پەرلەمانتاران: قبووڵی ناکەین هیچ هاوڵاتییەکی عێراق لە زاخۆ تا فاو برسیبێت

18 كاتژمێر لەمەوپێش



شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی چادری مانگرتوانیان لە سلێمانی کرد و ڕایانگەیاند، لە یاسای بودجەدا بە تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران چارەسەری کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەران کراوە.
ماوەی ١١ ڕۆژە بەشێکی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە هۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان، نەگەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە و تەوتینکردنی مووچەکانیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، ئەمڕۆش ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق سەردانی چادری مانگرتووانیان کرد.
شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتبوو لە (یوسف کیلابی، عەلی ساعدی، عەلا حەیدەری، سروە عەبدولواحید، زکرا عەمار، سەلام عادل، حسێن موئەنەس، بڕیار ڕەشید، هەرێم کەمال ئاغا، کەریم شکور، دارا سێکانیان، کاروان یاروەیس، نەرمین مەعرووف، سۆران عومەر)

پاش پرسیارکردن لە بارودۆخی تەندرووستی مانگرتووان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، یوسف کیلابی، پەرلەمانتاری عێراق وتی: داواکارییەکانیان دەبەینە بەغدا دەیگەیەنینە پەرلەمان و حکومەتی ناوەند و لە پەرلەماندا دەیخەینە بەرباس، لیژنەیەک درووست دەکەین، بۆ چاودێریی کردنی لیژنە هونەریی حکومەتی هەرێم و بەغدا، دواتر دەرئەنجامەکەی دەخەینەڕوو کە کێ هۆکاری ئەم کێشانەیە و بەهیچ شێوازێک قەبووڵ ناکەین هیچ هاوڵاتییەکی عێراق لە زاخۆ تا فاو برسی بکرێت.
دواتر عەلی سەعدی، داواکاریی مانگرتووان داواکارییەکی ڕەوایە و مافی خۆیانە، هەندێک بڕیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت دەرچووە و تەنها جێبەجێکردنی ماوە.
هاوکات حسێن موئەنەس، پەرلەمانتار وتی: نابێت مووچەی فەرمانبەران ببێتە کارتی فشار لەنێوان هەردوو حکومەت، لە یاسای بودجەدا چارەسەری ئەم کێشەیەمان کردووە کە تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی رایگەیاند، دوای گوێگرتن لە داوای مانگرتوان بەوردی و وەرگرتنی داواکاریەکانیان، شاندەکەی پەرلەمان داواکارییەکان دەگەیەننە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و دادگای ئیتحادی و لیژنەیەکی پەرلەمانی دروست دەکرێ بۆ جێبەچئ کردنی داواکارییەکان و لیژنەکە دەبێتە پارێزەری مانگرتوان لە بەغداد.
ئاماژەی بەوەکردووە، شاندەکەی پەرلەمان تکای لە مانگرتوان کرد لەبەر تەندروستیان و ژیانیان مانگرتنەکە بشکێنن و داواکای و پەیامی رەوایان گەیشتوە بەهەموو ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار