ئەحمەد شەرع بانگهێشتى فەرەنسا کرا

4 مانگ لەمەوپێش
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، ڕایگەیاند: ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتى سووریا بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەى سەردانی فەرەنسا بکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا.
لە بەیاننامەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرۆکایەتی کۆماری کاتى سوریا بڵاویکردەوە، ماکرۆن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر هەوڵەکانی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا و ڕەخساندنی بوار بۆ گەشەکردن و بوژانەوەی.
هەر لەو پەیوەندیەدا ئەو دوو سەرۆکە، باسیان لە ئاستەنگە ئەمنییەکان لە سوریا کردووە و پێکەوە گفتوگۆیان کردوە چۆن کاربکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
بەپێى بەیاننامەکە، شەرع جەختی لەوە کردووەتەوە کە سوریا "بەشێکی ئەرێنی و کارا دەبێت لە ناوچەکە و جیهان، هەروەها گرنگی دەداتە سەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کە نوێنەرایەتی لە سەقامگیری و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریادا دەکرێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا دوو سەردانى بۆ دەرەوەى وڵاتەکەى ئەنجامداوە.
لەسەردانى یەکەمدا چووە وڵاتى سعودیەو لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە کۆبوویەوە، لە دووەم سەردانی فەرمی بۆ دەرەوەی وڵات گەشتە ئەنقەرە و لە کۆشکی کۆماریی، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە.
