پەرلەمانتارێک: ئەنجوومەنی دادوەری ناتوانێت ڕێگری لە بڕیارەكانی دادگا بكات

2 ڕۆژ لەمەوپێش



ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، بەپێی دەستوور بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی پابەندكەرن و جەختیش دەكاتەوە كە ئەنجوومەنی دادوەری، ناتوانێت رێگری لە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بكات. 
دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: تێبینییەكانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی دادگەی فیدراڵی یاسایی و دروستن، بەتایبەتی كە ئەم یاسایانە نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە تاوەكو رابگیرێن، بەڵام دەستوور مافی بە دادگەی فیدراڵی داوە كە فەرمانسالاری بۆ یاساكان دەربكات.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشى: لەم دۆخەی ئێستاشدا هەمووان ناچارن پابەند بن بە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بە ئەنجوومەنی دادوەریشەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتریش دادگەی فیدراڵی چەند جارێك فەرمانسالاری بۆ بڕیار و یاساكان دەركردووە، سەرجەم فەرمانسالارییەكانیشی پاڵپشتیی دەستوورییان هەبووە و جێبەجێ كراون.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ئەم فەرمانسالارییەشی بۆ سێ یاساكە، بە هەمان شێوە دەستوورییە و هەمووان پابەند دەكات ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی وتووە،ئەنجوومەنی دادوەری ناتوانێت رێگری لە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بكات.

4ـی ئەم مانگە دادگەی فیدڕاڵی عێراق فەرمانێکی سالاری دەرکرد و بەشێوەیەکی کاتی کارکردنی بە هەرسێ یاسای گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان و باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی ڕاگرت، تا ئەو کاتەی ئەو سکاڵایانەی لەبارەیانەوە تۆمارکراون لەلایەن دادگاکەوە یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لەسەر فەرمانە وەلائییەکەی دادگەی فیدراڵی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کاتییە و پابەندکەر نییە چونکە مەرجى دەرکردنى ئەو بڕیارەى تێدا نەبووە.
دادگەی فیدڕاڵی لەڕاگەیێنراوێکدا وەڵامی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانە سالارییەکە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 94 ـی دەستوور، کۆتایی و پابەندکەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان و نابێت بەهیچ شێوەیەک پێشێل بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار