وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی 4 وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

2 مانگ لەمەوپێش



مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی دوودا گەشت بۆ چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئەمەریکا خاوەندارێتی غەززە بکات و فەلەستینییەکان بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕوبیۆ لە 13-18 ی مانگی دوودا دەچێت بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ و لەوێیەوە دەچێتە ئیسڕائیل و ئیماڕات و قەتەڕ و سعودیە.
ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممەى پێشوو وتی فەلەستینییەکانی غەززە دەبێت بۆ ماوەیەکی "کاتی" غەززە جێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدا کە دوای جەنگەکە غەززە دووبارە ئاوەدان دەکرێتەوە.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی ڕوبیۆ لە ماوەی گەشتەکەیدا باس لە غەززە و لێکەوتەکانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەکات و هەروەها هەوڵی جەختکردنەوە دەدات لە هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی لە ناوچەکەدا.
بەرپرسەکە وتی: دۆخە هەنووکەییەکە ناکرێت بەردەوام بێت، وەکو شوشتن و پاککردنەوە و دووبارەکردنەوە وایە. ئاشنا دەبیت بە دۆخەکە و هەست دەکەیت کە ئەمە ژیانەکەیە و هەر ئەمەی لێ چاوەڕێ دەکرێت. سەرۆک ترامپ و مارکۆ ڕوبیۆ لەو باوەڕەدان کە ئەمە نابێت بەوشێوەیە بێت، باوەڕییان وایە کە شتەکان دەکرێت بگۆڕدرێن.

لە 25 ی مانگی یەکەوە سەرۆک ترامپ چەند جارێک پێشنیاری ئەوەی کردووە کە فەلەستینییەکانی غەززە دەبێت لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکەوە وەربگیرێن، لەوانە میسڕ و ئوردن، وڵاتانی عەرەبی و فەلەستینییەکانیش ئەو بیرۆکەیەیان ڕەت کردووەتەوە.
جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە لە ئێستادا لە ڕێی ئاگربەستێکی ناجێگیرەوە ڕاگیراوە، بە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد کە تێیدا هەزار و دوسەد کەس کوژران و سەروی دوسەد کەسیش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار