هەسەدە: زانیارى فەرمیمان پێنەگەیشتوە ئەمەریکا لە ڕۆژئاوا بکشێتەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەسەدە ڕایدەگەیەنێت هیچ پلانێکیان لە هێزەکانی ئەمەریکا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێنەگەیشتووە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانیان بکات.
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "بێگومان داعش و هێزە زیانبەخشەکانی دیکە چاوەڕێی دەرفەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن بۆ چالاککردنەوە و گەیشتنیان بە دۆخی ساڵی 2014".
دەوڵەتی ئیسلامی کە بە داعش ناسراوە، لە لوتکەی دەسەڵاتەکانیدا لە ساڵی 2014، دسەڵاتی خۆی بەسەر ملیۆنان کەسدا سەپاند و بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و سوریای کرد.
کەناڵی ئێن بی سی نیوز رۆژی چوارشەممە بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پلانەکانی بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دادەڕێژێت.
ئەمەریکا هێزە کوردییەکان بە هاوپەیمانی سەرەکی لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەزانێت، بەڵام تورکیای دراوسێی سوریا ئەو هێزانە وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی نیشتمانی دەبینێت و هەوڵەکانی خستوەتەگڕ بۆ سەرکوتکردن و لە چەک داماڵینیان.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە واشنتۆن بڕیارێک سەبارەت بە سوریا سەبارەت بە بوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لەوێ دەدات، ئەمەش لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن میدیا ئیسرائیلییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا هێزەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە نازانێت کێ ئەو زانیاریانەی وتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارێک لەبارەی سوریاوە دەدەین"، بەبێ ئەوەی زیاتر ڕوونکردنەوە بدات.
ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ لە خولی یەکەمی خۆیدا هەوڵی کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە سوریای دابوو، ئەمەش وایکرد جیم ماتیس، وەزیری بەرگری پێشووی سوریا دەستلەکارکێشایەوە.