاگەیاندنی کوردی بەتایبەتیش(K.N.N)ی ئەوسا لەسەر ئەو دۆسیەیە دروستیان کرد، ئەی بۆچی کاک شۆڕش حاجی زوو نەیگوت خۆتان بەو باسەوە ماندوومەکەن ئەو بەڵگەیە (فەحس)کراوە و سەلمێندراوە کە تەزویرە؟ لە ڕاستیدا ئەمە بۆ من پرسیارێکی جەوهەرییە و دیسانەوە گومانەکەم زیاتر دەکات.
ئەی چی بە دەرهێنەری فیلمی نیران الصدیقە بڵێین؟ کێ چوو بۆلای؟ خۆ ئەو سەرەتا وتی: ئەمە لە ڕۆژنامەكانی مصردا باسکراوە، ئەمە مایەی گومان و سەرسوڕمانە! ئێ خۆ هەر ئەو دەڵێت: كە وا لە ساڵانی هەشتاكاندا ڕۆژنامەكانی "مصر" باسی هێنانی ئەو كچە كوردانەیان كردووە! ئەی کە دواتر ژێوان دەبێتەوە چۆن دەبێ بێئاگابێت لە دانپێدانانی (اعتیماد خورشید) كە لە كەناڵی ئەلحەیات بە ڕاشكاوی باسی كردوون و بەرێوەبەری موخابەراتیشی لە بەشداری هێنانی ئەو كچانە تۆمەتبار كردووە؟ بۆیە لێدوانەكەی (محمد ئەمین زاری)یش خۆدوورەپەرێزگرتنە لەو دۆسیەیە، بەتایبەتیش كە دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت: نەمزانیوە مەسەلەكە ئەوەندە گەورە دەكرێت؟ دیارە قسەکانیی محمد ئەمین زاریش هەر مەبەستی دیزەبەدەرخۆنەكردنە، دەنا بەرپرسیارانە باس لە ڕووداوەكانی ناو دراماكەی دەكات. ئینجا تاوانەكە بۆخۆی گەورەیە نەك كوردەكان گەورەیان كردبێت. بەڵام دیارە ئەگەر چیرۆکەکە ڕاست نەبوایە ئەویش نەیدەكردە بابەتێکی دراماكەی. چونکە فیلم دروستکردن بەرپرسیارێتییە.
ئەو بەڵگەنامە كۆپیەی دادگاش بەهەندی نەگرت، کاک شۆرشیش ئێستا دەڵێت تەزویرە بەڵگەیەكی تاك و تەنیا نییە، بەڵكو واقعێكی تاڵە، بۆیە دەتوانین زانیارییەكان لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانە وەك ڕاستی و دۆكیومێنت ببینین بە پاساوەكەی نوسەری دراماكەشەوە، چونکە دەنگ و باسی فرۆشتنی ژنانی كورد لە تاوانی ئەنفالدا بووەتە جێگەی باسی میسریەكانیش، هەروەك لە شەوی ٩/٨/٢٠١٢دا ژنە هونەرمەندی میسری (ئیعتیماد خورشید) كە لەسەروەختی جەمال عەبدولناسرەوە بە یەكێك لە كەسایەتییە نزیكەكانی دەزگای موخابەراتی میسری دادەنرێت، زانیاریی مەترسیداری لەسەر دەزگای موخابەرات و بەرپرسەكانی بڵاوكردەوە، بەتایبەتیش لەسەر (سەفوەت ئەلشەریف)ی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای سەردەمی حوسنی موبارەك، ئیعتماد خورشید لە بەرنامەیەكی كەناڵی (ئەلحەیات)دا بە ڕوونی باسی لە بردنی كچە ئەنفالكراوەكانی كورد كردووە بۆ وڵاتەكەی؛ كە موخابەراتی میسر و سەفوەت ئەلشەریف لە پشتییەوە بوون. ئیدی ئەوە بەڵگەیەكی گرنگە كە لەناو موخابەراتی میسرەوە هاتووە. کاتی خۆی کاک کاوە محەمەدیش بابەتێکی لە ڕۆژنامەی ئاوێنەی ڕۆژی ٧ی ئابی ٢٠١٣ و ماڵپەڕی ئاوێنە ١٠ی ئابی ٢٠١٣ بەشی بیروڕا لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی (ئیعتماد خورشید)ەوە، بڵاوكردووەتەوە.
گومان لەسەر بەڵگەنامەكە:
نوسراوەكەی موخابەراتی كەركوك لەلای هەندێك كەس و لایەن جێگەی گومانە، لە ڕاستیدا گومانكردن لە بەڵگەکە بۆ كەسانێك كە كاریان لەدۆسییەی ئەنفالدا كردووە ڕەوایە و بۆ هەندێكیش گومانەكە بووەتە خێر، بۆیە پاساوی بۆ دەهێننەوە و ڕەتیدەكەنەوە، چونكە نە ئەوسا و نە ئێستاش نەیانویستووە لەسەر ئەو دۆسیەیە بەرژەوەندیان لەگەڵ وڵاتی میسر و وڵاتانی عەرەبیدا بكەوێتە مەترسییەوە، یان هەر لە بنەڕەتەوە نایانەوێ بە وردی كار لە دۆسییەی ئەنفالدا بكرێت، بۆ ئەوەی كەمترین بەرپرسیارێتی بكەوێتە ئەستۆیان. لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتی عێراق و لایەنە عەرەبییەكان كە جگە لەوەی ئابڕووشكانێكی بۆ ئەوان تێدایە؛ قەرەبووكردنەوەشیان دەكەوێتە ئەستۆ. هەرچی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوردیشن، دەیانەوێ دۆسییەی ئەنفال نەبێتە مایەی سەرئێشە بۆیان و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە.
منیش بەگومانەوە تەماشای بەڵگەنامەكە دەكەم، بەڵام هەتا بلوێ بەرپرسیارانە مامەڵەم لەگەڵدا كردووە، زۆر بە وردی تەماشام کردووە و ماوەیەكی زۆر تێیڕاماوم و بەپێی توانای خۆم بەدواداچوونم كردووە و گەیشتوومە ئەو ئەنجامەی كە بەڵگەكە سەرباری ئەو گومانانەش هێشتا نزیكە لە ڕاستییەوە. گومانی من لە ڕێکەوت و شوێنی ڕووداو و شوێنی نیشتەجێی کەسەکان و ئەو قۆناغانەی ئەنفالە کە ئاماژەیان بۆکراوە، بێگومان ناساندنی كەسەكانیش جێگەی گومانە. لێرەدا ئاماژە بەهەندێک لە گومانەكانم دەكەم بەم شێوەیەی خوارەوە:
- نوسراوەكە هەموویانی بە كچ ناونووسكردووە، لە كاتێكدا هەموویان کچ نین، بەڵکو تیایاندایە دایكی سێ منداڵە و دوان لە کچەکانی ئەو دایکە ناویان لە نووسراوەکەدایە.
- تەمەنەكانیان گومان هەڵگرە، چونکە لە نووسراوەكەی موخابەراتدا دایکەکە بە ٢٩ ساڵ و کچە گەورەکەی بە ٢٠ ساڵ و کچە بچووکەکەی بە١٨ ساڵ نووسراوە، كەواتە دەبێ یان دایکەکە زۆر بە منداڵی هاوسەرگیریی كردبێت یان تەمەنیان بە ڕاستی نەنووسراوە.
- دوای لێکۆڵینەوە بۆم دەرکەوت کە ژنێکیان لەدایكبووی ساڵی ١٩٤٧ ــە، بەڵام لە بەڵگەنامەكەدا نووسراوە تەمەن: ٢٤ ساڵ.
- نووسراوەكەی موخابەرات ئاماژەی بە شوێنی گرتنیان كردووە و لە پەلامارەكانی ئەنفالی یەكەم و دووهەمدا گیراون، بەڵام ١٥ لەو ئافرەتانە خەڵكی گوندەكانی ناحێی (نەوجول)ن و سیانیشیان هێشتا كەسوكاریان نادیارە. ناحێی نەوجول دەكەوێتە ناو جوگرافیای پەلاماری سێی ئەنفالی گەرمیانەوە، نەك پەلاماری قۆناغی یەك و دووی ئەنفال؛ كە دۆڵی جافایەتی و ناوچەی قەرەداغ دەگرێتەوە.
- دادگای باڵای تاوانەكان لەسەر ئەو بنەمایە بەڵگەكەی بە ساختە ناوبردووە كە پیشانی ڕاوێژكاری سەربازی داون و ئەوان بریاریان لەسەر داوە، بەڵام ئەو نووسراوە لە لایەن موخابەراتی كەركوكەوە دەرچووە نەك لە لایەن یەكە سەربازییەكانەوە.
- نووسراوەكە باس لە بردنیان دەكات بۆ نادییە شەوانەكانی میسر، نەك باس لە ڕادەستكردنیان بە موخابەراتی میسر. ئایا موخابەراتی كەركوك یان گشتی لە توانایدا هەیە خەڵك بگەیەنێتە نادییە شەوانەكانی میسر؟
- هێشتا چاپی بنەڕەتی ئەو نووسراوە(بەڵگە)کە نادیارە، گوایە لای دكتۆرە زەكیە ئیسماعیل حەقی بووە و ئەویش داوێتییە دەست(پۆل بریمەر)ی حاكمی كاتی ئەوسای عێراق. بەدەر لە كۆپی نووسراوەکە هیچ بەڵگەیەكی دیکەی هاوشێوە بەردەست نەكەوتووە كە باس لە حاڵەتی دیکە بکات، بەڵام باس لە ئافرەتانی ئەنفالكراوی كورد دەكرێت لە وڵاتانی دیکەدا.
- کۆپی نووسراوەکە بە ڕەش و سپی (ڕەنگی مۆر)ی مۆرەكەی ون كردووە، هەتا بزانرێ بە مۆری موخابەراتە یان نا، وەك شارەزایان باسی دەكەن مۆری موخابەرات سوور بووە.
سەرباری هەموو ئەو گومانانەم هێشتا بڕوام وایە ئەم بەڵگەیە لە ڕاستییەوە نزیكە، چونكە دەزانم ئافرەتی ئەنفالكراو تەنانەت لەناو بنەكەكانی ئەمن و ئیستخبارات و لە نێوان شێخە عەشایەرەكانی عەرەبیشدا دابەشکراون. تەنانەت من بۆخۆم دۆسیەی بوونی (ژنی کوردم لە بەسرە) ڕادەستی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە، بەڵام نەچوون بەدەنگییەوە، بۆیە دڵنیام لەوەی ژنی کورد براون بۆ وڵاتانی دیکەی عەرەبی، بەڵام بردنیان بۆ نادییە شەوانەکان ناچێتە عەقڵەوە.
با دوا قسەشم هەر شایەتحاڵێکی گەرمیانی بێت، کە کەسایەتییەکی ناسراوە و قسەی بۆ جێگری سەرنووسەری ئەنفالستان (سمکۆ سابیر) کردووە و شایەتی هەیە کە لە وڵاتی میسر ژنی کوردی بینیوە و قسەشی لەگەڵدا کردوون، لە ئایندەیەکی نزیکدا کاک سمکۆش زانیاری لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
